سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری لەگەڵ دادوەرەكانی كۆمسیۆن كۆدەبێتەوە
2018-06-12 11:50:58
(درەو میدیا):
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق جەخت لەسەر جێبەجێكردنی یاسای هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات بەشێوەیەكی پیشەییانە.
فایەق زەیدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لەگەڵ ئەو دادوەرانە كۆبوەوە كە راسپێردراون لە شوێنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و بەڕێوەبەری ئۆفێسەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگاكان دانراون.
عەبدولستار بەیرەقدار وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لەگەڵ دادوەرەكاندا گفتوگۆی كردووە لەبارەی میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە45ی ساڵی 2013ی هەمواركراو.
بەیرەقدار ئاماژەی بەوەدەكات، لە كۆبونەوەكەدا جەختكراوە لەسەر ئەوەی دەبێت هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەشێوەیەكی پیشەییانە و شەفاف جێبەجێ بكرێت بەجۆرێك دادپەروەری و دڵنیایی بۆ هەموو عێراقییەكان بەدی بهێنێت.
هاوكات دادوەر مدحەت مەحمود سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، كە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند داواكارییەكی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە بەدەست گەیشتووە بۆ راگرتنی كاركردن بە یاسای هەڵبژاردنەكان كە بەمدواییە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندكرا.
مدحەت مەحمود لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتیشی:" كۆمسیۆن داوایكردووە بە پەلە فەرمانێك دەربكەین بۆ راگرتنی كاركردن لە هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان، واتە راگرتنی كاری ئەو نۆ دادوەرەی لە كۆمسیۆن دەستبەكاربوون، تا ئەو كاتەی دادگای فیدراڵی دەستوریی و نادەستوریی ئەو یاسایە یەكلادەكاتەوە."
روونیشیكردەوە دادگای فیدراڵی بە گوێرەی یاسا ئەو رێوشوێنە یاساییانە دەگرێتەبەر بۆ یەكلایكردنەوەی خێرای ئەو تانەیە."
بەپێی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن كە رۆژی 6ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق پەسەندیكرد، دەبێت دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری عێراق جارێكی تر بەشێوەی دەستیی ئەژماربكرێنەوە، سەرباری ئەوەش ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان هەڵوەشێندراوەتەوە.
ئامادەكارییەكانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە كاتێكدایە كۆمسیۆن لە دادگای فیدراڵی لەدژی پەسەندكردنی یاسای هەمواری سێیەمی هەڵبژاردن سكاڵای لەسەر پەرلەمان تۆماركردووە و ئێستا چاوەڕوانی قسەی كۆتایی دادگای فیدراڵی دەكرێت لەوبارەیەوە.