Draw Media

مەكتەبی سیاسی نوێی پارتی چۆن دابەشبووە ؟ 

مەكتەبی سیاسی نوێی پارتی چۆن دابەشبووە ؟ 

2022-11-12 13:05:01


 
راپۆرت: درەو
مەكتەبی سیاسی نوێی پارتی لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی و بارەگای بارزانیدا دابەشبووە، لەكۆی (17) ئەندامی مەكتەبی سیاسی نێچیرڤان بارزانی تەنیا (3) دەنگی هەیە، ئەمە لەكاتێكدایە مەسرور بارزانی‌و لیستی بارەگای بارزانی (14) دەنگی مەكتەبی سیاسییان كۆنترۆڵكردووە، نەخشەی دابەشبوونی كۆمیتەی ناوەندیی‌و مەكتەبی سیاسی نوێی پارتی لەم راپۆرتەدا.

ستافێكی نوێ 
كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ كۆبووەوە‌و مەكتەبی سیاسی نوێی پارتی هەڵبژاردن. 
ئەمە یەكەم كۆبونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی بوو دوای كۆنگرەی 14ی پارتی، كە رۆژی 3 تا 6ی ئەم مانگە لە دهۆك بەڕێوەچوو. 
كۆمیتەی ناوەندیی ناوێكی نوێیە كە لە كۆنگرەی 14ی پارتیدا لەبری ناوی (ئەنجومەنی سەركردایەتی) دانرا، ئەم ئەنجومەنە كە (51) كەس پێكدێت، ئەمڕۆ لەناوخۆیدا (17) كەسی وەكو ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەڵبژاردن. 
ئەوانەی بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی هەڵبژێردران، ئەمانەن:
(فازڵ میرانی- فوئاد حوسێن- هۆشیار زێباری- ئازاد بەرواری- مەحمود محەمەد- رێبوار یەڵدا- كەمال كەركوكی- زەعیم عەلی- سیداد بارزانی- هێمن هەورامی- پشتیوان سادق- هیوا ئەحمەد مستەفا- سەربەست لەزگین- زاگرۆس فەتاح- نەوزاد هادی- ئامینە زیكری- عەلی حوسێن).
دیارترین ئەو ئەندامانەی پێشتری مەكتەبی سیاسی پارتی كە ئەمڕۆ دانەنرانەوە بریتین لە هەریەكە لە (جەعفەر ئیمنیكی- كاكەمین نەجاڕ- عززەدین بەرواری).
مەكتەبی سیاسی پارتی لەماوەی ساڵانی رابردوودا یەكێك لەو ئۆرگانانەی پارتی بوو كە رۆڵی لە سیاسەتەكانی پارتیدا زۆر لاواز بوو، كەمترین كۆبونەوەی هەبوو، هەندێك لە كۆبونەوەكانیشی لە میدیاكانی پارتییەوە پەخش نەدەكرا. 
دوای وازهێنانی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و كردنەوەی بارەگای بارزانی، راوێژكارەكانی بارەگای بارزانی رۆڵی مەكتەبی سیاسییان دەگێڕا، بەڵام مەكتەبی سیاسی نوێی پارتی لەسەردەمی ئاڵوگۆڕێكی نوێی سیاسی لەناو بنەماڵەی بارزانیدا دەستبەكاربووە‌و لەحاڵی بوونی ناكۆكیدا لەنێوان دوو جێگرەكەی سەرۆكی حزبدا لە داهاتوودا، رۆڵی مەكتەبی سیاسی گەورەو یەكلاكەرەوە دەبێت. 

مەكتەبی سیاسی چۆن دابەشبووە ؟
دابەشبوونی نوێی مەكتەبی سیاسی پارتی، نیشانی دەدات لەم ئۆرگانە هەستیارەی پارتیدا، نێچیرڤان بارزانی پێگەی لاواز بووە‌و لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی كە یەكەمجارە پۆستی جێگری سەرۆكی پارتی وەردەگرێت، بە پشتیوانی كاندیدەكانی بارەگای بارزانی، زۆرینەی مەكتەبی سیاسی كۆنترۆڵكردووە. 
نێچیرڤان بارزانی كە لە مەكتەبی سیاسی پێشووی پارتیدا لایەنگرەكانی زۆرینە بوون، ئەمجارە دەنگی زۆرینەی مەكتەب سیاسی لەدەستداوە، بە جۆرێك لە كۆی (17) ئەندامی نوێی مەكتەبی سیاسی پارتی تەنیا (3) ئەندامیان سەربە نێچیرڤان بارزانین كە بریتین لە هەریەكە لە (فازل میرانی- مەحمود محەمەد- نەوزاد هادی). 
ئەمە لەكاتێكدایە ئەو ئەندامانەی مەكتەبی سیاسی كە سەربە بارەگای بارزانین لە كۆی (17) كەس ژمارەیان (8) كەسە كە بریتین لە هەریەكە لە (سیداد بارزانی برای مەسعود بارزانی- ئازاد بەرواری- هۆشیار زێباری- زەعیم عەلی- كەمال كەركوكی- رێبوار یەڵدا- ئامینە زكری- فوئاد حسێن).
مەسرور بارزانی جگە لە كاندیدەكانی بارەگای بارزانی، خۆشی بەشێوەی سەربەخۆ لە كۆی (17) ئەندامی مەكتەبی سیاسی (6) ئەندامی هەیە، كە هەموویان یەكەمجارە دەچنە ناو مەكتەبی سیاسییەوە، لایەنگرەكانی مەسرور بارزانی لە مەكتەبی سیاسی نوێی پارتیدا بریتین لە (هێمن هەورامی- پشتیوان سادق- هیوا ئەحمەد مستەفا- سەربەست لەزگین- زاگرۆس فەتاح - عەلی حوسێن).
واتە بەگوێرەی ئەم دابەشبوونە نوێیە، لەناو مەكتەبی سیاسی پارتیدا دەنگەكان بەمشێوەیەن: 
•    لیستی بارەگای بارزانی: 8 دەنگ
•    لیستی مەسرور بارزانی: 6 دەنگ
•    لیستی نێچیرڤان بارزانی: 3 دەنگ 

كارگێڕەكان چۆن دادەنرێن ؟
كۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی هەڵبژارد، مەكتەبی سیاسیش دواتر كارگێڕەكانی خۆی هەڵدەبژێرێت، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی نوێی پۆستی سكرتێری مەكتەبی سیاسی لابراو لەبری ئەوە دانانی (5) كارگێڕو بەرپرسی دەستەی كارگێڕ دانرا. 
پۆستی بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی تاڕادەیەك هاوشێوەی پۆستی سكرتێری مەكتەبی سیاسییە، تا بەر لە كۆنگرەی چوارەم (فازل میران) كە سەربە نێچیرڤان بارزانییە سكرتێری مەكتەبی سیاسی بوو، هێشتا دیار نییە كێ لە پۆستی بەرپرسی دەستەی كارگێڕی نوێی مەكتەبی سیاسی پارتیدا دادەنرێت، زانیارییەكان باس لە ناوی دوو كەس دەكەن، كە یەكێكیان (فازل میران)‌و ئەوی تر (هۆشیار زێباری)یە، ئەگەر هۆشیار زێباری لە پۆستەكەدا دابنرێت، نێچیرڤان بارزانی لە پەیكەری نوێی پارتیدا جگە لە پۆستەكەی خۆی (جێگری سەرۆكی حزب)، هیچ پۆستێكی تری بەدەستەوە نابێت. 

كۆمیتەی ناوەندیی چۆن دابەشبووە ؟
كۆمیتەی ناوەندیی پارتی كە هەڵبژێردراوی كۆنگرەی 14یە، نەخشەی دابەشبوونی دەسەڵاتی پارتی لەدوای مەسعود بارزانی دەردەخات، بەپێی ئەم نەخشەیە، (51) ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی دەنگەكانیان بەمشێوەیە دابەشبووە: 
•    لیستی بارەگای بارزانی: 15 دەنگ
•    لیستی مەسرور بارزانی: 30 دەنگ 
•    نێچیرڤان بارزانی: 6 دەنگ

دەسەڵاتەكانی تر !
كۆنگرەی 14ی پارتی كۆنگرەیەك دەبێت كە ئەنجامەكانی كاریگەری گەورەی لەسەر داهاتووی پارتی دەبێت.  
مەسعود بارزانی دوای 43 ساڵ سەرۆكایەتیكردنی پارتی، لەم كۆنگرەیەدا جارێكی تر وەكو سەرۆكی حزب مایەوە، بەڵام بەشێوەیەكی كردەیی ئامادەكاریی بۆ دوركەوتنەوەی لە گۆڕەپانی سیاسی دەكات. 
لەم كۆنگرەیەدا، بە بڕیاری بارزانی‌و لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی خێزانیدا، بۆ جاری یەكەم لە مێژووی پارتیدا پۆستی جێگری سەرۆك لە (یەك) جێگرەوە بۆ (دوو) جێگر زیاد كرا، ئەمەش تەنیا بەمەبەستی زامنكردنی پێگەی مەسرور بارزانی كوڕە گەورەی مەسعود بارزانی لە داهاتووی پارتیدا. 
مەسرور بارزانی لەكاتێكدا پۆستی جێگری سەرۆكی پارتی وەرگرت، كە هاوكات بەهێزترین پۆستی سیاسی هەرێمی كوردستانی بەدەستەوەیە كە پۆستی (سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران)ە‌و لەپاڵ ئەمەشدا هەر خۆی بڕیاربەدەستی دەزگای (پاراستن)ە كە هەستیارترین ئۆرگانی ئەمنیی پارتییە، ئەمە جگە لەوەی تائێستا هەر خۆی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانە. 
ئەوەی بۆ نێچیرڤان بارزانی وەكو جێگری یەكەمی سەرۆكی پارتی ماوەتەوە جگە لە پۆستی (سەرۆكی هەرێمی كوردستان)ە كە ئەویش بەهۆی هەژموونی (بارەگای بارزانی)یەوە كاریگەرییەكەی جارانی نەماوە، تەنیا بڕێك (دیپلۆماسیەت)‌و هەندێك ئابورییە كە لەماوەی (17) ساڵی سەرۆكایەتیكردنی حكومەتدا بۆ خۆی‌و كوڕو كەسە نزیكەكانی بنیادی ناوە، لەگەڵ هەندێك پەیوەندی دەرەكیی كە بەمدواییە بەهۆی هاتنی مەسرور بارزانییەوە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت وردە وردە ئەو پەیوەندییانەشی لاواز دەبن.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand