كێ لەگەڵ ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانە و كێ دژە ؟
2018-06-11 11:12:49
(درەو میدیا):
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە ژمارەی ئەمڕۆ ناوی ئەو حزب و لایەنانەی بڵاوكردەوە كە دژی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانن لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە پشتیوانی لێدەكەن.
ئەم كوتلە و لایەنە سیاسییانە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی 12ی ئایاری عێراقیان لا پەسەندە و دژی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و هێشتنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمانن بە كراوەیی، لە زۆربەی دانیشتنەكانی پەرلەماندا ئەندامەكانیان ئامادە نەبوون:
یەكەم: سائرون- موقتەدا سەدر رێبەرایەتی دەكات
دووەم: رەوتی حیكمەی نیشتمانی- عەممار حەكیم سەرۆكایەتی دەكات
سێیەم: فەتح- بەتایبەتی (عصائب اهل الحق) كە قەیس خەزعەلی سەرۆكایەتی دەكات
چوارەم: پارتى دیموكراتی كوردستان- مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات
پێنجەم: یەكێتی نیشتمانی كوردستان
شەشەم: هاوپەیمانی بەغداد- جەمال كەربولی سەرۆكایەتی دەكات
لە بەرامبەردا ئەم كوتلە و لایەنە سیاسییانە ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایار رەتدەكەنەوە و پشتیوانیان كرد لە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن و داوادەكەن دەنگەكان بەشێوەی دەستیی ئەژماربكرێنەوە:
یەكەم: ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا- نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات
دووەم: ئیئتیلافی نیشتیمانی- ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتی دەكات، سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كە بەشێكە لەم ئیئتیلافە و بە جیاوازی 76 دەنگ دەرنەچوو بۆ ویلایەتی دووەمی پەرلەمان، سەلیم جبوری و كوتلەكەی رۆڵی سەرەكییان هەبوو لە تەواوكردنی نیسابی یاسایی پەرلەمان بۆ هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن
سێیەم: هاوپەیمانی بڕیار- ئوسامە نوجێفی سەرۆكایەتی دەكات
چوارەم: بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی
هاوپەیمانی (سەركەوتن- النصر) كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران سەرۆكایەتی دەكات، لەنێوان هەردوو بەرەكەدا راوەستاوە و هەڵوێستی خۆی لە بارەی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان یاخود پەسەندكردنی ئەنجامەكە وەكو خۆی یەكلانەكردوەتەوە.