Draw Media

"رێگری دەكرێت و نێچیرڤان بارزانی تەداخول دەكات" 

"رێگری دەكرێت و نێچیرڤان بارزانی تەداخول دەكات" 

2022-11-09 18:50:10


درەو:
لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رێگری دەكرێت، بافڵ تاڵەبانی ئاگادار دەكرێتەوە نابێت وەهاب هەڵەبجەیی بچێتە هەولێر، هێزێكی دژەتیرۆری پارتی چوار دەوری فڕۆكەخانە دەگرن، نێچیرڤان بارزانی تەداخول دەكات، دوای ماوەیەك مانەوە رێگەدرا، بافڵ تاڵەبانی كۆبونەوەی لەگەڵ نێردەی وڵاتان بە وەهاب هەڵەبجەییەوە كرد و وتی "ناتوانین بەم شێوازە بەردەوام بین، پاكێجێكمان ئامادەیە بۆ بەغداد"

ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە مەبەستی كۆبوونەوە لەگەڵ كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی جیهان سەردانی شاری هەولێری كرد، لەسەردانەكەیدا وەهاب هەڵەبجەیی فەرماندەی هێزەكانی دژەتیرۆری یەكێتی هاوەڵی بافڵ تاڵەبانی بوو (وەهاب هەڵەبجەیی و چەند فەرماندەیەكی دژە تیرۆر لەلایەن ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمەوە تۆمەتباركراون بە كوشتنی هاوكار جاف) لە سلێمانیەوە بە فڕۆكەی تایبەت دەچنە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.
بە پێی ئەو زانیاریانەی بە(درەو) گەیشتووە،دوای دابەزینی بافڵ تاڵەبانی لە فڕۆكەو چونە شوێنی (VIP )ی فڕۆكەخانەی هەولێر لەوێ ئاگادار دەكرێنەوە كە رێگە نادرێت وەهاب هەڵەبجەیی بچێتە ناو هەولێر لەبەر ئەوەی لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە داوكراوە، بافڵ تاڵەبانی سور دەبێت لەسەر ئەوەی ناگەڕێنەوەو دەچنە هەولێر، بەڵام پێیان رادەگەیەنرێت كە بەهیچ    شێوەیەك قبوڵناكرێت بچنە هەولێر، دوای گفتوگۆیەكی زۆر، دواتر لە رێگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پەیوەندی بە نێچیرڤان بارزانیی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دەكرێت، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: پێویست ناكات كەسێك كە داواكراوە لەگەڵ خۆتان بیهێننە هەولێر، دۆخەكە هی ئەوەنیە ئەو بەو شێوەیە مامەڵە بكەن، دوای گفتوگۆیەكی زۆر رێگەیان پێدەدرێت بچنە هەولێر، بەڵام چوار چوار دەوری فڕۆكەخانەی هەولێر و ناو فڕۆكەخانە بە هێزی دژە تیرۆر دەگیرێت.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) بافڵ تاڵەبانی لە كۆبونەوەی لەگەڵ كونسوڵ و نێردەی وڵاتان، ئەو ڤیدیۆیەی لەلایەن دژەتیرۆرەوە ئامادەكرابوو دەخاتەروو پێیشان رادەگەیەنێت چی گومان و پرسیارێكتان هەیە لە فەرماندەی دژەتیرۆری بكەن لەسەر كەیسی (هاوكار جاف) بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكردووە، كە بڵاوكردنەوەی دانپێدانانەكە لەلایەن ئەنجومەنی ئاساییشەوە درووستكراوبووەو پارتی وەك كارت بەرامبەر بە یەكێتی بەكاری هێناوە.
سەبارەت بە دۆخی هەرێمیش بافڵ تاڵەبانی بە نێردەی وڵاتانی ووتوە، نیگەرانین لە شێوازی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان و بەم شێوەیە ناتوانین لە كابینەكەی مەسرور بارزانی بەردەوام بین.
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكردووە، وەك یەكێتی پاكێجێكمان ئامادەكردووە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغداد ئیتر سەرقاڵی كاری خۆمان دەبین چونكە بێهیوا بووین لەم حكومەتە.
سەبارەت بە هێزە چەكدارەكانیش بافڵ تاڵەبانی بە نێردەی وڵاتانی راگەیاندووە، ئیتر هێزی سەربازی خۆمان رێك دەخەینەوەو خۆمان سەرپەرشتیان دەكەین. 
سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی كە وەهاب هەڵەبجەیی هاوشانی بوو بۆ هەولێر، پارتیەكانی تووڕەكردووەو وەك تەحەدایەك بۆ بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش دەیبینن كە لەلایەن مەسرور بارزانیەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.
بەشێك لە پەیجە نافەرمیەكانی پارتی بڵاویانكردووەتەوە، "لەمەودوا رێگا بە بافڵ تاڵەبانی نادرێت بێتە هەولێر".

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand