Draw Media

غازی سروشتی ؛ جۆرەكانی ،سوودەكانی ، مەترسیەكانی

غازی سروشتی ؛ جۆرەكانی ،سوودەكانی ، مەترسیەكانی

2022-12-04 13:21:37


درەو:
ئامادەكردنی: نەوزادی موهەندیس

بەشی پێنجەم

•    ئاشكرایە غازی سروشتی لە ئێستادا لەدوای نەوتی خاوەوە بۆتە سەرچاوەی دووەم و گرنگ و كاریگەری وزەی سەردەم و بۆ ئایندەش پێشبینی دەكرێت جێگەی نەوتی خاو بگرێتەوە لەبەر سیفاتە باشەكان و كەمی تێچوونی و هاوڕێی ژینگەیی و ...هتد.هەربۆیە گرنگی دان بەم سەرچاوەی وزەیە كار و ئەركێكی  لە پێشی هەموو ئەو دەوڵەت و دەسەڵاتانەیە كە خاوەنی بڕە یەدەگێكی گەورەن لەم سەرچاوەیە،بە باشترین و زانستیتیرن شێواز.چونكە لەلایەك سەرچاوەی داهاتێكی گەورە و دەوڵەمەندە و لەلایەكیش تەكنەلۆجیایەكی هەستیار و مەترسیداریشە.جا بۆ گرنگی غازی سروشتی باس لە جۆرە جیاوازەكانی و سوود و مەترسیەكانیان دەكەین.

1.    غازی سروشتی شلكراوەLiquified Natural Gas LNG .    : بریتیە لە تێكەڵەیەك كە زۆرینەی لە غازی میپان پێكدێت و كەمێكیش لە غازی ئیپان،دەتوانرێت شلبكرێتەوە بەهۆی پەستان و ساردكردنەوە،بەمەیببەستی ئاسانكردنی هەڵگرتن و گكواستنەوەی.
2.    شلەكانی غازی سروشتی Natural Gas Liquids NGL  :  پێكدێت لە غازەكانی ئیپان Ethane و پڕۆپان Propane و بیوتان butane و پێكعههاتەی قورسی تر.
3.    غازی پتڕۆڵی شلكراوە  Liquidand Petroleum Gas   :   كە بەغازی ماڵانیش ناسراوە كە یەكێكە لە بەرهەمەكانی پاڵاوتنی نەوتی خاو لە پاڵاوگەكان كە بریتیە لە تێكەڵەیەك لەهەردوو غازی پڕۆپان Propane و بیوتان Butane .. 
4.    غازی سروشتی پەستێنراو Compressed Natural Gas CNG .
5.    سووتەمەنی غازی گۆڕدراو بۆ شلConverted Gas to Liquid Fuels GTL .


•    لەخوارەوە باس لە سێ‌ جۆریان دەكەین بە دووروودرێژی :

1.    غازی سروشتی شلكراوە  بە ئینگلیزی liquefied natural gas   یان LNG

بریتیە لە غازی سروشتی و كرداری چارەسەری بۆ كراوە و شلكراوەتەوە بە ساردكردنەوە.
غازی سروشتی دەردەهێنرێت لە كێڵگە نەوتیەكان و دواتر لە ڕێگەی بۆری تایبەتەوە دەگوێزرێتەوە بۆ دامەزراوە و یەكە چارەسەریەكان كە كرداری چارەسەری زیاتری بۆ دەكرێت وەك ساردكردنەوە و شلكردنەوەی غازەكە لە ژێر دۆخی كەشوهەوادا.
•    پێشەكیەكی مێژوویی:
•    بیرۆكەی شلكردنەوەی غاز لەساڵی 1914 دەستیپێكرد لە ئەمریكا.
•    لەساڵی 1917دا بۆ یەكەم جار بەریتانیا هەستا بەكاری بازرگانی  لە غازدا.
•    بەڵام لەساڵی 1961 دا بەریتانیا گرێبەستێكی 15ساڵەی لەگەڵ جەزائیردا واژۆكرد بۆ پێدانی سەرەتایی بەنزیكەی 1 ملیۆن تەن لە غازی سروشتی شلكراوە ساڵانە.
•    دوای ئەوە كرداری غازی شل لە جیهاندا بڵاوبۆوە بە هێواشی تا ئێستا 40 بەندەر هەیە بۆ غازی شلكراوە.
•    سیفاتەكانی غازی شلكراوە:
1.    بەشێوەی شل دەپارێزرێت لە پلەی گەرمی 161.5 پلەی سەدی ژێر سفرەوە و لە ژێر پەستانی هەواییدا.
2.    چڕییەكەی نزیكەی 440كگم/م3(( كەمترە لە نیوەی چڕی ئاو)) كاتێك شل بێت.كاتێك دەبێتە غاز و قەبارەكەی گەورە دەبێت بەنزیكەی 600جار لە دۆخە شلیەكەی.
3.    تامی نیە ،ڕەنگی نیە،بۆنی نیە.لەكاتی چوونە ناو هەوای دەوروبەرەوە دەتوانرێت هەستی پێبكرێت لەڕێگەی هەورەوە یان هەوری دروستبوو لە چواردەوری جێگەی لێچوونەكە بەهۆی هەڵمژینی بۆ گەرمای  دەوروبەر و دواتر هەڵمی ئاو چڕدەبێتەوە لە هەوادا لەسەر شێوەی هەور.
4.    ژەهراوی نیە بەڵام دەبێتە هۆی خنكاندن.
5.    دەبێتە هۆی تێكچوونی كانزاكان،پلاستیك،مەتات و هەر كەرەسەیەكی نەرم یان لەدن لە دۆخی ئاساییدا بۆ ئەوەی وەكو شووشەیەكی شكاوی لێبێت.
6.    دەبێتە هۆی برینی سارد پێی دەوترێت((پێوەدانی سارد))ئەگەر بەر لەش كەوت لە ئەنجامی جیاوازی گەورەی لەگەڵ پلەی گەرما لەش و غازەكەدا.
7.    دەبێتە هۆی تەقینەوەی سارد(( سووتانی تیادا نیە)) لەكاتی تێكەڵكردنی ئاو و پێی دەوترێت دیاردەی قۆناغی گواستنەوەی خێرا.
8.    وزەی سووتاندنی نزیكەی 49 مێگاجول/كگم كە زۆر خاوێنە بەبەراوورد بە توخمە سووتێنەرەكانی تری نەوتیەوە وەك دیزڵ و بەنزین.
9.     غازی میپان بە پێكهێنەری سەرەكی دادەنرێت.
•    بۆچی غاز شلكردەكرێتەوە؟
هەندێك كەس پێیانوایە كاتێك غاز شلدەكرێتەوە بۆ ئەوەی وەك سووتەمەنی بەكاربێت،بەڵام ئەوە هەڵەیە.غاز شلدەكرێتەوە تەنها بۆ ئەوەی بتوانرێت بە ئاسانی بگوازرێتەوە،چونكە گواستنەوەی غازی شلكراوە لەڕێگەی دەریا و زەریاكانەوە زۆر كەمتری تێدەچێت وەك لە گواستنەوەی لەدۆخی غازیدا.ئەمەش لەبەرئەوەی غازی شلكراوە ((میپان))قەبارەكی كەمتر دەگرێت كە 600جار كەمترە وەك لە قەبارە غازیەكەی.جا بۆئەوەی قەبارەكەی بچووكبكرێتەوە لە تانكیەكاندا ئەوا پێویستە پەستانێكی گەورەی بخرێتە سەر و بۆ ئەمەش پێویستە دیواری تانكیەكان زۆر ئەستوور بن بۆ بەرگەگرتنی ئەو پەستانە بەرزە و ئەمەش قورساییەكی گەورە دەخاتە سەر پاپۆڕەكان.بەڵام غازی شلكراوە لەگەڵ ئەوەی چڕییەكەی زۆر زیاترە لە چڕی غازی سروشتی بەڵام هێشتا چڕییەكەی كەمتر دەبێت لە چڕی پۆڵا كە بەكاردێت لە دروستكردنی تانكیەكاندا لە ژێر پەستانی هەوادا.

•    پڕۆسەی  چارەسەری و شلكردنەوەی غازی سروشتی
غازی سروشتی لە كێڵگەكانەوە دەردەهێنرێت كرداری گواستنەوەی غازی سروشتی لەكێڵگەوە ئەنجامدەدرێت و  وە دەگوازرێتەوە و دواتر پڕۆسەی چارەسەریەكانی بۆ دەكرێت لەڕێگەی بەكورتی:
1.    لابردنی توخمە جیاوازەكانی تر : كە زیاندەگەیەنن بە دامەزراوە و ژینگەی دەوروبەریش.وەكو لابردنی جیوە ((كە دەبێتە هۆی داخوران و فەوتانی بۆری و كەلوپەلی دروستكراو لە ئەلەمنیۆم)) و كبریتیدی هایدرۆجین(( كە غازێكی ژەهراویە و قەدەغەكراوە لە جیهاندا و دەبێتە هۆی بارینی ترشە بارانی زیانبەخش)) ولابردنی (( ڕۆنە نەوتیەكان و ئاو و توخمە هایدرۆكاربۆنیە چڕبوەكان وغازەكان و لابردنی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن CO2)) چونكە هەموو ئەو توخمانە دەبنە هۆی گرتنی بۆریەكان  بەهۆی ڕەقبونیانەوە لەپلەی گەرمای نزمدا و پێش شلكردنەوەی غازەكە.
2.    دواتر كرداری ساردكردنەوە : بەچەند قۆناغێك ئەنجام دەدرێت.كە بریتیە لە لابردنی غازەكانی تر كە تیایدا بەپێی پلەی كوڵاندنیان  وەكو غازی میپان و ئیپان و پڕۆپان و بیوتان و هەندێكیان بۆ كرداری ساردكردنەوە بەكاردێن یان وەكو سووتەمەنی لە دامەزراوەكەدا.غازی پێنتان و ئەوانی دوای ئەو غازی قورسن و پێویستە جیابكرێنەوە بۆئەوەی نەبنە هۆكاری بەستن و گیران.غازەكە دەبێتە غازی پەستێنراو لە ژێر پلەی گەرمی نزیكەی 36 پلە لە ژێر سفرەوە.دواتر قۆناغی دووەم دەستپێدەكات  و زیاتر و زیاتر سارددەكرێتەوە و تادەگاتە پلەی 150پلەی سەدی ژێر سفر.
3.    كرداری  شلكردنەوە: دوای ئەوەی كە پلەی گەرمای غازەكەی گەیشتە نزیكەی 158 ئیدی غازەكە بەرەو شلبونەوە دەچێت لە ژێر پەستانێكی كەمێك بەرزتر لە پەستانی هەوا و دواتر كرداری شلبونەوە ڕوودەكات كاتێك پەستانی سەر غازەكەی دادەبەزێت بۆ پەستانی هەوا و پلەی گەرماكەش دادەبزێت بۆ 161.5 پلەی ژێر سفر. و ئیدی دەتوانرێت بەشلی پاڵی پێوەبنرێت بۆ ناو كۆنتێنەرەكان كە زۆر بە قایمی و پتەوی دیوارەكانی دروستكراون یان بۆ ناو كۆگای هەڵگرتنەكان و دواتر لەڕێگەی پاپۆڕەوە لەناو دەریادا دەنێردرێتە ناو بازاڕەكانی جیهانەوە بۆ فرۆشتن.
4.    هەڵگرتن و دواتر گواستنەوە و ناردنی بۆ بازاڕ و فرۆشتن.
هەریەكێكێك لەم هەنگاوانە زۆر بەووردی و دیقەتەوە دەكرێن،چونكە تەواوی پڕۆسەكە لە ژێر پەستان و پلەی گەرمی زۆر بەرزدا ئەنجامدەدرێت كە لەهەموو ئانوساتێكدا مەترسی ڕوودانی تەقینەوەی لێدەكرێت.
•    ئەو وڵاتاناكەی كە زۆررترین غازی شلكراوەیان هەیە:
قەتەر:بەگەورەترین هەناردەكاری غازی شلكراوە دادەنرێت لە جیهاندا. 
لەكاتێكدا جەزائیر یەكەم وڵات بوە كە بەرهەمی هێناوە.
گەلێك كۆمپانیای نێودەوڵەتی گەورە هەن كە لەو بوارەدا كاردەكەن وەكو كۆمپانیای (( نۆرپ وێست و سی غاز وكۆمپانیای یەمەنی بۆ غازی سروشتی شلكراوە و تانگۆ وساخالین و قەتەر غاز و راس غازی قەتەر و كۆمپانیای غازی بەسرە)).

•    مەترسیەكانی غازی سروشتی  شلكراوە
غازی سروشتی شلكراوە مەترسیەكی گەورەی نیە،تەنها لەكاتێكدا نەبێت كە بە پشتگوێخستن مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.لەو مەترسیانەش:
1.    تەقینەوەی كۆنتێنەری غازەكە لەكاتی بەرزبونەوەی پلەی گەرمیەكەی بۆ سەروو پلەی شلكردنەوەكەی -161.5 پلەی سەدی و ڕەنگە سووتانیشی لەگەڵدا بێت ئەگەر سەرچاوەیەكی گڕگرتن هەبێت لە هەوادا و لەو كاتە كارێكی سەخت دەبێت كە كۆنتڕۆڵ بكرێت.
2.    دەشێت بە لێچوونی بڕێكی پێویست لە غازی شلكراوە ببێتە هۆكاری خنكاندن و دواتریش مردن سەرەڕای بەستنی لاشە بەهۆی زۆر ساردییەوە.
3.    تەقینەوەی سارد لەكاتی بەركەوتنی لەگەڵ ئاودا.
4.    لێدەرچوونەكانی بۆ ناو هەوا: كە دەبنە هۆی پیسبوونی هەوا.
هۆكاری مەترسی ئاگركەوتنەوە و تەقینەوەكان لە دامەزراوەكانی غازی سروشتی شلكراوە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی غاز و شلەمەنی كە توانای گڕگرتنیان هەیە یان بوونی شلەمەنی و ئۆكسجین و سەرچاوەی گڕگرتن لەكاتی كرداری داگرتن و باركردندا.
•    ڕووداوەكانی تەقینەوەی غازی سروشتی شلكراوە:
1.    ڕووداوی سكیكدە لە جەزائیر لەساڵی 2004دا كە 27 كەس بونە قوربانی.
2.    ڕووداوێك لە ئەمریكا لەساڵی 1973 و 37 كەس بونە قوربانی.
3.    ڕووداوی كلفلاند لە ئەمریكا لەساڵی 1944 كە 128 كەس بونە قوربانی.
4.    ڕووداوی تەقینەوەی غاز لەماڵێك لەگەڕەكی كازێوەی شاری سلێمانی لەشەوی 17/18/11/2022 كە  15 كەس بونە قوربانی و 12 كەسی تریش بریندار بوون .كە بەڕاستی كارەساتێكی ناخ هەژێن بوو.
5.    ڕووداوی تەقینەوەی غاز لە شاری دهۆك لە شەوی 21/22/11/2022 كە 5 كەس بونە قوربانی و 32 كەسی تریش بریندار بوون.

2.    غازی پتڕۆڵی شلكراوە    Liquefied Petroleum Gas LPG (غازی ماڵان))   
•      پێكهاتەكانی :
لە هایدرۆكاربۆنات پێكدێت،كە 3 بۆ 4 گەردیلە كاربۆن لەخۆدەگرێت.
پێكهاتە سروشتیەكانی غازی پتڕۆڵی شلكراوە بریتین لە : پڕۆپان C3H8و بیوتان C4H10، ئەم دوو غازە بەڕێژەی سەدی تێكەڵ یەكتری دەكرێن بەپێی سروشتی بەكارهێنانەكانی و دۆخی كەشوهەوا و ڕەنگە بڕێكی كەمی توخمە هایدرۆكاربۆنیەكانی تریشی تیادا بێت.

•    سیفاتەكانی ئەم جۆرە غازە:
غازی پتڕۆڵی شلكراوە LPG بە ئاسانی لەهەوادا دەسووتێت.
بەهای گەرمی تیایدا یەكسانە بەوەی كە لە بەنزیندایە.
بەهای گەرمیەكەی دوو هێندەی غازی سروشتیشە.كەوایلێكردوە ببێتە سووتەمەنییەكی باش بۆ گەرمكردنەوە و چێشتلێنان و بەكارهێنان لە ئۆتۆمبێلەكاندا.
•    غازی پڕۆپان Propane
دادەنرێت لەو غازانەی كە بەشێوەیەكی گەورە توانای گواستنەوەی هەمەجۆری هەیە. كە جۆرێكە لە غازی پتڕۆڵی شلكراوە كە بەكارهێنانی زۆر بڵاوە.دادەنرێت بە سەرچاوەیەكی گرنگی وزەی جێگرەوە بۆ زۆرێك لە خواستی كارەكان و بازرگانیش.ئەم جۆرە لە غاز C3H8 بەكاردەهێنرێت بەشێوەیەكی فراوانتر لە بەكارهێنانە بازرگانیەكاندا وەكو سووتەمەنی بۆ بەرزكەرەوەكان و باشترە بەكاربهێنرێت لە كۆگاكاندا و لەجێگەی بیناكاندا.بەهۆی ئاسانی هەڵگرتنی لە بوتڵی ئاسان گواستنەوەدا.
•    غازی بیوتان Butane
بیوتان C4H10 یەكێكە لە بەرهەمە دەرهێنراوەكانی غازی سروشتی خاو،كە لە بەنزین دەچێت كە نەوتی خاوی تیادایە.وەك یەكێك لە پێكهاتەكانی،بیوتان زیاد دەكرێت بەزۆری بۆ بەنزینی ئاسایی،بۆ ئەوەی تواناكەی باش بكات بەبێ‌ دروستكردنی بەرهەمێك كە زوو بگۆڕێت.هەروەها لەسیستەمی سارد و گەرمكردنەوەدا بەكاردێت لەگەڵ چەرخی جگەرەدا،هەروەك بەكارهێنانیشی بڵاوە لە پێوانەكردنی هەندێك ئامێری زانستی هەستیاردا.
•    پێناسەی غازی پتڕۆڵی شلكراوە   LPG و سیفاتەكانی :
غازی پتڕۆڵی شلكراوە لە سروشتدا كۆدەبێتەوە لەژێر زەویدا و لەگەڵ نەوتی خاودا دێتەدەرەوە لەكاتی دەرهێنانی لە بیرە نەوتەكانەوە)) و پێی دەوترێت غاز المصاحب// غازی هاوشانی نەوتی خاو))،هەروەها بەرهەمیش دێت لەكاتی چارەسەری نەوتی خاو و گۆڕینی بۆ پێكهاتە و بەرهەمەكانی و دەشتوانرێت غازی بەرهەمهاتوو شلبكرێتەوە بەهۆی خستنە ژێر پەستانەوە.
غازی پتڕۆڵی شلكراوە بەشێوەیەكی سەرەكی لە غازی پڕۆپان  و بیوتان پێكدێت كە بریتیە لە تێكەڵەیەك لە توخمی هایدرۆكاربۆنیەكان.بەزیاد كردنی پەستان لەسەر غازەكە شلدەكرێتەوە بەوەش قەبارەكەی زۆر بچووك دەبێتەوە و كرداری گواستنەوەكەشی ئاسان دەبێت لەگەڵ هەڵگرتنی و پێوانەكردنیشیدا.
گواستنەوەی غازی شلكراوە لەڕێگەی تانكی پەستاندا دەكرێت بۆ جێگەی بەكارهێنان لەوێدا پەستان كەمدەكرێتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ دۆخی غازیەكەی و بەكارهێنانی بەشێوەی غازی.
بەشێوەیەكی گشتی غاز بێ‌ ڕەنگ و بۆنە و بۆئەوەی هەستیپێبكرێت لەكاتی لێچووندا توخمی بۆنداری وەكو((مەركەبتانی ئەپیل))ی بۆ زیاددەكرێت پێش ئەوەی بگەیەنرێتە دەستبەكارهێنەران.
*   بواری بەكارهێنانی:
1.غازی بوتڵی ماڵان.
2. غازی بەكارهاتوو وەكو سووتەمەنی ئۆتۆمبێل.
3.غازی پتڕۆڵی شلكراوە لە پیشەسازیە گۆڕاوەكاندا.
غازی پتڕۆڵی شلكراوە كە ناسراوە بە LPG بەرهەمدێت وەك بەرهەمێكی لاوەكی لەكاتی چارەسەركردنی پتڕۆڵی خاو لە پاڵاوگەكاندا بۆ بەرهەمێنانی بەرهەمە نەوتیەكان وەكو بەنزین و مازۆت.بەهەمان شێوەش لە سروشتەوە ڕاستەوخۆش دەردەهێنرێت لەهەندێك ناوچەدا كە بریتیە لە تێكەڵەی پڕۆپان و بیوتان.
لەبەرئەوەی LPG بە زۆری لە بیوتان و پڕۆپان پێكهاتوە قورسترە لە هەوا هەربۆیە دەچێتە جێگە نزمەكان وەكو ژێر زەمین و شوێنە نزمەكان هەرلەبەرئەمەش دەبێتە هۆی خنكاندن لەكاتی نوستندا یان گڕگرتن و تەقینەوە ئەگەر بە وریای مامەڵەی لەگەڵ نەكرد. و توانای گڕگرتنی هەیە ولەتوركیادا بەڕێژەی 30% پڕۆپان و ڕێژەی 70% بیوتان  تێكەڵدەكرێن بۆ مەبەستی پیشەسازی و گەرمكردنەوە و چێشتلێنان و ڕووناكی لەماڵاندا.
•    هەربۆیە پێویستە لەكاتی لێچوونی غازدا بۆ هەر جێگایەك پێویستە :
1.    پێش هەموو شتێك بەهیچ شێوەیەك پلاكی كارەبا و ڕووناكەرەوە یان هەر پلاكێكی كارەبا هەڵنەكرێت.لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی تەقینەوەیەكی مەترسیدار و دەبێتە هۆی زیانی گەورە. 
2.    پێویستە نەچنە ئەو ژوور و جێگایانەی غازەكەی تیادایە و جگەرە بەدەستەوە بێت.كە ئەمەش دەبێتە هۆی تەقینەوەیەكی گەورە و ترسناك.
3.    بۆیە پێویستە لە پێشدا دەرگا و پەنجەرەكان بكرێتەوە بۆ هەوا گۆڕكێ‌ و دواتر پشكنینی جێگەی لێچوون و بەخێرایی دابخرێت.یان پەیوەندی بە كەسانی پسپۆڕەوە بكرێت.
 غازی LPG كە لە غازی سروشتیەوە بەرهەمدێت دادەنرێت بە ئاڵۆزترین و مەترسیدارترینیش لەهەموو جۆرەكانی وزەی نەوتی هەربۆیە پێویستی بە ڕێوشێوێنی خۆپاراستنی هەیە لەكاتی بەكارهێنانیدا ولەبەرئەوەش تێچووەكانی بەرزترە.
 مەترسیەكەشی لەوەدایە كە توانای گڕگرتنی بەرزە و دەبێتە هۆی كارەساتی ماڵوێرانیكەر لە گیان و ماڵدا تەنها لەبەر پشتگوێخستنێكی بچووك.وەك لییكردن و لێچوون.
لەبەرئەوە پێویست بە ڕێوشوێنی زۆر ووردی سەلامەتی دەكات لەناو ماڵ و دامەزراوە پتڕۆكیمیاویەكان و بەندەرەكان و پاڵاوگەكان و كۆگانی هەڵگتن و بۆریە گواَزەوەكانیشدا.
•    لەو ڕێوشێوینانەش بریتیە لە:
1.    صیانەكردنی بەردەوامی هەموو بەشەكانی تۆڕی ڕاكێشانی غازەكە لە بۆری و ڤاڵڤەكان و جۆینت و تانكیەكە بەشێوەیەی دەوری و لانی كەم هەر 6 مانگ جارێك.
2.    پشتگوێنەخستنی هیچ جۆرە لێچوون و لیكێك هەرچەندە كەم و بچووكیش بێت.
3.    با بەشێوەیەكی بەردەوام پەنجەرەیەك یان دەرچەیەك هەبێت لە ماڵاندا بۆ هەوا گۆڕكێ‌ بۆئەوەی غاز پەنگ نەخواتەوە لەناو ماڵەكاندا.
4.    دانانی سیستەمی سەلامەتی و ئامێری ئاگاداركردنەوەی هەستیار لە نزیك  تۆڕی دابەشكردن یان تانكی غازەكانەوە بۆئەوەی بە زووترین ڕٍێگە بگرێت لە لێچوون و لیكەكان تا چاككدەكرێتەوە.
5.    دانان و بەستنی تۆڕی دابەشكردنی غاز لەماڵان و شوێنە گشتیەكانی تریش با لەلایەن ئەندازیاران و كەسانی پسپۆڕ و شارەزاوە بێت نەك هەموو كەسێك كە هیچ شارەزایەكی زانستی نەبێت.
6.    بۆیاغكردنی تانكیەكان : بە بۆیاغێك كە بەرگەی پلەی گەرمی بەرز بگرێت  لەگەڵ گڕگرتنی بەهێز و گەرما هەڵبمژێت .
7.    لاستیكە دژە ئاگرەكانیان تێوەبپێچرێت .
8.    ڕێگەگرتن لە جوڵەی توخمی غازی نەوتی بەپێی توانا چونكە دەبێتە هۆی كشان و چوونەوەیەك و پڕبوون و بەتاڵبوون تەنانەت گەر لە پۆلاش بێت و ئەستوریش بێت.
•    بەكارهێنانی ئەم جۆرە غازە وەك سووتەمەنی ئۆتۆمبێل گەلێك سیفاتی باشی هەیە وەكو :
1.    خاوێنە و باش دەسووتێت.
2.    هاوڕێی ژینگەیە چونكە ژینگە پیس ناكات بەهۆی ئەوەی لەكاتی سووتانیدا هیچ پاشەڕۆیەك وەكو غازی بێ‌ ڕەنگ لەشێوەی CO پیسكەری ژینگە بەەجێناهێڵێت و خۆڵەمێشیشی نیە.
3.    هەرزانترە لە بەنزین هەربۆیە وەك سووتەمەنی ئۆتۆمبێل بەكاردێت.
4.    بەهەمان شێوە لە ئۆتۆمبیلەكاندا دەبێتە هۆی درێژبونەوەی ماوەی ڕۆنگۆڕین.
5.    بەهۆی بوونی بڕێكی كەمی CO2 تیایدا ئەوا مەكینەی ئۆتۆمبیلەكان بۆ ماوەی درێژتر بەخاوێنی دەمێننەوە.
6.     بەهۆی ئەوەی ئەم جۆرە غازە بەشێوەی غازی دەگاتە ژووری سووتاندن و بەهۆی دروستنەبوونی ترشەكان و كاربۆن وەك سووتەمەنیەكانی تر ئەوا قازانجی گەورەی ئابوری هەیە.
هەردوو جۆری غازی سروشتی و شلكراوە كە لەنەوتی خاوەوە دەردەهێنرێن لەناو كۆنتێنەری لە پۆڵا دروستكراودا هەڵدەگیرێن لە ژێر پەستانی بەرزدا و دەنێرێت بۆ بەكارهێنەران  لە دۆخی غازی یان شلیدا.پێكهاتەی غازی شلكراوەیی لە ڕێژەی 70% بیوتان و ڕێژەی 30% پڕۆپان پێكدێت.

3.    غازی سروشتی پەستێنراو CNG
   CNG  غازی سروشتی پەستێنراو،بریتیە لە غازی سروشتی بە ئاسایی لەژێر پەستانی زۆر بەرزدا و بەبەردەوامی لە دۆخی غازیدا دەمێنێتەوە،جا لەبەرئەوەی غازی سروشتیش پێكهاتەی سەرەكی غازی میپانە هەربۆیە CGNیش بەهەمان شێوە پێكهاتەی سەرەكی بریتیە لە غازی میپان.دەتوانرێت ئەم غازە وەك سووتەمەنی ئۆتۆمبێل بەكاربهێنرێت لە جیاتی بەنزین و گازۆیل و غازی پتڕۆڵًی شلكراوە.لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سووتەمەنیە غازی زیان بەخش كەمتر دەردەكات لەكاتی سووتانیدا بەبەراوورد بە بەنزین و دیزڵ و غازی پتڕۆڵی شلكراوە.
ئەم جۆرە غازە بەشێوەیەكی گشتی لە كۆنتێنەر یان تانكی شێوە سلیندەر یان گۆیدا هەڵدەگیرێت لە پەستانی 20-25 مێگا باسكال دا.لەبەر بەرزی پەستان،ئەو تانكیانەی كە بەكاردێت لە پۆڵا دروستدەكرێت.
•    سیفاتە باشەكانی CGN 
1.    تێچووی سازكاری و چاكردنەوەی نزمە بۆ ئەو ئۆتۆمبیڵانەی كە غازی سروشتی پەستێنراو بەكاردێنن.
2.    لەكیسچوونی ئەم سووتەمەنیە لەڕێگەی لێچوون و بەهەڵمبونەوە زۆر نزمە.
3.    بەئاسانی ویەكسانی تێكەڵ بەهەوا دەبێت.
4.    سەلامەتە لەبەركارهێناندا بەهۆی بەرهەمهێنانی بڕی كەم لە غازە زیانبەخشەكانەوە، پیسبوونی كەمترە.
5.    توانایەكی بەرزی  گەرمی هەیە.
•    لەگەڵ ئەمانەشدا هەندێك كەموكوڕی هەیە وەك :
ئەو كۆگایانەی كە CGN تیایاندا هەڵدەگیرێت ڕووبەرێكی فراوانتریان پێویستە.لەبەرئەوەی لە دۆخی غازیدایە وەك لە دۆخی شلی.سەرەڕای ئەوەش،ئەو بڕەی پێكهاتەكان كە CGN بەكاریدێنێت زۆر زیاترە.
•    جیاوازیەكانی نێوان هەریەكە لە ((  غازی سروشتی NG و غازی پەستێنراو CNG و غازی پتڕۆڵی شلكراوە  LPG))
1.    غازی پەستێنراو بە پلەی سەرەكی لە میپان پێكدێت.بەڵام غازی پتڕۆڵی شلكراوە لە پڕۆپان و بیوتان پێكدێت.
2.    زاراوەی CNG ئاماژەیە بۆ غازی سروشتی پەستێنراو ،لەكاتێكدا LPG ئاماژەیە بۆ غازی پتڕۆڵی شلكراوە.
3.    غازی پەستێنراو هەمیشە لە دۆخی غازیدا دەمێنێتەوە.بەڵام غازی پتڕۆڵی شلكراوە دەكرێت بەشێوەی غازی یان شلی بێت.
4.    هەردوو جۆرە غازەكەی بەكەڵك دێن وەكو سووتەمەنی بەكاربهێنرێن.و هەریەكەشیان سیفاتی باش و كەموكوڕییان هەیە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand