عەبادی بەكارتی سوری مەرجەعیەت دەكرێتە دەرەوە
2018-06-12 13:50:36
(درەو میدیا):
هەوڵەكانی دەستنیشانكردنەوەی حەیدەر عەبادی بۆ خولی دووەمی پۆستی سەرۆك وەزیران ڕوبەڕوی بەربەستی مەرجەعیەت دەبێتەوەو، كەسایەتیەكی شیعەی نزیك لە لایەنەكان، زۆرترین چانسی هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
سایتی (غەد پرێس) لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، ئەو سازانەی كە بەمدواییە لەنێوان نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح سەبارەت بەدووبارە كاندیدكردنەوەی حەیدەر عەبادی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق هاتوەتە ئاراوە، ڕوبەڕوی ڤیتۆی مەرجەعەیەتی باڵای شیعەكان بوەتەوە.
سەرچاوەكە ئاشكرایكردووە، كاندیدكردنەوەی عەبادی لەلایەن مالیكی و عامرییەوە بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی دوای ئەوە هاتوە كە عەبادی ڕەتیكردوەتەوە بچێتە ناو هاوپەیمانییەكەی موقتەدا سەدر و چوەتە پاڵ بەرەی دەوڵەتی یاسا و فەتح، دوابەدوای ئەو هەنگاوەش چەند لایەنێكی سیاسی و كەسایەتی ئاینی بە نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسایان ڕاگەیاندووە، مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان لە نەجەف ڤیتۆی هەیە لەسەر دەستبەكاربونەوەی حەیدەر عەبادی بۆ خولی دووەمی سەرۆك وەزیرانی عێراق.
سەرچاوەكە باسی لەوەكردووە، چانسی عەبادی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران لاوازە و عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان لاری نیە لە گۆڕینی عەبادی بە كەسایەتییەكی شیعە، كە هاوڕێی و پەسەندكراوی لایەنەكانی ناوخۆی عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ بێت.
پێشترو لە مانگی ئابی ساڵی 2015دا، مەرجەعی باڵای شیعەكان داوای لە حەیدەر عەبادی كردبوو، ئازایانەتر بەردەوام بێت لە هەنگاوەكانی چاكسازی.