عەلی بەشار لە هەولێرەوە رەوانەی فرانكفۆرت كرا
2018-06-10 07:04:43
( درەو میدیا):
عەلی بەشار تۆمەتبار بە ئەنجامدانی دەستدرێژی سێكسی و خنكاندنی كچێكی تەمەن 14 ساڵانی ئەڵمانیی ئێوارەی دوێنێ شەممە لە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە گەیەنرایە فڕۆكەخانەی فرانكفۆرتی ئەڵمانیا.
هۆرست سیهۆڤەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی خۆشحاڵی خۆی بە دەستگیركردن و رەوانەكردنەوەی عەلی بەشار بۆ ئەڵمانیا دەربڕی و هیوای خواست بە زوویی دادگایی بكرێت.
عەلی بەشار كە تشرینی یەكەمی 2015 لەگەڵ لێشاوی كۆچبەراندا گەیشتوەتە ئەڵمانیا، بەوتەی پۆلیسی ئەو وڵاتە 22 و 23ی ئایاری رابردوو دەستدرێژی سێكسی كردووەتە سەر سوزانا فیلدمانی 14 ساڵ و پاشان خنكاندویەتی.
عەلی بەشار دوای بەجێهێشتنی ئەڵمانیا دوانیوەڕۆی هەینی لە قەزای زاخۆی هەرێمی كوردستان دەستگیركرا و سەرەڕای نەبوونی هیچ رێككەوتنێك لە نێوان عێراق و ئەڵمانیا بۆ رادەستكردنەوەی تۆمەتباران بە یەكتری ئێوارەی شەممە بە فڕۆكەیەكی كۆمپانیای لۆفتهانزا لە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە گەیەنرایە فڕۆكەخانەی فرانكفۆرتی ئەڵمانیا.