Draw Media

كابینەی نۆ (%24)ی هەنگاوەكانی چاكسازی جێبەجێكردووە

كابینەی نۆ (%24)ی هەنگاوەكانی چاكسازی جێبەجێكردووە

2022-11-08 13:48:15


درەو:
راپۆرتی: رێكخراوی ستۆپ

"كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا لە (24%)ی هەنگاوەكانی چاكسازی جێبەجێكردووە" ئەمە بەشێكە لە راپۆرتی رێكخراوی ستۆپ كە لەلایەن رێكخراوی (NED)ی ئەمریكیەوە پاڵپشتی دەكرێت.
 


پێشەکی:
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەم کابینە بوو کە کارنامەکەی لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا، ئەمەش هەنگاوێک بوو بە ئاراستەی پێشخستنی فۆرمی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵێک تێبینی لەسەر کارنامەکە و شێوازی ئامادەکردنی هەبوو، بەڵام دەرفەتی ئەوەی دروستکرد بتواندرێ هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.
هێڵە گشتیەکانی چاکسازی لە کابینەی نۆیەم لە 13 خاڵ لەچوارچێوەی 52 خاڵی کارنامەکە پێکهاتووە، کە دەکرێت بڵێین زۆرینەی ئەو سێکتەرانەی گرتبویەوە کە پێویستیان بە چاکسازی هەیە، بەم ئاماژە پێکردنەش بەروونی پیشاندانی ئەوە بوو کە لە هەموو ئەم بوارانە گەندەڵی و خراپ بەکارهێنان و لاوازی و کەموکوڕی هەیە.
لەم راپۆرتە هەوڵمانداوە بە دانانی کۆمەڵێک پێوەر و پرسیار بۆ هەر خاڵێکی هێڵە گشتیەکانی چاکسازی لەکارنامە، هەڵسەنگاندنی ئاستی جێبەجێکردنی بکەین، بۆ ئێمە ئاسانتر و بەرچاو ڕوونی زیاتر دەبوو ئەگەر حکومەتی هەرێم خۆی لە کارنامەکە پێوەرەکانی دانابوایە، بۆ ئەوەی بەڕەچاوکردنی پێوەری خودی حکومەتەکە کە لە حکومرانیە پێشکەوتوەکان باوە، ئاستی جێبەجێکردنی کارنامەکە هەڵسەنگێنین.
بەگوێرەی تەمەنی ئاسایی پەرلەمانی کوردستان 6ی11ی 2022 چوار ساڵ تەواو دەکات، ئێمە ئەم راپۆرتە وەک راپۆرتی کۆتایی تەمەنی یاسایی ئەم کابینەیە هەژمار دەکەین.
هیوادارین حکومەتی هەرێم لەچوارچێوەی پلانی پێداچونەوە بەکارەکانی خۆیدا، سوود لەم راپۆرتە وەک تێڕوانینی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی وەربگرێت، کە هەوڵدراوە بەشێوازێکی زانستی ئەنجامبدرێت، لەکۆتاییشدا کۆمەڵێک راسپاردە بۆ باشترکردنی کاری حکومەت لەم کابینەیە و کابینەی داهاتووش خراوەتە ڕوو.

میتۆدی ئامادەکردنی راپۆرت
راپۆرتەکە لەسەر میتۆدی بەدواداچون و سەردانی مەیدانی و چاودێری ئەنجامدراوە، تیمی ئامادەکاری راپۆرت ٢٥ چاوپێکەوتنی لەگەڵ پەرلەمانتاران و لیژنە پەیوەندیدارەکان لە پەرلەمان و وەزارەت و دامەزراوە فەرمیەکانی حکومەتی هەرێم و سەربەخۆکان و شارەزایانی یاسایی و دارایی و پسپۆران و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ناوخۆیی و عێراقی و نێودەوڵەتی ئەنجامداوە، جگە لە چاودێری کردنی بەردەوامی بۆ راگەیەنراو و راپۆرت و چالاکیە میدیاییەکانی حکومەتی هەرێم. ئەم راپۆرتە لە ماوەی ٦ مانگ ئامادەکراوە.

بەربەستەکانی بەردەم راپۆرت:
بەربەستی سەرەکی بەردەم تیمی ئامادەکرنی راپۆرت، خودی کارنامەی حکومەتی هەرێمە، بەوپێیەی بەشێوەیەکی گشتگیر نوسراوە، پێوانەی بۆ هەڵسەنگاند¬¬ن تێدانیە، تاوەکو بکرێتە بنەما بۆ چاودێری و هەڵسەنگاندن، بۆیە دوای راوێژ و لێکۆڵینەوە، تیمی ئامادەکاری راپۆرت لەسەر کۆمەڵێک پێوانە رێککەوت بۆ هەڵسەنگاندن، کە لەبەشەکانی تری راپۆرتەکە خراوەتە ڕوو.
بەربەستێکی تر نەگەیشتنە بە زانیاری ورد لەبارەی کارەکانی حکومەت، بەو پێیەی ئەم راپۆرتانەی حکومەت بە گەڕانەوە بۆ کارنامەکە ئامادە ناکرێن، بەشێک لە بەرپرسانی حکومەتیش ئامادەی پێدانی زانیاری نین، دەبێت ئەوەش بڵێین بەشێکیان هاوکارن، بەڵام گەیشتن بە زانیاری ورد یەکێکە لە ئاستەنگیەکان.
چەند تێبینیەکی گشتی لەبارەی بەربەستەکانی بەردەم کابینەی نۆیەم بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی:
•    درەنگ کەوتنی پێکهێنانی حکومەت، ئەگەرچی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لە 6ی11ی 2018 ئەنجامدرا، بەڵام پێکهێنانی حکومەت دواکەوت یەکەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە 15ی 7 ی 2019 ئەنجامدرا.
•    بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە وای کرد ماوەی زیاتر لە ساڵێک حکومەتی هەرێم هاوشێوەی زۆرینەی وڵاتان دوچاری باری لەناکاو بوو، ئەمەش بوە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی کارەکانی.
•    دابەزینی نرخی نەوت لەسەرەتای کابینەکە.
•     بەردەوامی کێشە و ناکۆکی سیاسی و ئابوری لەنێوان هەرێم و بەغدا.
•    بەردەوامی سیمای دوو ئیدارەیی و دەستێوەردانی حیزبی لە کاروبارەکانی حکومەت.
خاڵە بەهێزەکانی کابینەی نۆیەم لەبواری پشتیوانی رۆڵی کۆمەڵی مەدەنی ئاستی جێبەجێکردنی کارنامەکە
•    لە پلانی ستراتیژی روبەروبونەوەی گەندەڵی 2021 - 2025 خاڵێک تەرخان کراوە، بە رۆڵی میدیا و کۆمەڵی مەدەنی لە پرۆسەی رووبەروبونەوەی گەندەڵی.
•    لە پلانی ستراتیژی مافەکانی مرۆڤ جەخت لە رۆڵ و بەشداری رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کراوەتەوە لە جێبەجێکردنی پلانەکە.
ئەم دوو هەنگاوە دەکرێت وەک خاڵی ئەرێنی هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم سەیر بکرێت، لە پرۆسەی بەشداری خەڵک لە رێی رێکخراوەکانی کۆمەلی مەدەنی بۆ رووبەروبونەوەی گەندەڵی، بۆیە  دەخوازین بە رەچاو کردنی ئەم بڕگانەی سەرەوە رۆڵ و دەرفەتی زیاتر بە رێکخراوە ناوخۆییەکان بدرێت لەم پرۆسەیە.


هەڵسەنگاندنی هێلە گشتیەکانی چاکسازی بەپێوەری ناوخۆیی
بۆ پێوانەکردن و هەڵسەنگاندنی ئاستی جێبەجێکردنی هەر هێلێک لە هێلە گشتیەکانی چاکسازی، پێنج پێوانە دانراوە، تەنها لەیەک خاڵدا سێ پێوانە دانراوە، لە رێگای وەڵامدانەوەی پرسیارەکان و شیکارکردنیان، ئاستی جێبەجێکردنی هەر هێڵێک دیاری بکرێت، بۆ ئەمەش بە پێنج ئاست وەڵامەکان دابەش کراون:
 سەوزی تۆخ:  واتە زۆر باش لە جێبەجێ کردن.
 سەوزی کاڵ:  واتە باش لە جێبەجێ کردن.
 نارنجی(پرتەقاڵی):  واتە مامناوەند لە جێبەجێ کردن
 سوری کاڵ:  واتە خراپ لە جێبەجێ کردن
 سووری تۆخ:  واتە زۆر خراپ و جێبەجێ نەکراوە
    ئاستی جێبەجێ کردنی هێلە گشتیەکانی چاکسازی
لە خوارەوە دەقی هەر هێڵێکی چاکسازی کارنانەی کابینەی نۆیەم دانراوە و پێوانەکانی جێبەجێکردنی بە ئاستی رەنگەکان دیاری کراوە، دواتر رونکردنەوەی پێویست دەربارەی هەوڵەکان خراوەتەڕوو:
یەکەم: کاردەکەین بۆ چاکسازی لە کەرتی وەزیفەی گشتی، لە موچەخۆر و خانەنشین و چارەسەرکردن و رێکخستنەوەی دەوام و گرتنەبەری رێکاری یاسایی لە بەرامبەر هەر سەرپێچیەک کە لەم کەرتە کرابێت، ئەمەش لە ڕێگەی چەسپاندنی یاسا و دروستکردنی ئەنجومەنی ڕاژە و ئامادەکردنەوەی پرۆژە یاسای چاکسازی و ناردنەوەی بۆ پەرلەمان بە فۆرمێکی تازە و گونجاو.
o    ئایا یاسای پێویست دەرکراوە؟    
o    ئایا یاساکە وەک خۆی بەیەکسانی  جێبەجێکراوە؟    
o    ئایا ئەنجومەنی راژە دروستکراوە؟        
o    ئەنجومەنەکە دەستی بەکارەکانی کردووە بۆ رێکخستنەوەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی؟    
o    ئایا هەنگاوەکانی حکومەت بۆتە هۆی گێرانەوەی پارە و دروستکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی مووچە و پلە؟    
سەرەڕای دەرکردنی یاسای چاکسازی کە هەنگاوی یەکەم بۆ چاکسازی لە مووچەخۆرانی کەرتی گشتی دادەندرێت، بەڵام ئەم تێبینیانە تۆمارکراون:
•    یاسای چاکسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 لەپەرلەمانی کوردستان دەرکراوە و رێنمایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی دەرکراوە، سەرەرای ئەوەی لە جێبەجێکردندا وەزارەتەکانی حکومەت رەخنەیان لێی هەیە، پێیان وایە دژیەکی لەناوەرۆکی یاساکە هەیە، کە بۆتە بەربەست لەبەردەم ئەوەی وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
یاساکە هێشتا لە سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەت بەیەک ئاست جێبەجێ نەکراوە، بەگویرەی راپۆرتی سێیەمی دەستەی دەسپاکی لە کۆی 26 دامەزراوە و سەرۆکایەتی و وەزارەتی حکومەتی هەرێم، تەنها   وەزارەتی پێشمەرگە هیچ داتایەکی لەبارەی جێبەجێکردنی یاساکە نەداوەتە دەستەکە.   لەکاتێکدا بەگوێرەی بەدواداچون زۆرترین کێشەی مووچە خۆر لەم وەزارەتەیە، بەڵام لە وەزارەت و دامەزراوەکانی تر بە رێژەی جیاجیا بۆ پێداچونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەران و خانەنشینان و پلە بالاکان جێبەجێکراوە، بەڵام حکومەتی هەرێم هیچ داتایەکی لەبارەی ئەم پارەیەی کە لە ئەنجامی جێبەجێکردنی یاساکە و رێکخستنەوەی میلاکی فەرمانبەران و مووچەخۆران بۆ حکومەت گەڕاوەتەوە بڵاونەکردۆتەوە، لە کابینەی نۆیەم. بەڵام ئێستا پارەی پێویست بۆ دابینکردنی مووچە زیاد بوە، بەجۆرێک لە 2020 بۆ دابینکردنی مووچە، حکومەتی هەرێم پێویستی بە 881 ملیار دیناربووە، لە 2022 رێژەکە بۆ 900 ملیار دینار بەرزبۆتەوە.
•    هەیکەلیەتی ئەنجومەنی راژە بەگوێرەی یاسای ژمارە 7ی ساڵی 2011ی پەرلەمانی کوردستان لە تەمووزی 2022 لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەند کراوە، بەڵام ئەنجومەنەکە تا ئێستا هەنگاوی  کرداری بۆ رێکخستنەوەی میلاکات نەناوە، پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران هێشتا بەیەکسانی ئەنجامنادرێت، بۆ نمونە لەکەرتی سەربازی، سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم پلە بەرزکردنەوە ئەنجامدراوە، بەڵام پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ئاسایی کە لەدوای ساڵی 2013ەوە وەستاوە.
ناهاوسەنگی لەدابەشکردنی فەرمانبەران بەسەر دامەزراوەکان هێشتا کارێکی ئەوتۆی تێدانەکراوە.
دووەم: کار دەکەین بۆ نەهیشتنی ڕۆتین و هەروەها خێراکردنی ڕاپەراندنی ئیش و کاری هاوڵاتیان و ڕێزگرتن لێیان لە دامودەزگا فەرمییەکاندا. بە کردەوە هەوڵ دەدەین بۆ بەخزمەتگوزارکردنی دامەزراوە حکومییەکان لە ئاست هاوڵاتیاندا. لە پەیوەندیی بەم بابەتەوە هەرچی زووترە پەرە بە خزمەتگوزارییە ئەلەکترۆنیەکان دەدەین.
o    حکومەت بریار و رێنمایی پێویستی بۆ نەهێشتنی ڕۆتین دەرکردووە؟    
o    هیچ یەکەیەکی حکومی راسپێردراوە بۆ چاودێری کەمکردنەوەی رۆتین؟    
o    ئایا حکومەت توانیویەتی خزمەتگوزاریەکانی بە ئەلیکترۆنی بکات؟     
o    خول و راهێنانی پێویست  لەبارەی حکومەتی ئەلیکترۆنی بۆ کارمەندانی دامەزراوەکان کراوەتەوە ؟    
o    حکومەت هیچ بودجەیەکی بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی حکومەت تەرخان کردووە؟    

لەبارەی بە ئەلیکترۆنی کردنی کاروباری حکومەت و کەمکردنەوەی رۆتین ئەم تێبینیانە تۆمارکراون:
•    پۆرتاڵی خزمەت ئەرکی ئاشناکردنی هاولاتیانە بەو 499 خزمەتگوزاریەی کە لە 23 وەزارەت و دامەزراوەی حکومەتی هەرێم پێشکەش دەکرێت، واتە بۆ زانیینی چۆنیەتی بەدەستهێنانی هەر خزمەتگوزاریەک کە حکومەت لە دامەزراوەکانی پێشکەشی دەکات، دەتوانیت بەسەردانی ئەم پۆرتاڵە زانیاری پێویست و رێوشوێنەکان و ئەو بەلگەنامانەی پێویستن بەدەستی بهێنیت.
•    پۆرتالەکە تەنها رێنمایی دەدات، ناتوانیت راستەوخۆ داواکاری یان هیچ مامەڵەیەک بەشێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجامبدرێ.
•    بەشێک لە وەزارەتەکان  هەندێک لە کاروبارە ناوخۆییەکانی خۆیان بە ئەلیکترۆنی کردووە، بۆ نمونە وەزارەتی دارایی، پەروەردە، بازرگانی، ناوخۆ، خوێندی بالا.
•    لە هەندێک مامەلە لەوانە نشینگە (ئیقامە) لە وەزارەتی ناوخۆ، تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی کە بەشێک لە مامەلەکانیان بە ئۆنلاین کراون.
•    بەشێک لە دامەزراوەکان دوای دەستبەکاربونی پۆرتالی خزمەت هەنگاوەکانی مامەڵەیان لە دامەزراوەکانیان کەم کردۆتەوە.
•    تا ئێستا مامەلەی دامەزراوەکانی حکومەت بەگشتی هەر بەشێوەی کاغەز بەرێوەدەچێت، ناتواندرێت بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجامبدرێت، ئەمەش رۆتینیات و قەرەبالغی دروست کردووە.
•    حکومەتی هەرێم پلانی ئەوەی هەیە تا 2025 سەرجەم کار و خزمەتگوزاریەکانی لە رێگای ئەلیکترۆنیەوە پێشکەش بکات.
سێیەم: نابێ بەرپرسانی باڵای حکومەت پێگەی کارگێریی خۆیان بۆ بازرگانی و دەوڵەمەندبوون بەکاربهێنن. بە پشتبەستن بە یاسا بەرکارەکانی هەرێم، نابێ بەرپرسان کاری بازرگانی و بەڵێندەرایەتی و وەبەرهێنان بکەن و لێپرسینەوە لە هەر سەرپێچییەک لەم بوارەدا دەکەین.
o    تا چەند حکومەت بۆ رێگریکردن یاسا بەرکارەکانی هەرێمی جێبەجێ کراوە؟    
o    ئایا یاسا یا رێنماییەکی تایبەت دەرکراوە بۆ رێگری لە بەکارهێنانی پلە و پۆستی حکومی بۆ مەبەستی بازرگانی؟    
o    ئایا هیچ دامەزراوەیەک یاخود لایەنێک راسپێردراوە بۆ چاودێری بەرپرسان بازرگانی نەکەن؟    
o    هیچ کەیسێک تۆمارکراوە یاخود لێکۆلینەوە لە کەس کراوە و سزادرابێت؟    
o    ئایا حکومەت لە هیچ راپۆرت و کۆبونەوەیەک ئەم پرسەی وروژاندووە؟    
بەگوێرەی یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان ئەو فەرمانبەرانەی لە پلەی 6 تا پلەی ١ دەبێت بە مۆڵەتی وەزیری تایبەتمەند کاربکەن بۆ ماوەی یەک ساڵ، بەمەرجێک کار نەکاتە سەر ئەرکەکەیان، فەرمانبەری ئەو پلانە دەکرێت پشکی بازرگانی هەبێت، بەڵام ناکرێت لە ئەنجومەنی بەرێوەبردنی کۆمپانیاکە بێت.
 حکومەتی هەرێم لە هیچ راپۆرتێکی ئاماژەی بۆ ئەوە نەکردووە کە لەم بوارەوە چاودێری بەرپرسان بکرێت یان دامەزراوەیەک راسپێردرابێت بۆ لێکۆلینەوە بۆ ئەوەی بزاندرێت بەشێوەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بەرپرسان لە دەرەوەی کاری فەرمی خۆیان بازرگانی دەکەن یاخود نا، سەرەڕای ئەوەش دەستەی دەسپاکی بەپێی رێنمایی ئاشکراکردنی ئەستۆی دارایی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٦ لە رێگەی فۆرمی بەرژەوەندییە داراییەکان لەگەڵ پلە تایبەتەکان زانیاری کۆدەکاتەوە. 
•    دەستەی دەسپاکی خەریکی ئامادەکردنی رەشنوسی رێنمایی رێگرییە لە  بەریەکەوتنی بەرژەوەندی، بە ئامانجی ئەوەی لێکۆڵینەوە  لەو بەرپرسانەی کە لە پلە تایبەتن و کۆمپانیا و کاری بازرگانی ئەنجام دەدەن.
•    سەرەرای ئەوەی لە دەستەی دەسپاکی فۆرمی بەرژەوەندیە داراییەکان هەیە، بەڵام بەهۆی نەبونی سیستەمێکی بانکی پتەو تا چاودێری داهات و موڵکی بەرپرسان بکات ناتواندرێت ئەم ئەرکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
•    لە کوردستان هەر پێگەی فەرمی و حکومی بۆ بازرگانی بەکارناهێندرێت، بەلکو پێگەی حیزبیش، بۆ نمونە بەشێک لە حیزبەکان دەزگای وەبەرهێنانیان هەیە، بەڵام حکومەت لەو هێلە تەنها چاوی لەسەر پۆستە کارگێریە حکومیەکانە.
•    بەفەرمی هیچ کەیسێک لەم بوارە تۆمار نەکراوە، سەرەرای ئەوەی لە ماوەی پێشوو پەرلەمانتار هەیە دانی بەوە ناوە کارگەی هەیە.


چوارەم: ئەنجامدانی ئیفاد و سەفەر و بەستنی کۆنگرە و کۆنفراس، بە پێی پێویستی دەبێت و رێگە لە بە هەدەردانی سامان و خراپ بەکارهێنان و بەلاڕێدابردنێک لەم بوارانەدا دەگرین.
o    بۆ جێبەجێکردنی ئەم هێلە حکومەت هیچ رێنماییەکی دەرکردووە؟    
o    هیچ دامەزراوە یاخود لیژنەیەک راسپێردراوە بۆ رێکخستنەوەی ئەم بوارە؟    
o    هیچ راپۆرتێک هەیە ئاماژە بەبەرەو پێشچون لەم بوارە بدات؟    

بەشێوەیەکی گشتی خەرجیە گشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمکراوەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەشێک لەو پارەیەی کە ئیفاد و گەشت خەرج دەکران کەمکراوەتەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم بە ڕوونی هیچ جۆرە راسپاردەیەک یان بڕیارێکی بلاوکراوەی نیە بۆ رێکخستنی ئەم بوارە.
پێنجەم: بە هەموو توانامانەوە، ڕووبەڕووی هەموو جۆرە گەندەڵیەکی دارایی و کارگێڕی دەبینەوە و رێگردەبین لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و زێدەرۆیی بۆ سەر موڵک و مومتەلەکاتی هەرێم، ئەمەش لە رێگەی کاراکردن و پشتیوانی کردنی دامەزراوە فەرمی و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی پەرلەمان و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە و داواکاری گشتی.
o    پشتیوانی یاسایی دامەزراوە ئاماژە پێکراوەکان کراوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکانە؟    
o    حکومەت رێنمایی و رێوشوێنی گونجاوی بۆ رووبەروبونەوەی گەندەڵی دەرکردووە؟    
o    ژمارەی تۆمارکردنی کەیسەکانی زێدەرۆیی بۆ سەر موڵکی گشتی و گەندەڵی زیادی کردووە؟    
o    بودجەی پێویست تەرخران کراوە بۆ بەرەو پێشبردنی کارەکانی دامەزراوەکانی چاودێری؟ خول و بەرزکردنەوەی توانا و کادیری پێویست بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دابینکراوە؟    
o    ئایا داتاکان ئاماژە بە کەمکردنەوەی رێژەی بەهەدەردانی سامانی گشتی دەکەن؟    
حکومەتی هەرێم لەم کابینەیە بەگوێرەی بەدواداچونی تیمی ئامادەکاری راپۆرت کەمتر پشت بە روبەروبونەوەی گەندەڵی لە رێی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەبەستێت، زیاتر فۆکەسی لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی هەیە، بۆیەش کەمتر  پشتی بە دەستەی دەسپاکی، داواکاری گشتی لەبوارەکانی لێکۆلینەوە لەگەندەڵی بەستوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی کارکردنی دامەزراوەکان کردووە، لەچەند ڕووێک:
•    ماوەی یاسایی سەرۆکی دەستەی دەسپاکی تەواو بووە چارەسەر نەکراوە. ماوەی کارکردنی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی بەبێ پشتیوانی یاسا درێژکراوەتەوە.
•    حکومەتی رایگەیاندووە بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی لە رێی وەزارەتی دارایی خەرجیەکانی بۆ دابینکردنی پێویستیەکان بە ئەلیکترۆنی کردووە.
•    بەگوێری راپۆرتەکانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لەبارەی کەیسەکانی  زێدەرۆیی، لە کابینەی نۆیەم دەردەکەوێت ژمارەی سکاڵا تۆمارکراوەکان کەم بۆتەوە ، بۆ نمونە لە ساڵی ٢٠١٨ ژمارەی سکاڵاکان ٣٦٣٩ کەیس بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١ دابەزیوە بۆ ٦٠٤ سکاڵا.
•    بەگوێرەی بەراوردی راپۆرتی ساڵانی 2018 و 2021، دەبیندرێت ژمارەی داوا سزاییەکانی کەیسەکانی گەندەڵی بەرزبۆتەوە، بەم شێوەیە
-داوا سزایەکانی ساڵی 2018 بریتی بوە لە 210 حاڵەت، بەڵام لە 2021 بەرزبۆتەوە بۆ 408 کەیس، واتە نزیکەی دووبەرامبەر زیادبووە.
- بەڵام لە ئاستی پلەکان لە 2018 دا 2 کەس بە پلەی وەزیر هەبووە لەگەل 3 بەرێوەبەری گشتی و 73 فەرمانبەر، لە 2021 هیچ کەسێک بە پلەی وەزیر لێکۆلینەوەی لەگەل نەکراوە لەجێی ئەوە 2 بەرێوەبەری گشتی هەبوە و 249 فەرمانبەری پلە ئاسایی هەبوە. 
- قەبارەی گەندەڵی لە 2018دا بە 275 ملیار و 720 ملیۆن و هەشت سەد و نۆزدە هەزار دینار خەملێنراوە، لەو بڕە 5 ملیار و 81 ملیۆن دینار گەڕێندراوەتەوە، پارەی دەستبەسەرداگیراویش 17 ملیۆن دینار بوە، بەڵام لە 2021 قەبارەی گەندەڵی بە 26 ملیاردینار و 400 ملیۆن دینار 874 هەزار دینار خەمڵێنراوە.
•    حکومەتی هەرێم هەنگاوی بۆ کەمکردنەوەی خەرجی دام و دەزگاکان ناوە لەدابین کردنی نەسریە و خەرجی تر، بەڵام لە بوارەکانی تر لە شێوەی خەرجیەکانی کەرتی نەوت، گۆرانکاریەکی ئەوتۆ نابیندرێت، بەبەراود لەگەل کابینەی پێشوو، نەتواندراوە داهاتی نەوت بەرامبەر خەرجیەکانی زیادبکرێت، بەگوێرەی دواین راپۆرتی دیلۆیت تەنها 43%ی داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەرێتەوە.
•    لەبواری کۆمپانیاکانی خالە سنورییەکان، تا ئێستا پێداچونەوەکان نەگەیشتونەتە ئەنجام، هێشتا تەنها 20%ی داهاتی خالەسنوریەکان بۆحکومەت دەگەریتەوە.
•    حکومەتی هەرێم لەم کابینەیە ستراتیژیەتی رووبەروبونەوەی گەندەڵی (2021 -2025)ی  پەسەند کردووە، کە ستراتیژیەتێکی گشتگیرە بۆ ئەم پرسە، هەروەها لە چوارچێوەی پلانی نیشتیمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ سێکتەرێک بۆ نەهێشتنی گەندەڵی دانراوە، بەڵام هێشتا لەئاستی جێبەجێکردن کارکردنی زیاتری دەوێت.
شەشەم: کاردەکەین بۆ چەسپاندنی شەفافیەت لە گشت بوارە داراییەکانی هەرێمدا، بە تایبەت لە بواری داهاتە نەوتییەکانی هەرێم و داهاتە ناوخۆییەکان. بۆ ئەم مەبەستەی سەرەوە کاردەکەین بۆ دامەزراندنی سندوقی داهاتە نەوتییەکان بە پێی یاسای پەیوەندیدار.
o    حکومەت داتا و زانیاری دارایی لەبارەی داهات و خەرجیەکانی بڵاودەکاتەوە؟    
o    حکومەت پرۆژە یاسای بودجەی ئاراستەی پەرلەمان کردووە؟    
o    ئایا یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی دەرکراوە؟    
o    سندوقی داهاتە نەوتیەکان دروستکراوە؟    
o    ئایا حکومەت بەشێوەیەکی شەفاف گرێبەستەکانی بۆ دامەزراوەکان ئاشکرا دەکات و بلاویان دەکاتەوە؟    

لەروانگەی شەفافییەتەوە، حکومەتی هەرێم بەردەوام بەشێوەی گشتی داتا و راپۆرتەکان لەبارەی داهات و خەرجییەکانی بەشێوەی راپۆرت بلاودەکاتەوە، بەشێکی راستەوخۆ بەشێکیش لە رێی کۆمپانیای دیلۆیت (داهات  و خەرجی نەوت)، سەرەڕای ئەوەی ئەمە هەنگاوێکی ئیجابیە بەئاراستەی شەفافییەت، بەڵام داتاکان لەلایەن لایەنی پەیوەندیدار کە دیوانی چاودێڕی داراییە پشتراست نەکراوەتەوە، ئەمەش بەبێ پەسەند کردنی پرۆژەی بودجە بەدی نایەت، کە لەسالی 2014ەوە لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند نەکراوە.
•    بەگوێرەی بەدواداچونی تیمی ئامادەکاری راپۆرت، حکومەتی هەرێم هیچ گرێبەستێکی نەوتی یان نانەوتی نانێرێت بۆ دیوانی چاودێڕی دارایی، ئەمەش لەکاتێکدایە بەگوێرەی مادەکانی (8 و 11 و 12)ی یاسای دیوانی چاودێری دارایی پێویستە گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کەرتی تایبەت ئاراستەی دیوان بکرێت، بۆ هەلسەنگاندن و وردبینی.
•    رێنمایی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری ئامادەکراوە لەلایەن دەستەی مافی مرۆڤ، بەڵام تاوەکو ئێستا پەسەند نەکراوە.
حەوتەم: بەپێی ستاندەرە جیهانییەکان، چاکسازی لە کەرتی تەندروستی و دەرمان و خۆڕاک دەکەین و رێکاری یاسایی بۆ هەر سەرپێچیەک کە لەم لایەنە ژیاریەدا بکرێت دەگرینە بەر. بۆ ئەم مەبەستانەش دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی هەرێم سەر بە ئەنجومەنی وەزیران دادەمەزرێنین.
o    ئایا دامەزراوەی پەیوەندیدار بە خۆراک و دەرمان دروستکراوە؟    
o    ئایا حکومەت هیچ پرۆژە یاسایەک یان پەیڕەوێکی دەرکردووە بۆ دروستکردنی دامەزراوەی خۆراک و دەرمان؟    
o    ئایا رێکار و رێنمایی پێویست گیراوەتەبەر بۆ چاودێری کاری کۆمپانیاکانی کوالیتی کۆنترۆڵ لەلایەن دامەزراوەکان؟    
o    ئایا بۆ پێشخستنی ئەم کەرتە، بودجەی پێویست تەرخانکراوە؟    
o    رێکارەکان بۆتە هۆی رێگری لە هاوردەکردنی خۆراک و دەرمان و کەلوپەلی کوالیتی خراپ؟    

تیبینیەکان لەسەر پرسی کوالیتی کۆنترۆل لە هەرێمی کوردستان
تاکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان سێ وەزارەت سەرپەرشتی کاری کوالیتی کۆنترۆلی خۆراک و دەرمان و کەلوپەلەکانی تر دەکەن، کە ئەوانیش (وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی کشتوکال، وەزارەتی پلاندانان – دەستەی پێوانەسازی و کۆنترۆلی جۆری) کارەکان جگە لە وەزارەتی تەندروستی، ئەوانی تر لەرێی کۆمپانیاوە لە خالە سنوریەکان ئەنجامدەدرێن، پێشتر حکومەت خۆی ئەنجامی دەدا، بەجۆرێک تەنها داهاتی دەستەی پێوانەسازی و کۆنتۆلی جۆری 11 ملیۆن دۆلار بووە.
تیبینیەکان گشتیەکان:
ئێستا کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کاری کوالیتی کۆنترۆل لە دەروازە سنوریەکان جێبەجێ دەکەن، (جۆرێک لە دابەشکاری حیزبی هەیە)، بەگوێرەی گرێبەستی نێوان کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێم، پێویستە حکومەتی هەرێم چاودێری کاری کۆمپانیاکان بکات، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچونمان دامەزراوە حکومیەکانی هەرێم لەرووی ئامێر و تاقیگەوە توانای ئەوەیان نیە کارەکانی کۆمپانیاکان هەلبسەنگێن، واتە ئەو ئامێرانەی کۆمپانیاکان هەیانە لای حکومەت نیە، لەکاتێکدا دەبوو حکومەت ئامێری پێشکەوتوو تری هەبێت بۆ ئەوەی کاری کۆمپانیاکان هەلبسەنگێنێت.
لیژنە راسپێردراوەکانیش وەک پێویست کەسانی تایبەتمەندی تێدانیە، کە پسپۆریەتیان لە خۆراک هەبێت.
پێویستە تاقیگەی پێشکەوتووی ناوەندی لە پارێزگاکان هەبێت، بۆ ئەوەی چاودێری کاری کۆمپانیاکان بکرێت.
لەهەرێمی کوردستان هیچ ئامێرێک نیە بۆ ئەنجامدانی پشکنین بۆ کانزا قورسەکان، کە سەرچاوەی نەخۆشی شێرپەنجەن.
مادەی پارێزەر وەک پێویست  پشکنینیان بۆ ناکرێت، خەرجی زۆرە بۆیە کۆمپانیاکان بەرێژەیەکی کەم دەیکەن.
بەشێک لە کۆمپانیاکانی کوالیتی کۆنترۆل ئۆفەری داشکاندن دەدەنە ئەو کۆمپانیایانە کەبەرهەمی زۆر هاوردە دەکەن، بۆ ئەوەی لەرێی ئەوان بەرهەم هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەن.
بەرێوەبەرایەتی کۆنترۆلی دەرمان، زیاتر پشت بە نوسراوی کۆمپانیاکان دەبەستن، زۆر بە کەمی خۆیان پشکینینیان بۆ دەکەن.
سەنتەری  خۆپاراستنی تەندروستی کراوەتە نیوە تایبەت (سیمی پرایڤێت) کە کاریان بەدواداچوونە لە شوینە بازرگانی و فرۆشیاریەکانی خۆراک و کەلوپەلی تر، بەشێکی  زیاتری پشکنینەکانی تیمی تەندروستی دەخرێنە دوای دەوامی فەرمی بۆ ئەوەی پارە وەربگیرێت، بۆ هەر مادەیەک (35) هەزار دینار وەردەگیرێت.
هەشتەم: چاکسازی لە سیستەمی باج دەکەین و دەبێ دادپەروەری لە وەرگرتنی باج جێگیر ببێت و هەموو رێکارێکی یاسایی و کارگێڕی دەگرینەبەر بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و میکانیزم و پێوەری تازە دەگرینە بەر بۆ رێکخستنی باج.
o    ئایا یاسا و رێنماییە پەیوەندیدارەکان وەک خۆی جێبەجێدەکریت بۆ وەرگرتنی باج؟    
o    حکومەت سکالای لەسەر کۆمپانیاکان تۆمارکردووە کە تاوانبارن بە خۆدزینەوە لە باج؟    
o    ئایا کۆمپانیا گەورەکان کە دەوترێت پشتیوانی حیزبیان هەیە ئەوانیش باج دەدەن بەتەواوی؟    
o    ئایا داهاتی وەرگرتنی باج زیاتر بووە؟    
o    ئایا هەنگاوەکانی حکومەت کاریگەری لەسەر پرۆژە مامناوەند و بچوکەکان هەبوە؟    

داهاتی باجی کۆمپانیاکان لە سالی 2019 بریتی بووە لە 627 ملیار دینار، بەڵام لە 2021 بەرزبۆتەوە بۆ  796 ملیار دینار زیادی کردووە، بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بە تیمی ئامادەکردنی راپۆرتیان وتوە،  ئێستا رێوشوێن دژی ئەوانە دەگرێتە بەر کە دوای بەدواداچون بۆی روون دەبێتەوە کە لە هەژمارکردنی داهاتی سالانە فێلیان کردووە، هەرچەندە داتایەکی روون نیە لەسەر ژمارەی ئەو سکالایانەی لەسەر ئەم پرسە حکومەت تۆماری کردوون.
•    بەگوێرەی داتای وەزارەتی دارایی زیاتر لە 2000 کۆمپانیا سزای ماددی دراون، بەهۆی هەلاتن لە باج، سەرووی 300 کۆمپانیاش دراون بە دادگا.
•    ئەنجومەنی وەزیران بەگوێرەی بریاری ژمارە 13 کە دەریکردووە، بڕیاریداوە سەرجەم لێخۆشبونە نایاساییەکان هەڵوەشێنێتەوە.

بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی وەرگرتنی باج:
• بەهۆی نەبونی سیستەمی بانکی، تا ئێستا ناتواندرێت بەشێوەیەکی دروست قازانجی کۆمپانیاکان دیاریبکرێت، بۆ ئەوەی لەسەر بنەمایەکی دروست باج وەربگیرێت، ئەمەش هەم نادادپەروەری  دروستکردووە لە وەرگرتنی باج لە شوێن و ناوچانەی کە خاوەن کار و پرۆژەکان قازانج بە ئاستی جیاوازی لێدەکەن، هەمیش رێگایەکە بۆ خۆدزینەوەی کۆمپانیا گەورەکان.
• لێخۆشبوون بەگوێڕەی یاسای وەبەرهێنان، تاکو ئێستا ئەم پرۆژانەی لەسەر وەبەرهێنان هەژمار دەکرێن، بەهۆی لێخۆشبوون کە لە یاساکە هاتووە، سەرەرای قازانجێکی زۆر، بەڵام باج نادەن، وەزارەتی دارایی و زۆرێک لە دامەزراوەکان بە پەرلەمانی کوردستانیش لەگەل هەمواری یاساکەن، حکومەت دەلێت درافت ئامادەیە بەڵام نەنێردرایتە پەرلەمان.
• لەپرسی وەرگرتن یان رێکخستنەوەی باج، وەک پێویست رەچاوی دۆخی بازار و خاوەنکاران ناکرێت، بۆ نمونە تەنها لە ساڵی 2021 زیاتر لە 700 کارگە بەهۆکاری جۆراوجۆر داخراون* لە هەرێمی کوردستان کە دیارترینیان زۆری باج و کرێی کارەبایە.
نۆیەم: کار دەکەین بۆ رێگەگرتن لە قۆرخکاری (احتکار) بە پێی یاسای بەرکار و رەخساندنی دەرفەتی لەبار بۆ ململانێی بازرگانی ڕەوا و هاندانی کۆمپانیاکانی پشکداری.
o    ئایا ئەنجومەنی پاراستنی کیبرکێ و نەهێشتنی قۆرخکاری دروستکراوە؟    
o    ئەنجومەنەکە دەستی بەکارەکانی کردووە؟    
o    ئەنجومەنەکە بەدواداچونی کردووە و کەیسی تۆمارکردوە؟    
o    ئایا دەرفەتی یەکسان بۆ ململانێی بازرگانی ڕەوا بۆ کۆمپانیاکان دروستکراوە؟    
o    ئایا دادگای تایبەت بۆ بینینی کەیسەکانی قۆرخکاری دروستکراوە؟    

ئەنجومەنی پاراستنی کێبڕکێ و نەهێشتنی قۆرخکاری بەگوێرەی یاساکە بەسەرۆکایەتی بریکاری وەزیری بارزگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی  دروستکراوە، سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش نوێنەریان دیاریکردووە، تا ئێستا دوو کۆبونەوەی کردووە بە بەشداری نوینەری لایەنە پەیوەندیدارەکان کە لە یاساکە هاتووە، پەیرەوێکیان بۆ رێکخستنی کاروباری ناوخۆییان ئامادەکردووە  بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردووە، بەڵام تا ئێستا پەسەند نەکراوە.
کارەکان بەگشتی بەخاوی بەڕێوەدەچن، سەرەرای ئەوەی دادگای تایبەتمەند دروستکراوە، بەڵام بەهۆی دەستبەکارنەبونی ئەنجومەنەکە، هێشتا دابین نەکردنی کادیری پێویست، نەبینینی خولی پێویست، کارەکان لەسەرەتان، لەکاتێکدا هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن لە بازارەکان جۆڕێک لەقۆرخکاری لە بەرژەوەندی کۆمپانیا بالادەست و ئەوانەی پشتیوانی حیزبیان هەیە.
دەیەم: پشتیوانی کاری چاودێریی پەرلەمانی دەکەین و بۆ ئەم مەبەستەش پابەند دەبین بە هەموو رێکارەکانی چاودێری لە پەرلەمانی کوردستان بە پێی یاساو پەیڕەوی ناوخۆ و بنەماکانی کاری پەرلەمانی. هەروەها بە پێی بنەماکانی کاری پەرلەمان، ڕێز لە ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی دەگرین.
o    ئایا رێز لە سەربەخۆیی دەسەلاتی یاسادانان گیراوە لە رووی دارایی و کارگێڕی؟    
o    ئایا حکومەت بە پێی یاساو پەیڕەوی ناوخۆ بەدەمەوە هاتنی بۆ رێکارەکانی پەرلەمان هەبووە؟    
o    سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیرەکان بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە دەکەن؟    
o    وەڵامی نوسراو و پرسیارەکانی پەرلەمانتاران دەدەنەوە؟    
o    ئایا لە مامەڵەکردن، جیاوازی لەنێوان پەرلەمانتارانی لایەنەکانی سەر بە حکومەت و ئۆپۆزسیۆن دەکرێت؟    

لەم خولەی پەرلەمان پەیوەندی نێوان ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانتاران بەگوێرەی داتاکان لە ئاستێکی باش دایە، لەبواری وەڵامدانەوەی پرسیار، بەشداری وەزیرەکان لە دانیشتنەکانی پەرلەمان.
لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تەنها لە بەرێوەبەرایەتی کاروباری پەرلەمان و لێژنەکان ، (2307) نووسراو ئاراستەی حکومەت کراوە لە کۆی ئەو نوسراوانە (2081) نووسراو وەڵام دراوەتەوە
 پاڵپشت بە ماددەی (68) و (69) پەیرەوی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان (4) جار داوای پرساندن کراوە :-
ساڵی 2019 داوای پرساندنی (وەزیری دارایی و ئابوری)
ساڵی 2020 داوای پرساندنی (سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەکەی و وەزیری دارایی و ئابوری)
ساڵی 2021 داوای پرساندنی (وەزیری سامانە سروشتیەکان)
ساڵی 2022 داوای پرساندنی (وەزیری دارایی و ئابوری )
(110) جار وەزیر لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئامادەبوون
سەرەرای ئەوانەش بەڵام حکومەت لە روونکردنەوەی بەشێک لە گرێبەست و قەرزەکانی بۆ پەرلەمان روون نەبووە و زانیاری پێویستی ئاراستەی پەرلەمان نەکردووە.
پرۆژە یاسای بودجەی بەمەبەستی پەسەندکردنی لە پەرلەمان نەناردووە،  کە یەکێکە لە ئامرازەکانی دەستی پەرلەمان بۆ چاودێری حکومەت.
یازدەیەم: سندوقی خانەنشینی بە پێی یاسای پەیوەندیدار لە هەرێم کارا دەکەین، بۆ ئەوەی ئەم سندوقە گەرەنتی مافەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بکات.
o    ئایا رێوشوێنی یاسایی و پەیڕەوی پێویست بۆ دروستکردنی سندوقەکە دەرکراوە؟    
o    سندوقەکە بەگوێرەی یاساکە کارا کراوە؟    
o    حکومەت هیچ پارەیەکی بۆ پشتیوانی سندوقەکە تەرخان کردووە؟    
o    پارەی لێبرینی خانەنشینی فەرمانبەران دەخرێتە سندوقەکە؟    
o    کاریگەری لەسەر دابەشکردنی مووچەی خانەنیشیان هەبوە؟    

تێبینیەکان لەبارەی سندوقی خانەنشینی:
•    بەگوێرەی  یاسای  ژمارە ٢ ی ساڵی ٢٠٢٠ یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بە خشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هه رێمی کوردستان، پێویستە سندوقی خانەنشینی سەر بە وەزارەتی دارایی دروستبکرێت، ئەنجومەنی وەزیران لە 17ی7ی2022  پەیڕەوی بۆ دەرکردووە.
•    تاکوئێستا سندوقەکە پارەی تێدانیە، حکومەتیش لێبرینی 7%ی مانگانەی فەرمانبەرانیشی تێدا دانانێت، هیچ پشتیوانیەکی داراییش پێشکەشی سندوقەکە نەکراوە، بۆ ئەوەی بتواندرێت لەرێی ئەم سندوقە بێ گەرانەوە بۆ وەزارەتی دارایی پارەی مانگانەی مووچەخۆران بدرێت.
دوازدەیەم: بە هەماهەنگی لەگەل سەرۆکایەتی هەرێم، لە پێناو بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری و ڕووبەرووبوونەوەی مەترسییەکان و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی هەرێم، پێداچوونەوە بە میکانیزمی ڕێکخستن و یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکەین و هەوڵ دەدەین بە هاوکاری پسپۆڕانی ناوخۆ و دەرەکی ئەم هێزانە لە ستانداردە سەربازییەکان نزیک بکەینەوە.
o    هیچ یاسا یان ڕێنماییەک بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە دەرچووە؟    
o    ئەو پرۆژانەی  بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری کوردستان پێشکەشکراون، جێبەجێکراون؟    
o    هێزەکانی یەکەکانی 70 و 80 خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە؟    
o    هیچ رێنماییەک بۆ یەکخستنی هێزەکانی ئاسایشی هەرێم دەرچووە؟    
o    چاکسازیەکان بەسەر کەرتی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ جێبەجێ کراون؟    


لەبارەی چاکسازیەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەم کابینەیە، ئەم هەنگاوانە تێبینی کراون:
•    یەکێک لە کێشە گەورەکانی بەردەم یاسای چاکسازی مەلەفی پێشمەرگەیە، بەو پێیەی کەموکوریەکی زۆر لە دۆسیەی هێزەکانی پێشمەرگە (یەکەکانی 70 و 80) هەیە، ئەمەش وای کردووە هەنگاوێکی ئەوتۆ بەگوێرەی یاسای چاکسازی نەنرێت،  ئەمە لە راپۆرتی دەستەی دەسپاکی لەبارەی یاسای چاکسازی رەنگی داوەتەوە.
•    لە بەرواری 27ی 9ی 2020 بڕیاردرا یەکەی ژمێریاری یەکەکانی (70 و 80) بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
•    تاکو ئێستا هێزەکانی ئاسایش بە دوو سیستەمی جیاواز بەرێوەدەچن، ژمارەی بازگەکانی نێوان پارێزگاکانی هەرێم کەمنەکراوەتەوە و بەڕێوەبردنیان یەک نەخراوە.
•    ئەم پرۆژانەی بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە لە ئاستی نێودەولەتی پێشکەشکراون، زۆر بە سستی جێبەجێ دەکرێن.
سێزدەیەم: کار دەکەین بۆ سەروەرکردنی یاسا و رێز گرتن لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و نابێ لە کوردستاندا کەس لە سەرووی یاسا بێت. هیچ کەسێک رێگەی پێنادرێت بە هۆی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و حزبی لە دەست یاسا رابکات و خۆی لە دەرەوەی یاسا ببینێتەوە, هەروەها کاری جدی دەکەین بۆ کۆنترۆڵکردنی دیاردەی بڵاوبوونەوەی چەک لە ناو کۆمەڵگەکەماندا.
o    ئایا بنەمای دەستوری هەیە بۆ جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و چەسپاندنی سەروەری یاسا؟    
o    ئایا دامەزراوەی دەسەلاتی دادوەریی بەتەواوی لەرووی دارایی و کارگێری سەربەخۆ کراوە ؟    
o    ئاستی دەستێوەردان هەیە لە کاروبای دادگا و بریارەکان بەیەکسانی جێبەجێ دەکرێن؟    
o    ژمارەی یەکلایی کردنەوەی کەیسەکانی گەندەڵی لە دادگاکان زیاتر بووە؟    
o    ئایا داواکاری گشتی وەک پێویست، کارا کراوە بۆ ئەوەی سەر بەخۆیانە کاربکات؟    
•    تاکو ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی دەستور نیە، کە تیایدا جیاکردنەوەی دەسەلاتەکانی چەسپاندبێت، لەهەرێمی کوردستان بە یاسا دەسەلاتەکان لەیەکتر جیاکراونەتەوە، ئەمەش بە ئاسانی لەڕێی یاسای تر دەکرێت پێشێل بکرێت.
•    لەرووی کارگێڕی بەگوێرەی یاسای دەسەڵاتی دادوەری لە ھەرێمی کوردستان- عیراق ژمارە (٢٣) ساڵی ٢٠٠٧ دەسەلاتی کارگێری تا رادەیەکی زۆر سەربەخۆ کراوە، بەڵام لە رووی دارایی هێشتا سەر بەدەسەلاتی جێبەجێکردنە.
•    تاکو ئێستا دەستوەردان لە  کاروباری دادگاکان هەیە، ئەمە لە هەلوێستی حیزبە حکومرانەکانیش رەنگی داوەتەوە، بەجۆرێک لە دیاریکردنی دادوەران و پۆستەکانی دەسەلاتی دادوەری دەستێوەردانی حیزبی هەیە.
•    بەگوێرەی راپۆرتی ساڵی (2021)ی  دەستەی دەسپاکی لەهەرێم بریارە دادوەریەکان دژی گەندەڵکاران زۆر دوادەخرێن و هەروەها حوکمەکانیش  سوکن، بریار بوو دادگای تایبەت بەکەیسەکانی گەندەڵی دروستبکرێت، بەڵام بەهۆی دەستوەردان جێبەجێ نەکرا.
•    بەبەراود کردنی راپۆرتی 2018 و 2021ی دەستەی دەسپاکی دەردەکەوێت ژمارەی یەکلایی کردنەوەی کەیسەکانی گەندەڵی لەدادگاکان زیاد بوە:
- لە سالی 2018 لە کۆی 210 داوای سزایی، 33 کەیس یەکلایی کراوەتەوە، 13یان ئیدانە و 20 ئازاد کردن.
 لە 2021 لە کۆی 408 داوای سزایی، 102 کەیس یەکلایی کراونەتەوە، 43 ئیدانە و 59 ئازاد کردن.
ئەمەش  دەریدەخات ژمارەی یەکلایی کردنەوەی کەیسەکانی گەندەڵی لەدادگاکان زیاتر بووە.
•    هێشتا داواکاری گشتی بەشێکە لەدەسەلاتی جێبەجێکردن و سەربەخۆ نەکراوە، لەکاتێکدا یەکێک لەپێوانەکەی هەلسەنگاندنی سەروەری یاسا سەربەخۆ بونی ئەم دامەزراوەیە.

دەرەنجامەکان:
•    هەبونی کارنامەی کابینەی نۆیەم هەنگاوێکی باشە بە ئاراستەی بەهێزکردنی کاری دامەزراوەیی و هێنانەدی حکومڕانی باش لە هەرێمی کوردستان، بەڵام زۆرێک لەبنەماکانی کارنامەی حکومی تێدا رەچاو نەکراوە.
•    حکومەتی هەرێم بەڕوونی دانی بەمەترسی هەبوونی گەندەڵی و پێویستی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان ناوە.
•    لە هەندێک بوار هەنگاوەکانی چاکسازی دەستی پێکردووە، بەڵام هەوڵەکان هێشتا سەرەتایین، هاوڵاتیان وەک پێویست هەستیان بە ئەنجامەکان نەکردووە.
•    حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی هێلە گشتیەکانی چاکسازی هەنگاوەکانی بۆ چاکسازی وەک پێویست نەهاوێشتوە.
•    یاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنیشنی و دەرماڵە و ئیمتیازەکانی تر هێشتا وەک پێویست جێبەجێ نەکراوە.
•    گەندەڵی و لاوازی دامەزراوەیی بۆ ڕوبەرووبونەوەی، هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر هەرێمی کوردستان.
•    وەک پێویست دەرفەت و پشتیوانی بۆ دامەزراوەکانی رووبەروبونەوەی گەندەڵی فەراهەم نەکراوە.
•    حکومەتی هەرێم لە رێی بلاوکردنەوەی راپۆرت و ژمارە و داتاکانی هەوڵی داوە پەرە بە شەفافییەت بدات، بەڵام نەبونی یاسای بودجە کەلێنێکی گەورەی لەبواری شەفافییەت دروستکردووە.
•    حکومەتی هەرێم زۆرترین پرسیاری پەرلەمانتارانی وەڵام داوەتەوە و بەشداری دانیشتنەکانی کردووە، بەڵام لەو یاسا و هەنگاوانەی کە رۆڵی پەرلەمان بەهێزتر دەکات هێشتا لاوازی لەو پەیوەندیە هەیە.
•    هێشتا هەست دەکرێت هەنگاوەکانی چاکسازی زیاتر لەسەر شانی هاولاتیان و چینەکانی خوارەوەیە وەک پێویست لەسەر کۆمپانیا و بازرگانە گەورەکان جیبەجێ ناکرێن.
•    چاکسازی لە کەرتی خۆراک و دەرمان لە هەرێمی کوردستان لە ئاستی پێویست نیە، نەبونی دامەزراوەی کوالێتی کۆنترۆڵی بەهێز، بۆشایەکی گەورەی دروست کردووە لەم کەرتە.
•    حکومەتی هەرێم وەک پێویست هەنگاوی لەبواری پرۆژەی هەموار و دەرکردنی ئەو یاسایانەی دەکرێت رۆلیان لە کەمکردنەوەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی هەیە، نەهاوێشتوە.
•    لاوازی لە جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی لەکەرتی سەربازی لە هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە ئالەنگارییە گەورەکان.
•    حکومەتی هەرێم لەبواری دروستکردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی هەنگاوی ناوە، بەڵام هێشتا ژێرخانی حکومڕانی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان لاوازە و پێویستی بە هەنگاوی بەهێز و گشتگیرتر هەیە.
•    هێشتا دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان ئەم رۆلە کاریگەرەی نیە لە پرۆسەی رووبەروبونەوەی گەندەڵی.


    
ڕاسپاردەکان:
•    حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرمەبنای کارنامەکەی خۆی، چالاکتر کار لەسەر جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی بکاتەوە.
•    پێویستە لە ئایندە هەر کارنامەیەکی حکومی ئامادە دەکرێت، بەشێوەی وردتر دابڕێژرێت، کەمتر بەڵێنەکانی گشتی بێت، هەوڵبدریت قابیل بێت بۆ پێوانەکردن و هەڵسەنگاندن، لەرێی دیاریکردنی ماوەی دیاریکرا و خستنەرووی ژمارە و پێوانە.
•    حکومەتی هەرێم راپۆرتی خولی جێگیری هەبێت لەسەر ئاستی جێبەجێکردنی کارنامەکە، واتە راپۆرتەکان بەشێوەی شەش مانگی یاخود ساڵانە ئامادەبکرێن، بۆ رای گشتی بلاوبکرێنەوە، ناوەرۆکەکانی ئاستی جێبەجێ کردنی کارنەمەکە بێت.
•    رۆڵی زیاتر بە دامەزراوەکانی رووبەروبونەوەی گەندەڵی و چاودێری بدرێت، بەجۆرێک گەرەنتی سەربەخۆ بوون هەبێت، دوور بخرێنەوە لە دابەشکاری حیزبی، پێداویستیە مادی و لۆجستی و یاساییەکانیان پڕ بکرێتەوە.
•    لە پێناو شەفافییەتی زیاتر، وەک هەنگاوی یەکەم پێویستە پرۆژە یاسای بودجە ببرێتە پەرلەمان.
•    رۆلی چاودێری کردنی پەرلەمانی بۆ کارنامەی حکومەت بەهێزتر و وردتر بکرێت، بۆ ئەمەش سوود لە ئەزمونە پێشکەوتوەکانی دنیا وەربگیرێت.
•    دوورخستنەوەی دەستێوەردانی سیاسی لە جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی و رووبەروبونەوەی گەندەڵی.
•    بۆ قوڵکردنەوەی سەروەری یاسا و بنەماکانی حکومڕانی باش، پێویستە رێز لە رۆژمێری هەڵبژاردن بگیرێت، تا بتواندرێت دامەزراوە دەستوریەکان  بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان کارەکانی خۆیان بکەن.
•    داڕشتنی ئەولەویەت بۆ پرۆسەی رووبەروبونەوەی گەندەڵی بەگوێرەی گرنگی و مەترسی سێکتەرەکان، هەروەک لە ستراتیژیەتی رووبەروبونەوەی گەندەڵی هاتووە.
•    دوپات لەسەر بەشداری کۆمەڵی مەدەنی و میدیا لە پرۆسەی چاکسازی دەکەینەوە، بەگوێرەی ستراتیژیەتی رووبەرووبونەوەی گەندەڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پلانی نیشتیمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ.


لیستی سەرچاوەکان:
١. تیمی ئامادەکاری راپۆرت ٢٥ چاوپێکەوتنی لەگەڵ پەرلەمانتاران و لیژنە پەیوەندیدارەکان لە پەرلەمانی کوردستان و وەزارەت و دامەزراوە فەرمیەکانی حکومەتی هەرێم و سەربەخۆکان و شارەزایانی یاسایی و دارایی و پسپۆران و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ناوخۆیی و عێراقی و نێودەوڵەتی ئەنجامداوە.
٢. پۆرتاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
٣. راپۆرتەکانی ژمارە (١ و ٢ و ٣ و ٤)ی چاودێری و هەڵسەنگاندن هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێم، رێکخراوی ستۆپ. 
٤. سایتی پەرلەمانی کوردستان.
٥. پۆرتالی خزمەت.
٦. راپۆرتی سێیەمی دەستەی دەسپاکی لەبارەی یاسای چاکسازی.
٧. کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
٨. راپۆرتی چاکسازی و حزمەتگوزاری، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
٩. ماڵپەڕی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان.
١٠. راپۆرتی چاکسازی دارایی کابینەی نۆیەم – رێکخراوی ستۆپ، ٢٠٢٢.
١١. راپۆرتەکانی سالانی (2018- 2021)ی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان.
١٢. راپۆرتەکانی سالانی (2018-2021)ی  وەزارەتی داد – حکومەتی هەرێمی کوردستان.
١٣. توێژینەوەی ( سیادە القانون  الحکم الرشید ورکیزە سیادە القانون فی کوردستان) د.احمد میران، 2022.
١٤. هەڵسەنگاندنی ئاستی جێبەجێکردنی یاسای کێبرکێ و قەدەغەکردنی قۆرخکاری لە هەرێمی کوردستان، رێکخراوی ستۆپ، ٢٠٢١.


بڵاوکراوەکانی رێکخراوی ستۆپ 

1. زنجیرەی یەکەم: راپۆرتی وه‌رزی یه‌که‌می پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و ده‌سه‌ڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان.
2. زنجیرەی دووەم: راپۆرتی وه‌رزی دووەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و ده‌سه‌ڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان
3. زنجیرەی سێیەم: راپۆرتی وه‌رزی سێیەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و ده‌سه‌ڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان
4. زنجیرەی چوارەم: راپۆرتی وه‌رزی چوارەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و ده‌سه‌ڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان
5. زنجیرەی پێنجەم: راپۆرتی ساڵانە (2015 - 2016) داتاکانی گەندەڵی
6. زنجیرەی شەشەم: راپۆرتی وه‌رزی پێنجەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و ده‌سه‌ڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان
7. زنجیرەی حەفتەم: راپۆرتی وه‌رزی شەشەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و ده‌سه‌ڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان
8. زنجیرەی هەشتەم: راپۆرتی وه‌رزی حەفتەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و ده‌سه‌ڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان
9. زنجیرەی نۆیەم: راپۆرتی وه‌رزی هەشتەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و ده‌سه‌ڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان
10. زنجیرەی دەیەم: راپۆرتی (چاودێری و هه‌ڵسه‌نگاندنی بڕیار و راسپارده‌کان) بڕیار و راسپاردەکانی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان 1/1/2016 تاوەکو 9/12/2016
11. زنجیرەی یازدەیەم: راپۆرتی ساڵانە (2016 - 2017) داتاکانی گەندەڵی.
12. زنجیرەی دوازدەیەم: بەشداری کۆمەڵی مەدەنی لە پرۆسەی چاکسازی و روبەروبونەوەی گەندەڵی.
13. زنجیرەی سێزدەیەم: ئەنجامی راپرسیەک لەبارەی رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و پێشخستنی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان.
14. راپۆرتی هەڵسەنگاندن و ئاستی جێ بەجێ کردنی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری (1).
15. راپۆرتی بەرەو بەھێزترکردنی رۆڵی دەزگای داواکاری گشتی.
16. راپۆرتی هەڵسەنگاندن و ئاستی جێ بەجێ کردنی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری (2).
17. گلۆسەری چەمک و زاراوەکانی گەندەڵی و حوکمڕانی چاک.
18. شەفافیەتی نەوتی کوردستان لە چاوی دیلۆیتەوە.
19. راپۆرتی هەڵسەنگاندن و ئاستی جێ بەجێ کردنی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری (3).
20. تقییم خدمە المیاه فی مدینە اربیل.
21. نەخشەڕێـی چاکسازی و روبەروبونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان.
22. شاری هەولێر دۆخی ئاوی پاشەڕۆ، ئاستەنگ چارەسەرییەکان.
٢٣. چالاکردنی یاسای رێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستان.
٢٤. راپۆرتی چاودێری و هەڵسەنگاندن هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێم (1).
٢٥. زێدەڕۆیی سەر زەوی و زاری کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان (کێشە و چارەسەرییەکان).
٢٦. راپۆرتی چاودێری و هەڵسەنگاندن هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێم (2).
٢٧. وردبوونەوە لە وردبینیەکەی دیلۆیت لێکۆڵینەوەی گرفتەکانی داهاتی نەوت لە ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت ٣ چارەکی ساڵی ٢٠٢٠، لە بڵاوکراوەکانی رێکخراوی ستۆپ و رێکخراوی روونبین.
٢٨. راپۆرتی چاودێری و هەڵسەنگاندن هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێم (3).
٢٩. راپۆرتی چاودێری و هەڵسەنگاندن هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێم (4).
٣٠. هەڵسەنگاندنی ئاستی جێبەجێکردنی یاسای کێبرکێ و قەدەغەکردنی قۆرخکاری لە هەرێمی کوردستان.
٣١. 9 ساڵ حوکمڕانی بەبێ بودجە (گرنگی بودجە لە پێشخستنی شەفافیەت و چاودێری و چاکسازی لە داهات و خەرجی).
٣٢. هەڵسەنگاندنی چاکسازی دارایی لە کابینەی نۆیەمدا (گرفتەکانی بەرێوەبردنی داهاتی ناوخۆ).
٣٣. مەترسیەکانی ئاستی دابەزینی ئاوی ژێر زەوی هەولێر کاریگەری پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بە نموونە.
٣٤. سەرەتایەک بۆ روبەڕوبونەوەی سپیکردنەوەی پارە لە هەرێمی کوردستان.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand