هاوپەیمانی: داوامان نەكردووە دەنگی پێشمەرگە پوچەڵبكرێتەوە
2018-06-10 08:44:41
(درەو میدیا):
وتەبێژی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی رایدەگەیەنێت" هاوپەیمانی هەرگیز داوای نەكردووە دەنگی پێشمەرگە و هیزەكانی ناوخۆ پووچەڵ بكرێتەوە و پێشنیازی واشی نەكردووە"
سەبارەت بە تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پارێزگای كەركوك رایدەگەیەنێت" ھاوپەیمانی تا ئێستا تانەی لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك نەداوە، چونكە بەپێی رێكارەكان، ھێشتا موتابەقەی دەنگەكان لەو پارێزگایە نەكراون و تائێستا بەڵگە و دۆكیومێنتەكان لە كۆمسیۆن وەرنەگیراوە"
پێشی وایە " ئەوەی لە سلێمانی لێیان قەوماوە بە فرمێسكی نیفاق و ریاكارانە دەیانەوێت بۆ كەركوك پەردەپۆشی بكەن، بەڵام خەڵكی كوردستان دەزانێ نەوت دز و خاك فرۆشان، ئەوانەی كەركوكیان لەدەستدا، ئابرووی بەرگری لە كەركوك و پێشمەرگەیان نەماوە. كوردستانیبوونی كەركوك بە ساختەكاری و دزی و باندی مافیایی و نەوتفرۆشی نابێت"
دەقی راگەیەنراوەكە:
ڕاگەیاندراوێك لە وتەبێژی ھاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری
سەبارەت بەو تەزویرو ساختەكاریە ئابروبەرانەی ھەندێ لایەنی سیاسی لە ھەڵبژاردنی ۱۲ی ئایار ئەنجامیاندا، كە بۆتە مایەی ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە عیراق و كوردستان، و ئەنجام پەرلەمانی عێراق بڕیاڕێكی پەسەند كرد بۆ هەژماركردنەوەی دەنگەكان و چارەسەری كۆمەڵی تەزویر و ساختەكاری لە دەنگی هاوڵاتیان.
ھاوپەیمانی دووپاتی دەكاتەوە، بەھەموو ھێز و توانای خۆی، لەگەڵ لایەنە دیموكراتخوازەكان، بەرگری لە دەنگی ڕەوای ھاوڵاتیان دەكات و ئەوەی پێویست بێت، لەچوارچێوەی رێكارە قانونیەكان، لەھەر كات و جێگەیەك بێت، بێ دوودڵی و بە راشكاوی كار بۆ گەڕاندنەوەی ئەو دەنگە دزراوانە دەكات.
ھەر لەو چوارچێوەیەدا بە پێویستی دەزانین بۆ رای گشتی روونبكەینەوە كە:
١- ھاوپەیمانی تا ئێستا تانەی لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك نەداوە، چونكە بەپێی رێكارەكان، ھێشتا موتابەقەی دەنگەكان لەو پارێزگایە نەكراون و تا ئێستا بەڵگە و دۆكیومێنتەكان لە كۆمیسیون وەرنەگیراوە. بەڵام ساختەكارەكان بەھۆی ئەو بەڵگەو دیكۆمێنتانەی كەلە لایەن كۆمسیۆنەوە دەرچوون، و كە دەیسەلمێنن بەتایبەتی لە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەكی ئابرووبەرانە تەزویر كراوە، بۆیە دەیانەوێت (پێش تا بەڕە بەخۆیان دابدەن) و ئەوەی لە سلێمانی لێیان قەوماوە بە فرمێسكی نیفاق و ریاكارانە بۆ كەركوك پەردەپۆشی بكەن، بەڵام خەڵكی كوردستان دەزانێ نەوت دز و خاك فرۆشان، ئەوانەی كەركوكیان لەدەستدا، ئابرووی بەرگری لە كەركوك و پێشمەرگەیان نەماوە. كوردستانیبوونی كەركوك بە ساختەكاری و دزی و باندی مافیایی و نەوتفرۆشی نابێت.
۲- سەبارەت بە دەنگدانی پێشمەرگەو ھێزە ئەمنیەكان؛ پێشمەرگە پیرۆزە و هێمای خەباتی گەلی كوردستانە. هاوپەیمانی هەرگیز داوای نەكردووە دەنگی پێشمەرگە و هیزەكانی ناوخۆ پووچەڵ بكرێتەوە و پێشنیازی واشی نەكردووە، پێچەوانەكەی ڕاستە ئێمە لەگەڵ ڕێزگرتنین لە دەنگ و پێگەی پێشمەرگە وهێزەكانی ناوخۆ و لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەڕێی گونجاوین بۆ هەژماركردنی دەنگە راستەقینەكانیان. سەرەڕای ئەوەی ساختەكاری لە دەنگدانی تایبەت كراوە، دەشزانین ژمارەیەكی بەرچاو دەنگیان بە ھاوپەیمانی داوە. تەزویركارەكان وەك چۆن لە رابردوو، بە بێباكی مامەڵەیان لەگەڵ پێشمەرگە كردووە، وەك چۆن بە ھەرزان سەیری گیان و ژیانی پێشمەرگەو ھاوسەرو منداڵەكانیان كردوە، لەم ھەڵبژاردنەش ھەر وایان كرد، بۆیە ساختەكاری و بێباكی لە دەنگی پێشمەرگە هۆكاری گومانكردن بووە لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان.
وتەبێژی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری
۱٠ حوزەیرانی ۲٠۱۸