كاتێ پارەی خێرخوازی تێكەڵ بە پارەی رەش دەبێت !
2022-11-29 16:43:25
راپۆرت: درەو
زیاتر لە (5 ملیار) دیناری نەخۆشخانی شێرپەنجە شەش ساڵە كەوتوەتە ناو مامەڵەیەكی پیسی بانكییەوە لە سلێمانیو تێكەڵ بە مامەڵەی نایاسایی چەكی بەڵێندەران كراوە، رێكخراوی كوردستان بۆ هاوكاری نەخۆشانی شێرپەنجە لەرێگەی داواكاری گشتیەوە سكاڵای لەسەر (سەعد كۆڵەك) كردووە كە سەرمایەدارێكی ناسراوی سلێمانییە، لەم كەیسەدا ژمێریارێكی سەعد كۆڵەكیش تێوەگلاوەو ئێستا هەردووكیان كوردستانیان بەجێهێشتووە، وردەكاری چارەنوسی پارەی كەمپەینی "ژیانەوە" بۆ نەخۆشخانی شێرپەنجە لەم راپۆرتەدا بخوێنەرەوە.
سكاڵای یاسایی تۆماركرا
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا رێكخراوی كوردستان بۆ هاوكاری نەخۆشخانی شێرپەنجە لە رێگەی داواكاری گشتیەوە سكاڵای یاسایی لەسەر دوو كەس تۆماركرد كە سەرمایەدارێكە لەگەڵ ژمێریارەكەی.
سەرمایەدارەكە (سەعد فایەق كۆڵەك)ەو ژمێریارەكەشی پیاوێكە بەناوی (عوسمان عەلی ساڵح)، ئەم دوو كەسە لەسەرەتای هەڵمەتەكانی دەستگیركردنی ئەو كەسانەوە كە لە سلێمانی مامەڵەیان بە چەكی بەڵێندەرانەوە كردووە، كوردستانیان بەجێهێشتووەو روویان لە (دوبەی) كردووە.
ئەم سەرمایەدارە بڕی زیاتر لە (5 ملیار) دیناری پارەی كەمپەینی پشتیوانی لە نەخۆشخانی شێرپەنجەی لە (نەقد)ەوە كردووە بە (چەكی بەڵێندەران)و ئەمە وایكردووە پارەی كەمپەینەكە بفەوتێت، ئەم كەیسە پەردە لەسەر چۆنیەتی مایەپوچبوونی بانكی (شیمال) لە سلێمانی هەڵدەداتەوەو تێوەگلانی ئەو بانكە لە پرۆسەی سپیكردنەوەی پارەدا دەردەخات لەرێگەی خاوەنەكەیو یەكێك لە هاوپشكەكانییەوە.
كەمپەینی پارەكۆكردنەوە لەسەردەمی قەیراندا
ساڵی 2012 پەرلەمانی كوردستان یاسای (سندوقی كۆمەك بۆ توشبوانی شێرپەنجە)ی پەسەندكرد، لەبەر رۆشنایی ئەم یاسایەدا، ساڵی 2014 كاتێك بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕی داعشو دابەزینی نرخی نەوتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان روبەڕووی یەكەم شەپۆلی قەیرانی دارایی بووەوە، سندوقی (كۆمەك بۆ توشبوانی شێرپەنجە) كەمپەینێكی ئەنجامدا بەناوی "ژیانەوە"، رێكخراوی (كوردستان بۆ هاوكاری نەخۆشخانی شێرپەنجە) كەمپەینەكەی بەڕێوەدەبرد، خاتوو (د. ئەختەر نەجمەدین) سەرۆكی رێكخراوەكەیە، كە پێشترو لەسەردەمی حكومەتی (عومەر فەتاح)دا لە سلێمانی وەزیری خوێندنی باڵا بووە، خاتونێكی تر بە ناوی (ئەمیرە مەحمود غەفور) ژمێریاری رێكخراوەكەیە.
ئەم كەمپەینە بڕی (5 ملیارو 282 ملیۆنو 782 هەزارو 250) دیناری كۆكردەوە، بەڕێوەبەرانی رێكخراوەكە لە بانكی (شیمال) لە سلێمانی كە بانكێكی ئەهلییەو دەكەوێتە بەرامبەر یانەی ئەندازیاران لەسەر شەقامی سالم، حسابێكی بانكییان بە (دینارو دۆلار) كردوەتەوە بۆ دانانی ئەو پارەی كە كەمپەینەكە كۆیكردوەتەوە، هەر لەو بانكە حسابی دۆلاریان گۆڕیوەتەوە بۆ دینارو خستویانەتە سەر حسابی دینار.
پارەی شێرپەنجە لە گەردنی سەعدی كۆڵەكدا !
ساڵی 2016 بانكی (شیمال) مایەپوچ بوو، بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، بەرلەوەی بەتەواوەتی مایەپوچبوونی ئاشكرا بكرێت، (سەعد فایەق كۆڵەك) كە سەرمایەدارێكی دیاری سلێمانییەو ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانكی (شیمال)ە پەیوەندی بە بەرپرسانی رێكخراوی (كوردستان بۆ هاوكاری نەخۆشخانی شێرپەنجە)وە كردووەو بەناوی هاوكاریكردنیانەوە پێشنییازی بۆ كردوون بۆ ئەوەی پارەكانیان لە بانكی شیمال نەفەوتێت، بیگوازنەوە بۆ بانكێكی تر.
رێكخراوی كوردستان بۆ هاوكاری نەخۆشخانی شێرپەنجە پارەی كەمپەینەكە كە زیاتر لە (5 ملیار) دینار بووە بە كاش لە بانكی (شیمال) دایناوە، بەڵام سەعد كۆڵەك وتویەتی ئێستا لە بانك پارەی كاشمان نییەو كەسێك رادەسپێرم یارمەتیدان بداتو پارەكەتان بە (چەك) بۆ بگوازێتەوە بۆ بانكێكی تر، بەڕێوەبەرانی رێكخراوەكە بەهۆی ئەوەی پارەكەیان لە كاری خێرخوازییەوە دەستكەوتووە، پێشبینی ئەوەیان نەكردووە كەس بتوانێت دەست بۆ پارەكە ببات.
دوای گفتوگۆ لەگەڵ (سەعد فایەق كۆڵەك)، رێكخراوی كوردستان بۆ هاوكاری نەخۆشخانی شێرپەنجە هەموو پارەی كەمپەینەكەیان كە تا ئەوكاتە بڕی (5 ملیارو 249 ملیۆنو 750 هەزار) دیناری ماوەتەوە، بەشێوەی نەقدو لەماوەی 2/5/2016 بۆ 26/7/2016 بە چەند جارێكو بەبڕی جیاواز خستوەتەسەر حسابی كەسێك لە بانكی شیمال بەناوی (عوسمان عەلی ساڵح)، ئەم پیاوە ناسراوە بە (عوسمان عەلاف) ژمێریاری تایبەتی كۆمپانیاكەی سەعد فایەق كۆڵەك بووە.
هەر لە ماوەی 2/5/2016 بۆ 26/7/2016 واتە رێك لەو ماوەیەدا كە رێكخراوەكە بە نەقد پارەی كەمپەینەكەی خستوەتە سەر حسابەكەی لە بانكی شیمال، عوسمان عەلاف پارەكەی بە (چەك) لە بانكی شیمالەوە گواستوەتەوە بۆ بانكی ئاشتیی، ئەم كارەشی بە هاوبەشی كردووە لەگەڵ خاتوو (ئەمیرە) كە ژمێریای رێكخراوی كوردستانە بۆ هەماهەنگی نەخۆشخانی شێرپەنجە.
دوای ئەوەی پارەی كەمپینەكە بەشێوەی (چەك) لە بانكی شیمالەوە گواستراوەتەوە بۆ بانكی ئاشتی، بەڕێوەبەرانی رێكخراوەكە بۆیان دەركەوتووە (عوسمان عەلاف) كە ژمێریاری سەعد كۆڵەك بووە، چەكی بەڵێندەرانی بۆ رێكخراوەكە پڕكردوەتەوە، ئەمەش چەكێكی بانكییە كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە توشی كێشە هاتو حكومەت خەرجی نەدەكردو لە بازاڕدا بەبەهای كەمتر لە بەهای خۆی مامەڵەی پێوەدەكرا، ئەمە ئەو كەیسەیە كە دەوترێت بەرپرسی باڵای كابینەی پێشوو و ئەم كابینەیەش تێیدا تێوەگلاونو لەڕێگەی كەسە نزیكەكانیانەوە مامەڵەیان بەم چەكانەوە كردووە، بەمدواییە هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی چەندین كەسیان لە بازاڕی دۆلارەكە لەسەر ئەم كەیسە دەستگیركراوە، ئەو چەكە بانكییانەی بەڵێندەران كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە حكومەت بۆی خەرج نەكردون خستیانە بازاڕەوە بە نرخی كەمتر بەهاكەی دەگاتە (470 ملیار) دینار.
كاتێك پارەی كەمپەینی هاوكاری نەخۆشی شێرپەنجە لە بانكی شیمالەوە بۆ بانكی ئاشتی لە پارەی نەقدەوە بوو بە چەكی بەڵێندەران، ئیتر پارەكە كەوتە ناو گێژاو و لە بانكی ئاشتیشەوە گواسترایەوە بۆ بانكی هەرێم كە لقی بانكی ناوەندی هەرێمە لە سلێمانی و لەوێش بە رێكخراوەكە راگەیەندراوە ئەم چەكانە چەكی بەڵێندەرانەو خەرجناكرێت، بەمدواییە هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی لەسەر كەیسی چەكی بەڵێندەران 23 فەرمانبەری بانكی هەرێمی دەستگیركرد.
دوای شەش ساڵ لەمایەپوچبوونی ئەو بانكە، دەردەكەوێت بانكی (شمال) لە سلێمانی تێوەگلاوە لە پرۆسەیەكی گەورەی سپیكردنەوەی پارە یان ئەوەی ناوی لێنراوە "مەمەڵەكردن بە چەكی بانكیی بەڵێندەران"ەوە.
ئێستا لەسەر ئەم كەیسە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سنوری سلێمانییەوە چەندین كەس دەستگیركراونو هەندێكیان لەبەرامبەر رادەستكردنی بڕە پارەیەك ئازادكراونو هەندێكی تریان هێشتا لە زینداندا ماون، بەڵام چارەنوسی پارەی كەمپەینی هاوكاری بۆ نەخۆشخانی شێرپەنجە هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە.
هەر بەتەمای چاوە!
كورد وتویەتی" كوێر تا دەمرێت بەتەمای چاوە"، سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجە بە تیشك كە تاكە سەنتەری تیشكە لە هەرێمی كوردستان، هەر ئومێدی نەبڕیوەو بەتەمای پارەی كەمپەینەكە بووە.
ئەم سەنتەرە لە نیسانی 2019دا لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییەوە نوسراوێكی ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی كردووەو باسلەوە دەكات، تەنیا دوو ئامێری (لیناك)ی تایبەت بە چارەسەری نەخۆشیی لە سەنتەرەكەدا هەیەو بەهۆی زۆریی نەخۆشەوە لۆدیان لەسەر دروستبووەو لیستی چاوەڕوانی نەخۆش زیاتر لە (8) مانگی تێپەڕاندووە.
ئەم سەنتەرە لە نوسراوەكەدا داوا دەكات پارەی كەمپەینی "ژیانەوە"ی بۆ خەرجبكرێت بۆ ئەوەی بتوانێت سیستمی جیهانی (LC) دابین بكات كە پێویستە بۆ كڕینی ئامێری (لیناك).
لە بنەڕەتەوە بڕیار بوو بە پارەی ئەم كەمپەینە بینای نەخۆشخانەیەكی نوێی شێرپەنجە دروستبكرێتو ئامێری نوێی (لیناك)ی تایبەت بە نەخۆشانی شێرپەنجەی بۆ بكڕدرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارەی كەمپەینەكە كەوتە ناو گێژاوی ساختەكاریی بانكییەوە، ئەم خەونە هەرگیز نەبوو بە واقع.
لە تەموزی 2019 پارەكەی كەمپەینەكە خرایەسەر حسابی سندوقی كۆمەكی توشبوانی شێرپەنجە لە بانكی (باخان)، بەڵام ئەمە پارەی كاش نەبوو، تەنیا چەكی بانكی بەڵێندەران بوو كە ئەوكاتو ئێستاش حكومەت بە نرخی خۆی خەرجیان ناكات.
وەصی بەسەر بانكەوە !
خاوەنی راستەقینەی بانكی (شیمال) پیاوێكی دیارە بەناوی (نەوزاد جاف)، بەڵام چەند هاوپشكێكی تری هەیە، بەر لەوەی مایەپوچبوونی رابگەیەندرێت بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) سەرمایەی بانكەكە گەیشتوەتە (300 ملیار) دینار.
خاوەنی بانكەكەو یەكێك لە هاوپشكەكانی (سەعدی فایەق كۆڵەك) بەرلەوەی مایەپوچبوونی بانكەكەی رابگەیەنن، چەندین ڤێلایان لە دەرەوەی وڵات كڕیوە لەگەڵ كڕینی پشكی هەندێك كۆمپانیا، ئەمە گومانی لای هەندێك لە هاوپشكەكانی ترو ئەوانەی پارەیان لە بانكەكە داناوە دروستكردووە، ئەوانەی لە نزیكەوە ئاگاداری كەیسەكەن دەڵێن پارەی كەمپەینی شێرپەنجە لەلایەن ئەو سەرمایەدارانەوە لە كڕینی پشكو ڤێلاكاندا خەرجكراوەو سپی كراوەتەوە.
بانكی (شیمال) لە ساڵی 2016وە توشی مایەپوچبوون بووە، بەڵام هێشتا پەیكەری بانكەكە هەر ماوە، مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ (عەمار حەمەد خەلەف) جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق فەرمانێكی دەركردووەو بەگوێرەی یاسای بانكەكان، بانكی (شیمال)ی لە سلێمانی خستوەتە ژێر (الوصایە)ی خۆیەوەو (محەمەد عەلی حسێن)ی كردووە بە وەصی بەسەر بانكەكەو دەسەڵاتی ئەوەی پێ بەخشیوە رێوشوێنی دژی ئەو كەسانە بگرێتە بەر كە هۆكاربوون لە بەهەدەردانی پارەی بانكەكەو خراپ بەكارهێنانی.
بانكی شیمال كە خاوەنە راستەقینەكەی (نەوزاد جاف)ە، ئێستا تەنیا پەیكەرەكەی ماوە، كە نەكەس پارەی تێدا دادەنێتو نە كەسیش پارەی لێ رادەكێشێت، ئەو پیاوەی كە وەكو وەصی لە بانكی ناوەندییەوە بۆی دانراوە حساباتی ئەوە دەكات بانكەكە چەندی لە قەرزدایەو خۆی چەندێك پارەی خەڵكو خاوەن پشكەكانی بانكەكە قەرزارە.