Draw Media

دانه‌ غاز له‌ كۆرمۆر قازانجی كردووه‌

دانه‌ غاز له‌ كۆرمۆر قازانجی كردووه‌

2022-11-09 08:59:23


(درەو): 
كۆمپانیای (دانە غاز)ی ئیماراتی رێژەی قازانجی خۆی لە (9) مانگی ئەمساڵدا راگەیاند، ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و غازی له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆری هه‌رێمی كوردستان به‌رزكردوه‌ته‌وه‌و به‌مه‌ش قازانجی كۆمپانیاكه‌ زیادیی كردووه‌. 
بەگوێرەی راپۆرتی كۆمپانیاكە، لە (9) مانگی ئەمساڵدا پوختەی قازانجی كۆمپانیاكە گەیشتوەتە (161 ملیۆن) دۆلار، ئەمە لەكاتێكدایە لە (9) مانگی ساڵی رابردوودا رێژەی قازانج كەمتر بووە‌و بڕەكەی (98 ملیۆن) دۆلار بووە. 
بەم پێیە ئاستی گەشەی قازانجی كۆمپانیاكە لە (9) مانگی ئەمساڵدا بەرێژەی 64% بووە، كۆمپانیاكە ئەو قازانجەی كە بەشێوەی نەخینە دەستیكەوتووە بەسەر خاوەن پشكەكاندا دابەشیكردووە بە بڕی (4.5)  فلس بۆ هەر پشكێك.
كۆمپانیای (دانە غاز) كە لە كێڵگەی غازی (كۆرمۆر) لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا كاردەكات، ئاشكرایكردووە، توانای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بەرێژەی (11%) زیادیكردووە. 
كۆمپانیاكە هۆكاری زیادبوونی قازانجەكانی بۆ (بەرزبوونەوەی نرخی نەوت‌و غاز- بەردەوامبوونی لەسەر كەمكردنەوەی خەرجییەكان- بەهێزی ئەدای كاركردنی تیمەكەی لە هەرێمی كوردستان) دەگەڕێنێتەوە.  
لە (9)ی ئەمساڵدا بەگشتی داهاتی كۆمپانیاكە بەرێژەی 24%ی زیادی كردووە‌و گەیشتوەتە  (415 ملیۆن) دۆلار، ئەمە لەكاتێكدایە لە (9) مانگی ساڵی رابردوودا بڕی داهاتەكەی (334 ملیۆن) دۆلار بووە، كۆمپانیاكە باسلەوە دەكات بەرێژەی (7%) خەرجی بەكاربردنی كەمكردوەتەوە. 
بۆ دەرهێنانی ئەم ئامارانە، كۆمپانیاكە بە تێكڕا بڕی (85) دۆلاری بۆ نرخی هەر بەرمیلێك (كۆندێنسەیت) دیاریكردووە، هەروەها بڕی (43) دۆلاریشی بۆ نرخی هەرمیلێك غازی (LPG) دیاریكردووە. ئەم نرخانە لەهەمان وادەدا لە ساڵی رابردوو (51) دۆلار بە (34) دۆلار بووە.
راپۆرتی كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوەكردووە، لە (9) مانگی ئەمساڵدا بەهۆی جێبەجێكردنی پرۆژەیەكەوە، ئاستی بەرهەمهێنان لە كێڵگەی (كۆرمۆر)ی هەرێمی كوردستان لە (50 پێ سێجا)ی رۆژانەوە بەرزبوەتەوە بۆ (500 پێ سێجا)ی رۆژانە. 
لەپاڵ غازدا، كۆمپانیای (دانەغاز) ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیشی لە كێڵگەی كۆرمۆر بەرزكردوەتەوە (34 هەزارو 300) بەرمیل، ئەمە لەكاتێكدایە ساڵی رابردوو لەم وادەیەدا رێژەكە (34 هەزار) بەرمیل بووە. 
(دانە غاز) خۆی وەكو گەورەترین كۆمپانیای ناوچەیی تایبەت بە بەرهەمهێنانی غازی سروشی لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەناسێنێت، ئەم كۆمپانیایە لە دێسەمبەری 2005 دامەزراوە‌و لە بازاڕی دراوی ئەبوزەبی تۆماركراوە، جگە لە هەرێمی كوردستان، كۆمپانیاكە لە میسر‌و ئیماراتی عەرەبیش كاردەكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand