Draw Media

بەهۆی ناڕەزایی زۆر بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ كادری مەڵبەندەكان كۆدەبێتەوە

بەهۆی ناڕەزایی زۆر بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ كادری مەڵبەندەكان كۆدەبێتەوە

2022-11-15 07:38:34


درەو:

بەهۆی ناڕەزایی و نیگەرانی (ئاسۆ مامامەند، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ) بافڵ تاڵەبانی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سەرپەرشتیاری مەڵبەندەكانی هەڵوەشاندەوە، ئەمڕۆش لە قەڵاچوالان لەگەڵ كادرە ناڕازییەكانی حزبەكەی كۆدەبێتەوە.
بە بڕیارێكی بڕیاردەر (رەفعەت عەبدوڵا) بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رۆژی 6/11/2022  سەرپەرشتیاری سنوری مەڵبەندەكانی یەكێتی هەڵوەشێندرایەوە، ئەم بڕیارە نیگەرانی و ناڕەزایی سەرپەرشتیارانی مەڵەبەندەكانی لێكەوتەوە (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سەرپەرشتیاری مەڵبەندەكانی دەڤەری سلێمانی، ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری مەڵبەندەكانی كەركوك، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، سەرپەرشتیاری مەڵبەندەكانی هەولێر) دوای ناڕەزاییان لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پۆستەكانیان بە پێی زانیارییەكانی (درەو) بافڵ تاڵەبانی بڕیارەكەی هەڵوەشاندووەتەوەو جارێكی تر ئەوان لە پۆستەكانیان بەردەوام دەبن.
بڕیاری رێكخستنەوەو كەمكردنەوەی ژمارەی كادرانی مەڵەبەندەكان ناڕەزایی زۆری لەناو یەكێتی درووستكردووە، لە كۆی نزیكەی (4) هەزار كادری مەڵبەندەكان تەنیا (800) كادری مەڵبەندەكان لە جێگر و بەرپرسی بەشەكان جێگەیان كراوەتەوەو ماونەتەوە، نزیكەی (3 هەزارو 200) كادری یەكێتی دوورخراونەتەوەو ناڕازین لە بڕیارەكە.
لە كۆبونەوەی رۆژی 8/11/2022ی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، رەفعەت عەبدوڵا لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاندووە، پەلەكراوە لە گۆڕانكاری ناو مەڵبەندەكان و كێشەو گرفتی زۆری درووستكردووە.
بڕیارە كاتژمێر (2:00)ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە قەڵاچوالان بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ كادری مەڵبەندەكانی (سلێمانی و گەرمیان) كۆببێتەوەو چاوەڕوان دەكرێت، گۆڕانكارییەكانش هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەم كێشەو ناڕەزاییە ناوخۆییانەی یەكێتی هاوكاتە لەگەڵ ناكۆكی و ململانێی نێوان یەكێتی و پارتی، كە لە ئێستادا گەیشتووەتە ئاستێك قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بایكۆتی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand