بەغداد: كۆگایەكی گەورەی سندوقەكانی دەنگدان سوتا
2018-06-10 13:24:23
(درەو میدیا):
لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد ئاشكرایكرد، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەری رەسافە كۆگایەكی سندوقەكانی دەنگدانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار ئاگری گرتووە.
محەمەد روبەیعی جێگری سەرۆكی لیژنەی ئەمنی بەغداد لە لێدوانێكدا بۆ سایتی سۆمەریەنیوز رایگەیاند، هەموو ئەو سندوقانەی لەو كۆگایەدا بوون بەهۆی ئاگركەوتنەكەوە سوتاون.
ئەو گۆگایەی كە ئاگری گرتووە سەربە وەزارەتی بازرگانییە و لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە بەكارهێنراوە بۆ هەڵگرتنی سندوقەكانی دەنگدان، بە گەورەترین كۆگای سندوقەكانی دەنگدان دادەنرێت.
بەگوێرەی قسەی روبەیعی، ئەو گۆگایەی كە سوتاوە لەژێر چاودێری ئەمنی تونددا بووە.
پێشتریش پۆلیس رایگەیاند، ئاگر لە كۆگایەكی هەڵگرتنی ماددە خۆراكییەكان لە ناوەڕاستی بەغداد كەوتوەتەوە.
سوتانی ئەو سندوقانەی دەنگدان لەكاتێكدایە بڕیارە رۆژی چوارشەممە یاخود پێنج شەممە پرۆسەی ژماردنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار بەشێوەی دەستی دەستپێبكات.