تەنها لە دەنگدانی ئاوارە و تایبەتدا پارتی 6 كورسی لەدەستدەدات
2018-06-09 15:04:23
(درەو میدیا):
تەنها بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت و ئاوارەكانەوە پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر لە 6 كورسی لەدەستدەدات.
لە مادەی سێیەمی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە دانیشتنی رۆژی 6/6/2018 پەسەندكرا، ئەنجامی هەڵبژاردنی دەرەوە و ئاوارەكان و جوڵەی دانیشتوان و دەنگدانی مەرجداری هەڵوەشاندەوە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان.
تەنها لە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەتدا، پارتی دیموكراتی كوردستان نزیكەی 3 كورسی لەدەست دەدات چونكە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 دا لە پارێزگای ( 70083 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە و لە پارێزگای دهۆكیش ( 48017 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، كە پارتی دەنگی زۆرینەی هێزە ئەمنییەكانی ئەو دوو پارێزگایەی لە دەنگدانی تایبەتدا بەدەستهێناوە.
هاوكات لە هەڵوەشاندنەوەی دەنگی ئاوارە و جوڵەی دانیشتواندا پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر لە 3 كورسی لەدەستدەدات، بەتایبەتیش لە پارێزگای نەینەوا كە پارتی دیموكراتی كوردستان 6 كورسی لەو پارێزگایە بەدەستهێناوە و زۆرینەیان لە دەنگی ئاوارە و جوڵەی دانیشتواندا بەدەستی هێناون.
بە وتەی بەرپرسی هەڵبژاردن لە مەڵبەندی نەینەوای یەكێتی، بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی هەرسێ جۆرەكەی دەنگدانی ئاوارەكانەوە لە موسڵ پارتی لە كۆی 6 كورسییەكەی 3 كورسی لەدەست دەدات، پێشی وایە : لەناو كەمپەكانی پارێزگای دهۆك (مەرجدار) كە ژمارەیان 88 هەزار دەنگدەر بوو، دەنگدان لە ڕێگای كارتی نوێی دەنگدانەوە (بایۆمەتری) كە ژمارەیان 111 هەزار دەنگدەر بوو، جۆری سێیەمیش كە بەجوڵەی دانیشتوان ناودەبرێت ژمارەیان 49 هەزار بووە، پارتی دەنگێكی زۆری لەناو ئەو سێ جۆرە دەنگدانەدا هێناوە، بەپێی مادەی سێیەمی یاساكەی پەرلەمانی عێراق دەنگدانی ئاوارەكان بەتەواوی جۆرەكانیانەوە هەڵوەشاوەتەوە بەو پێیەش پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت و ئاوارەكانەوە زیاتر لە 6 كورسی لەدەست دەدات.