Draw Media

بەرهەمهێنان لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە چارەکی سێیەمی 2022

بەرهەمهێنان لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە چارەکی سێیەمی 2022

2022-11-27 06:48:23


شیكاری: درەو

# کۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئێنه‌رجی) ئەمریکی پێشبینی دەکات بەرهەمی کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە چارەکی چوارەمی (2022) بەرزبێتەوە بۆ (42 – 47 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانەو لە ساڵی (2023)یش بگاتە (45 50 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.
# داهاتی کۆمپانیاکە لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2022 بە ڕێژەی (61%) زیادی کردووە. تەنها لە چارەکی سێیەمی ساڵی 2022 بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی 2021 داهاتی بە ڕێژەی (32%) زیادی کردووە.

کێڵگەی نەوتی سه‌رسه‌نگ
کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ دەکەوێتە سنوری (پارێزگای دهۆک)‌ەوە، ڕوبەری کێڵگەکە (420) کیلۆمەتر دووجایە، دابەشبووە بەسەر دوو ناوچەی نەوتی جیاوازدا کە بریتین لە ناوچەی (سوارە توکەو ڕۆژهەڵاتی سوارە توکە)، هەر یەکێک لەو دوو ناوچەیە سێ کۆگای نەوتی سەربەخۆی تێدایە.
لە ئێستادا پشكی (62%)ی کێڵگە نەوتییەکە دراوه‌ته‌ كۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئێنه‌رجی) ئەمریکی و پشكی (18%)ی دراوه‌ته‌ لقێکی کۆمپانیای (تۆتاڵ)ی فەرەنسی و پشكی (20%)ی ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم کوردستانە.
کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئینێرجی لە ساڵی 2007 لەلایەن (ڕۆس پیرۆت جونیۆر) دامەزراوە، کۆمپانیایەکی تایبەتی وزەی سەربەخۆیە و کاری گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.
بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکە لە شاری داڵاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایەو لقی لە هەردوو شاری تەکساس و هەولێر هەیە.
بەپێی زانیارییەکانی پێشووتری کۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئێنه‌رجی) ئەمریکی توانای هەردوو ناوچەکەی کێڵگەکە بەم جۆرەیە؛
یەکەم؛ سوارە توکە؛ بەشی گرنگ و سەرەکی کێڵگە نەوتییەکەیە شەش بیری نەوتی تێدایەو توانای بەرهەمهێنانی (29 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەیە بە کولێتیەکی بەرزی (36 – 39 API)، لە ئێستادا بەرهەمەکەی لە ڕێگەی تانکەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ فیشخابوور و پلان وایە داهاتوویەکی نزیکدا لە ڕێگەی بۆرییەوە بەرهەمەکەی بگوازرێتەوە، کە لە ئێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لە قۆناغی دروستکردندایە.
دووەم؛ رۆژهەڵاتی سوارە توکە؛ ناوچەیەکی دیکەی نەوتییە لە چوارچێوەی کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ و یەک بیری نەوتی تێدایەو توانای بەرهەمهێنانی (2 هەزار و 500) بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەیە بە کولێتیەکی بەرزی (36 – 39 API).
بەپێی دواین ڕاپۆرتی کۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئێنه‌رجی) بۆ سێ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ خستوویەتیە ڕوو؛
1.    داهاتی کۆمپانیاکە لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2022 بە ڕێژەی (61%) زیادی کردووە. تەنها لە چارەکی سێیەمی ساڵی 2022 بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی 2021 داهاتی بە ڕێژەی (32%) زیادی کردووە.
2.    تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگەکە لە نۆ مانگی یەکەمی 2022 هاوتا بووە لەگەڵ سێ چارەکی یەکەمی ساڵی 2021، کە بریتی بووە لە (29.8 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ تێکڕای بەرهەمهێنان (30.1 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بووە.
3.    لە هەوڵە نوێیەکانی کۆمپانیاکە لە زۆنی "سوارە توکە" لە ئەیلولی (2022)دا بۆ یەکەم جار توانراوە ئاستی بەرهەمهێنانی بگەیەنرێتە (25 هەزار) بەرمیلی ڕۆژانە، چونکە پێشتر ڕۆژانە (18 هەزار) بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە، چونکە؛
‌أ.    (5) بیری نوێ کە لە ماوەی ساڵانی (2021 و 2022) لێدراون بەستراوەتەوە بە دامەزراوە نوێیەکەوەو ئێستاش لەهەوڵی بەرهەمهێنانی باشتری ئەو بیرانەن بۆ ئەوەی بگەن بە توانای بەرهەمهێنانی تەواو.
‌ب.    کۆپانیاکە لە مانگی ئابدا بیری (ST B8) گەیاندووەتە قۆناغی کۆتایی، کە بەرهەمهێنان زیاد دەکات بۆ دامەزراوە نوێیەکە لە کۆتایی مانگی ئازاری 2023. تاقیکردنەوە سەرەتاییەکانیش ئاماژەن بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر.
‌ج.    کارکردن لەسەر باشترکردنی دامەزراوەکە، لەوانەش پەیڕەوکردنی سیستەمی ئەمین (کە ڕێگە بە "ئێچ کەی ئێن" دەدات گازی سروشتی وەک سووتەمەنی بەکاربهێنێت) و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاوی نێو بیرەکان، تا ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوام دەبێت.
4.    کۆمپانیای "ئێچ کەی ئێن"  لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2022دا (8) جار پارەی فرۆشتنی نەوتیان وەرگرتووە، بە کۆی گشتی داهاتی نەختینەییان بریتی بوو لە (248.5 ملیۆن) دۆلار.
5.    کۆمپانیای "ئێچ کەی ئێن" ڕێککەوتنی فرۆشتنی نەوتی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەموارکردەوەتەوە کە لە 1ی ئەیلولی 2022ەوە هەموارەکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
‌أ.    لە ڕێکەوتنە هەموارکراوەکەدا نرخی نەوتی خاوی سەرسەنگ بەو نرخە دەخەمڵێنرێت کە حکومەتی هەرێم دەیفرۆشێت، نەک نرخی نەوتی برێنت.
‌ب.    بەهای نەوتی خاوی سەرسانگ بەهۆی بەرزبوونەوەی API و کەمبوونەوەی گۆگرد، بەرز دەبێتەوە.
‌ج.    هەروەها بەپێی هەموارکردنەکە مەرجەکانی هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆرییەوە ڕاستەوخۆ لە سنووری بلۆکی سەرسەنگەوە دەبێت. ئەمەش ڕێگە بە هەناردەکردنی زیاتر لە 90%ی نەوتی خاوی سەرسەنگ دەدات بە تەواوی لە ڕێگەی بۆرییەوە بێت و بەکارهێنانی بارهەڵگرەکان (تانکەر) بۆ گواستنەوەی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.
6.    بەرنامەی بەدەستهێنانی بومەلەرزەزانی سێ ڕەهەندی (3D) کە نیوەی ڕۆژئاوای سوارە توکە دەگرێتەوە لە چارەکی سێیەمی ساڵی ٢٠٢٢ کۆتایی هاتووەو لە ئێستادا خەریکی پرۆسێسکردن و هەڵسەنگاندنی داتا بەدەست هاتووەکانن.
7.    کۆمپانیای "ئێچ کەی ئێن" ڕایگەیاندووە؛ تا مانگی ئابی 2022 (168 ملیۆن) دۆلاری وەک پاداشتی قازنج خەرجکردووە.
8.    کۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئێنه‌رجی) ئەمریکی پێشبینی دەکات بەرهەمی کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە چارەکی چوارەمی (2022) بەرزبێتەوە بۆ (42 – 47 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانەو لە ساڵی (2023)یش بگاتە(45 - 50 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.
9.    چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمهێنان لە هەردوو دامەزراوەی "سوارە توکە" لە چارەکی دووەمی 2022دا بە بۆرییەوە ببەسترێتەوە.


نەخشەی پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ


دەرەنجامی کارەکانی کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئێنرجی لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ


سەرچاوە؛
-    ڕاپۆرتی کۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئێنه‌رجی) ئەمریکی، بۆ چارەکی سێیەمی ساڵی 2022.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand