یەكێتی بڕیار دەدات (بایكۆت یان دەوام)
2022-12-08 20:15:17
(درەو):
یەكێتی بڕیاریداوە وەزیرو بەرپرسەكانی بەشداری كۆبوونەوەو مەراسیمە فەرمییەكان نەكەن، هێشتا پرسی دەوام نەكردن و بایكۆت یەكلا نەكراوەتەوە، یەكشەممە یەكێتی بڕیاری كۆتایی دەدات.
بڕیاری خانەنشینكردنی سەركەوت حەسەن، و فشاری بەشێك لە بەرپرسانی پارتی لەناو حكومەت، بەرپرسانی یەكێتی تۆڕەو نیگەران كردووە، تیمی یەكێتی بڕیار دەدات بەشداری كۆبوونەوەكانی حكومەت نەكات.
(درەو) لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی قسەی كرد، ئەوان رایانگەیاند: یەكێتی لەسەرەتای مانگی رابردووەوە بەرەسمی نامەی دیاریكردنی سەركەوت حەسەن (سەركەوتی كوبە)ی پێشكەركردووە لەشوێنی چەتۆ ساڵح، بەڵام وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبری رەزامەندی، بڕیاری خانەنشینكردنی بۆ سەركەوت حەسەن دەكرد، یەكێتی بڕیارەكە بە نایاسایی دەزانیت، چونكە پێیوایه دەبێت مەرسومی هەرێمی دەرچوێندرێت بۆ خانەنشینكردنی. لەگەڵ هەندێك بڕیاری تر كە تیمی پارتی لە یەك دوو رۆژی رابردوو داویەتی و بەرپرسانی یەكێتی تۆڕەكردووهو تا ئهو رادهی بڕیاریانداوه بەشداری هیچ كۆبوونەوەو مەراسیمێكی فەرمی ناكەن، بەڵام هێشتا بڕیاری كۆتایی ئەوە نەدراوە وەزیر و بەرپرسانی یەكێتی بایكۆتی تەواوەتی بكەن و نەچنەوە دەوام.
ئەو بەرپرسانەی یەكێتی ئاماژەیان بەوە كرد" یەكێتی چاوەڕێی دەكرد تیمی پارتی دۆخەكە ئارام بكاتەوەو كەشێك بڕەخسێنێت نزیكبوونەوە درووست بێت و بەشێك لە گلەییەكانی یەكێتی چارەسەر بكات، بەڵام فشارەكانی لەسەر یەكێتی توندتر كردووەتەوە، ئەمەش ئەوەندەی تر تیمی یەكێتی توڕە دەكات".
(درەو) زانیویەتی هەوڵێ گفتوگۆو نێوەندگیری هەبووە لەنێوان یەكێتی و پارتی، بەتایبەت لە گۆڕینی هەندێك وەزیرو بەرپرس لەڕێگەی پەرلەمانەوە، بەدیاریكراوی پڕكردنەوەی شوێنی (پشتیوان سادق)و (خالید شوانی)، هەروەها یەكێتی دەیویست لەو پرۆسەیەدا دەستلەكاركێشانەوەی (شۆڕش ئیسماعیل)ی وهزیری پێشمهرگه لەگەڵ وەزیرەكەی پارتی و هێمن هەورامی جێگری سهرۆكی پهرلهماندا تێپەڕێنێت، بەڵام خانەنشینیەكەی سەركەوت حەسەن دۆخەكەی توندتر كردووە.
چاوەڕوان دەكرێت یەكشەممە بڕیاری كۆتایی بدرێت، ئەگەر پارتی نەرمی بنوێتێت، ئەوا وەزیرو بەرپرسانی یەكێتی دەوامی ئاسایی خۆیان دەستپێدهكهنهوهو پرسی گۆڕینی وەزیرەكانیش لە پەرلەمان جێبەجێ دەكرێت، خۆ ئەگەر پارتی نیگەرانییەكانی یەكێتی نەڕەوێنێتەوە، ئەوا چاوەڕوان دەكرێت بەتەواوی وەزیرەكانی یەكێتی بایكۆتی حكومەت بكەن و پەرلەمانیش كارەكانی هەڵپەسێریت و كۆبونەوەی تایبەت بە گۆڕین و متمانەدان بە شوێنگرەوەكانیان نەكات.
ماوەی نزیكەی دوو مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان بەشداری كۆبوونەوە فەرمییەكانی حكومەت ناكات، تا ئێستا مەسرور بارزانی هیچ هەڵوێست و قسەیەكی نەكردووە لەسەر بەشدارینەكردن و نیگەرانییەكانی كەسی دووەمی كابینەكەی.