ترەمپ: مانۆڕە سەربازییەكانمان لەگەڵ كۆریای باشوور رادەگرین
2018-06-12 12:31:38
(درەو میدیا):
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند ئەو مانۆڕە سەربازییانە رادەگرێت كە ئەمریكا لەگەڵ كۆریای باشوور ئەنجامیاندەدات و ئەوەش پارەی زۆریان بۆ دەگەڕێنێتەوە.
دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكور، ترەمپ لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە سەنگاپورە رایگەیاند گفتوگۆكانی لەگەڵ كیم راستەوخۆ و پاك بووە واشنتۆن ئامادەیە مێژوویەكی نوێ لەگەڵ پیۆنگ یانگ دەستپێ بكات.
ترەمپ سوپاسی سەرۆكی كۆریای باكوریشی كرد بۆ ئەو نانی هنگاوی یەكەمی بە ئاراستەی داهاتوویەكی پرشنگدار بۆ گەلەكەی و وتی :" گۆڕانكارییەكی راستەقینە دەكرێت بێتەدی."
سەرۆكی ئەمریكا ئاشكراشیكرد لە كاتێكی گونجاودا كیم جۆن ئون بانگهێشتی كۆشكی سپی دەكات و خۆشی ئامادەیە سەردانی پیۆنگ یانگ بكات.
سەرۆكی ئەمریكا لە بەشێكی تری كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەدا جەختیكردەوە كە سزاكانی سەر كۆریای باكور ئێستا وەك خۆیان دەمێننەوە، بەڵام وتیشی:" هەركاتێك دڵنیابووینەوە كە چەكە ئەتۆمییەكانی نەماون هەڵیاندەگرین."