Draw Media

پاڵاوگەكان

پاڵاوگەكان

2022-11-30 19:54:02


نەوزادی موهەندیس
بەشی چوارەم

•    ئاشكرایە كەرتی وزە كە خۆی دەبینێتەوە لە نەوت و گازی سروشتیدا لە عێراق و هەرێمی كوردستان،بۆتە سەرچاوەی یەكەمی داهات بۆ هەردوولا و كەرتەكەش كەرتێكی گەورە و گرنگ و كاریگەر و هەستیاریشە بۆسەر بڕیارە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتیەكان و پێویستە گرنگی زیاتری پێبدرێت لەسەرخان و ژێر خانی ئەو كەرتەدا بۆئەوەی بەبەردەوامی گەشە و پێشكەوتنی زیاتری تیادا ئەنجامبدرێت،بۆئەوەی بتوانێت توانا و وزەی بەرهەمهێنانیان زیاتر بكات،لەبەرئەوەی عێراق و هەرێمی كوردستانیش بەهەردووكیان بڕی 145 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگیان تیادایە  و چوارهەم وڵاتە لە جیهاندا لەدوای هەریەكە لە فەنزەوێلا و سعودیە و ئێرانەوە و گازی سروشتی یەدەگیشی بەبڕی 137تریلیۆن پێ‌ سێجا خەمڵێنراوە كە لە پلەی دەهەمدایە لەسەر ئاستی جیهان. كە ڕەنگە بەشی لانی كەم  50-100ساڵی ئایندەش بكات.
•     لێرەدا باس لە دینگە و پایە گرنگەكانی ژێر خانی كەرتی وزە دەكەین بەشێوەیەكی گشتی لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا كە خۆیان دەبیننەوە لە هەریەكە لە:
1.    كێڵگەكانی نەوت
2.    تۆڕی بۆری نەوت و گاز گواستنەوە
3.    كۆگاكانی هەڵگرتن
4.    پاڵاوگەكانی نەوت
5.    پیشەسازی پتڕۆ كیمیاویات
•    بەم شێوەیە هەریەكێك لەم كەرت و وێسگانە گرنگی خۆیان هەیە. لەبەشی  چوارهەمدا باس لە گرنگی پاڵاوگەكانی نەوت دەكەین.كە بریتین لە دوا وێسگەی ژێر خانی كەرتی وزە و ڕۆڵی گرنگ و گەورەیان هەیە لە گۆڕینی نەوتی خاو بۆ پێكهاتە و بەرهەمەكانی. هەربۆیەچەندە گرنگی بدرێت پاڵاوگە نەوتیەكان لەڕووی گەشەپێدانی و چاكسازی بەردەوام تیایاندا هێندەش بڕو وتوانای بەرهەمهێنانیان زیاد دەكات.

4-    پاڵاوگەكان:  ئەمەش دوا قۆناغ و وێسگەی پڕۆسەی دەرهێنان و گواستنەوە و هەڵگرتنی نەوتی خاوە و لێرەدا پاڵاوگەكان كۆتا وێسگەن و ڕۆڵی گەورە دەبینن بۆ پاڵاوتنی نەوتی خاو و جیاكردنەوەی پێكهاتەكانی و توانینی سوودلێوەرگرتنیان.چونكە بەبێ‌ پاڵاوتنی نەوتی خاو ناتوانرێت سوود لە پێكهاتەكانی وەربگیرێت لە  گازەكان و بەنزین و سووتەمەنی فڕۆكە و گازۆیل و نەوتی سپی و ڕۆنەكان و قیر و ...هتد.
پاڵاوگەكان بریتین لە دامەزراوەی پیشەسازی كە تیایاندا كرداری پاڵاوتنی نەوت ئەنجامدەدرێت بۆ گۆڕینیان لە شێوەی خامەوە بۆ پێكهاتە و بەرهەمە نەوتیە جیاوازەكان.وەكو غازی شلكراوە LPG و سووتەمەنی ئۆتۆمبێل(( بەنزین و گازۆیل)) و دواتر نەوتی سپی و سووتەمەنی فڕۆكە و دواتریش ڕۆنەكان و ...هتد.بەهەمان شێوە بەرهەمی مامناوەندیش دەستدەكەون وەكو ((نەفپا)) كە بریتیە لە كەرەسەی خاو لە پیشەسازی كیمیاویاتدا.
پاڵاوگەكان وەكو كۆمەڵگایەكی گەورەی پیشەسازی وان،كە زۆرێك لە یەكەی چارەسەریەكان لەخۆدەگرێت وەكو یەكەكانی خزمەتگوزاری و هەڵگرتن.بۆ هەر پاڵاوگەیەك سیفات و تایبەتمەندی خۆی هەیە كە هەریەكە لە جێگە و بەرهەمە داواكراوەكان و پێودانە ئابوریەكان ڕۆڵیان هەیە.
پاڵاوگەكان دادەنرێن بە بەشی سەرەكی لە كۆتایی زنجیرەی بەرهەمهێنان لە پیشەسازی نەوتیدا.
پاڵاوگە نەوتیەكان قەوارە و توانای جیاوازیان هەیە لە پاڵاوتنی نەوتی خاودا،بەشێوەیەك هەندێك لە پاڵاوگە نەوتیە نوێكان لەتوانایاندایە كە بڕی 800 بۆ 900 هەزار بەرمیل لەنەوتی خاو ڕۆژانە بپاڵێون.
لە جیهاندا نزیكەی 636 پاڵاوگەی نەوت هەن كە لەكاردان  كە توانای هەموویان دەگاتە نزیكەی 87,75 ملیۆن بەرمیل.
گەورەترین پاڵاوگەش لە جیهاندا لە ساڵی 2008وە بەناوی پاڵاوگەی گامناگارەیە لە هندستان كە توانای پاڵاوتنی 1.24 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە لە ڕۆژێكدا.
نرخی قەوارەی بازاڕی پاڵاوتنی نەوت لەساڵی 2017دا گەیشتۆتە زیاتر لە 6 تریلیۆن دۆلاری ئەمریكی.پێشبینیش دەكرێت كە بازاڕی نەوت  و بەكارهێنانی بگاتە نزیكەی 100ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا تا ساڵی 2024. هەروەها پێشبینی دەكرێت كە بازاڕی نەوت گەشەی زیاتریش بەخۆوە ببینێت لەم چەند ساڵەی ئایندەدا بەهۆی بازدانی گەورەی پیشەسازی و ئابوری گەورەوە.هەروەها بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و بەرزبونەوەی ئاستی گوزەران لە وڵاتانی گەشەكردوودا بریتین لە هۆكاری كاریگەر لەسەر پڕۆسەی پیشەسازی نەوتیدا.
•    پاڵاوگەكانی نەوت لە عێراقدا
پاڵاوگەكانی نەوتی عێراقی دابەشدەبنە سەر ژمارەیەك پارێزگا،لەنێوانیاندا پارێزگاكانی بەغداد و نەجەف و كەربەلا و كەركوك و هەولێر و سلێمانی و دهۆك،كە ژمارەیان دەگاتە 19 پاڵاوگە كە ژمارەیەك كۆمپانیا سەرپەرشتیان دەكەن.و بڕی بەرهەمی گشتیان دەگاتە 1 ملیۆن 336 هەزار بەرمیل لەڕۆژێكدا.
•    لەنێویاندا كۆمپانیای پاڵاوگەكانی بێجی كە لەساڵی 1980وە دامەزراوە,ئەم كۆمپانیایە 4 پاڵاوگەی گەورەی هەیە كە لەنێوان گەورەترین پاڵاوگەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان. كە بریتین لە : پاڵاوگەی صلاح الدین 1 ،كە توانا بەرهەمی دەگاتە 70 هەزار بەرمیل ڕۆژانە،پاڵاوگەی صلاح الدین 2، كە هەمان توانای بەرهەمی هەیە.
•    پاڵاوگەی باكور كە توانای بەرهەمی بریتیە لە 150 هەزار بەرمیل ڕۆژانە، و پاڵاوگەی ڕۆنەكان كە توانای بەرهەمی دەگاتە 250 هەزار بەرمیل ڕۆژانە.
كۆمپانیاكە هەمەجۆر بەرهەم بەرهەمدێنێت،وەكو بەنزین كە ڕەصاصی تیادا نیە،وسووتەمەنی فڕۆكە و نەوتی سپی و گازۆیل و نەوتی ڕەش كە ئامادەكراوە بۆ ناردنە دەرەوەی وڵات و جۆرەها ڕۆنیش.سەرپەرشتی ژمارەیەكی تری پاڵاوگەی تریش دەكات.وەك پاڵاوگەی صینیە و پاڵاوگەی حەدیسە و پاڵاوگەی كەركوك و پاڵاوگەی گەیارە لە پارێزگای نەینەوا و پاڵاوگەی كسك و پاڵاوگەی جزیرە.
•    كۆمپانیای پاڵاوگەی ناوەڕاستیش سەرپەرشتی ژمارەیەك پاڵاوگە دەكات،لەوانە: پاڵاوگەی دۆرە،كە گەورەترین پاڵاوگەی عێراقە،دادەنرێت بە میحوەری چالاكی كۆمپانیای پاڵاوگەی ناوەڕاست،توانای بەرهەمی دەگاتە 110هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.
هەروەك سەرپەرشتی پاڵاوگەی سەماوەش دەكات،لە پارێزگای دیالەش لەناوەڕاستی عێراق پاڵاوگەی ئەڵوەند هەیە،كە بریتیە لە كۆنترین پاڵاوگەی نەوتی عێراق كە لە ساڵی 1932دا دامەزراوە،و توانای بەرهەمی دەگاتە نزیكەی 12 هەزار بەرمیل/نەوتی ڕۆژانە.
•    كۆمپانیای پاڵاوگەكانی باشوریش سەرپەرشتیی ژمارەیەك لە پاڵاوگە دەكات،بەناوبانگترینیان پاڵاوگەی موفتیە و شوعەیبە و پاڵاوگەی زیقاڕ و پاڵاوگەی میسانە.

•    لەهەرێمی كوردستانیشدا،4 پاڵاوگە ((گەورە و بچووك))  هەن بەقەبارە و توانای جیاوازەوە كە بریتین لە :
1.    پاڵاوگەی كار:  لە پارێزگای هەولێر (( كەڵەك یان كەورگۆسك))كەلەلایەن كۆمپانیای كارەوە سەرپەرشتی دەكرێت و لە ئێستادا توانای پاڵاوتنی50- 75هەزار بەرمیل نەوتیخاوی ڕۆژانەی هەیە.
2.    پاڵاوگەی بازیان : لە پارێزگای سلێمانی و لەناوچەی بازیان و لەلایەن كۆمپانیای ((وزە پیتڕۆلیۆم))ی سەر بە كۆمپانیای قەیوانەوە سەرپەرشتی دەكرێت  و لەساڵی 2009دا كەوتە كارو توانای پاڵاوتنی 34-40 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەیە.و دەتوانێت ئەم بەرهەمان بپاڵێوێت:
•    بڕی 1.5 ملیۆن لیتر بەنزین
•    بڕی80 تەن گازی LPG
•    بڕی 2.7ملیۆن لیتر نەوتی ڕەش
•    بڕی200 هەزار لیتر نەوتی سپی
•    بڕی 250هەزار لیتر بەنزینی فڕۆكە
•    بڕی 1.5ملیۆن لیتر گاز
3.    پاڵاوگەی لاناز:  لە پارێزگای  هەولێر ((لەسەر ڕێگای گوێر))  و توانای پاڵاوتنی بڕی 20-30 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەیە و لە ئێستادا ساڵی 2022كەتۆتە كار و دەتوانێت كە بەنزین و ڕۆنەكان بەشێوەی فەل  و ئەسفەڵت بەرهەمبهێنێت.
4.    پاڵاوگەی تاوگێ‌:  لە پارێزگای دهۆك كەلەلایەن كۆمپانیای DNO نەرویجیەوە دامەزراوە و توانایەكی كەمی پاڵاوتنی هەیە بەبڕی 6هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.

•    بەم شێوەیە دەبینین كە پاڵاوگەكانی نەوت چەندە گرنگە بۆ ژێر خانی كەرتی وزە،لەپاڵ بوونی  هەر چوار وێسگەكەی تردا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand