كۆگانی كۆمسیۆن سوتان یان سوتێنران؟
2018-06-11 13:10:19
ئارام مەحمود
دوای چەند كاتژمێرێك لە بڕیارەكەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بەسەرپەرشتیكردنی كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و دیاریكردنی دادوەر بۆ دەستكردن بە پرۆسەی جیاكردنەوە و بژاردنەوەی دەنگەكان بەدەست لەسەرانسەری عێراق، هەواڵی سوتانی سندوقەكانی دەنگدان لە كۆگای ڕەسافەی شاری بەغداد بڵاوبوەوە، كە بە بۆچونی بەشێك لە چاودێران، قەیرانی سیاسی لە عێراق بردە قۆناغێكی نوێ لە ململانێ و قوڵبوونەوەی زیاتری ناكۆكییەكان.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامەی عەرەبی ئەلجەدید بڵاویكردوەتەوە، لە ڕوداوی ئاگركەوتنەوەكەدا بەشێكی زۆری سندوقەكانی دەنگدان و كارتی دەنگدەرانی ناوچەی رەسافە و ناوچەكانی خۆرهەڵاتی بەغداد و دەنگدانی تایبەت و زیندانیان و نەخۆشخانەكان و ئاوارەكان سوتاون، وێڕایی ئامێرە ئەلەكترۆنییەكانی دەنگدان، كە ئەمەش ئەركی دادگای بۆ لێكۆڵینەوە لە ساختەكارییەكانی هەڵبژاردن لە بەغداد ئەستەم كردوە.
بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، ژمارەیەكی زۆر لەسندوقەكانی دەنگدان سوتاون و لەم كاتەدا نازانرێت بەژمارە چەندن، لەهەمان كاتدا كەمنین ئەو سندوقانەی كە لەلایەن هێزەكانی بەرگری ناوخۆ و هاوڵاتیانەوە ڕێگە لە سوتانیان گیراوە، جگە لەوەی بەشێك لەو سندوقانەشی نەسوتاون بەهۆكاری تەڕبونیانەوە خراپ بوون و كەڵكیان كەماوە.
بە وتەی ئەو بەرپرسە، پاسەوانەكانی ئەو كۆگایانە دیارنەماون و ئێستا بەدوایاندا دەگەڕێن، ئەوەشی ئاشكراكردوە، بەكارهێنانی توندوتیژی بە دەرگاكانی دەرەوەی كۆگانەوە دیارە و بەڕوونی دەبینرێت كە بەچەكوشی ئاسن یان ئامێری تر شكێنراون و ئاگرەكەش بەدەستی ئەنقەست كراوەتەوە.
محەمەد ڕوبەیعی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد ڕایگەیاندوە، تەواوی سندوقەكانی بەرەی ڕسافە سوتاون، بەوتەی چەند سەرچاوەیەكیش ئەو كۆگایانەی سوتاون زیاتر لە 3 ملیۆن كارتی دەنگدانیان تێدابووە.
هەر لەو بارەیەوە عادل نوری ئەندامی لیژنەی لێكۆڵینەوەی پەرلەمانی عێراق تایبەت بەلێكۆڵینەوە لە یاریكردن بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ڕایگەیاندوە، ئاگرەكە بەدەستی ئەنقەست كراوەتەوە و بكەرەكەشی كەسانێكن لەناو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، وتوشیەتی، تاوانباران و ساختەكاران ئاسەواری تانەوانەكەیان سوتاندوە، تاوانی تەزویركردن، لەبەر ئەوەی ئێمە ئەزانین و پێش ئێمەش خودا دەزانێت كە ئەنجامەكان ناواقیعین و ساختەكراون، بۆیە سندوقەكانی دەنگدانیان سوتاندوە.
كازم شەممەری سەركردە لە ئیئتیلافی نیشتمانی ئەیاد عەلاوی لەبارەی ئەو ڕوداوەوە دەڵێت، سندوقەكان نەسوتێنران تا ئەو كاتەی بڕیاردرا دەنگەكان بەدەست بژمێررێنەوە و دوای چەند كاتژمێرێك لە ڕێوشوێنەكانی ئەنجومەنی دادوەریی، كە بەڕای ناوبراو، ئەوەش بەڵگەیە بۆئەوەی كە یاریەكی مەترسیدار بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كراوە و پێویستە سەرۆك وەزیران بەجدی مامەڵە لەگەڵ ئەم پێشهاتە مەترسیدارە بكات.
هەر لەچوارچێوەی كاردانەوەكان، زانا ڕۆستایی ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندوە، دادگا دەسەڵاتی ڕەتكردنەوەی ئەو سندوقانەی هەیە كە سوتان یان تەواوی ئەنجامەكانی ئەو پارێزگایە ڕەتبكاتەوە، ڕۆستایی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژە بەوەدەكات، دوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن، پەرلەمانی عێراق لەبەردەم بژاردەیەكی نوێدایە، ئەویش دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی و ئەنجامدانەوەی لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاكاندا.