نیگەرانییەكانی دوای كۆنگرە
2022-11-08 07:09:19
راپۆرتی: درەو
كۆنگرەی پارتی تەواو بوو، بەشێك لە كاندیدە دیارەكانی پارتی دەرنەچوون، نێچیرڤان بارزانی (6) ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و فایلی دەرەوەو پەرلەمانی بەركەوت، مەسرور بارزانی (45) ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و حزب و دارایی بەركەوت، نێچیرڤان بارزانی سیناریۆكەی لەبەرچاو بووە، بەنیاز بووە بەشداری كۆنگرە نەكات.
دوو ئەندامی مەكتەبی سیاسی، (13) بەرپرسی لق، (6) وەزیر، (2) یاریدەدەری سەرۆك وەزیران، هەردوو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە كوردستان و بەغداد، دەیان ئەندامی سەركردایەتی دەرنەچوون، زۆرینەیان نیگەرانن، پێیان وایە فێڵیان لێكراوە، بەڵام هێشتا یاری پشتی پەردەیان بۆ روون نەبووەتەوە.
مەكتەبی سیاسی دەرنەچوو
دوو ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی نە لە تەزكیەكەی مەسعود بارزانیدا سەركەوتن، نە لە كۆنگرەشدا دەنگی پێویستیان بەدەستهێنا.
• كاكەمین نەجاڕ ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەولێر (258) دەنگ (دەرنەچوو)
• عزەدین بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی (149) دەنگ (دەرنەچوو)
كەسانی نزیك
دوو كەس كە كوڕو برای كەسە نزیكەكانی مەسعود بارزانین دەرنەچوون.
• سەفین دزەیی ئەندامی سەركردایەتی كوڕی موحسین دزەیی یەكێك لە هاوەڵە نزیكەكانی مەلا مستەفا (204) دەنگی بەدەستهێناوە(دەرنەچوو)
• بروسك نوری شاوەیس ئەندامی سەركردایەتی برای رۆژ نوری شاوەیس هاوڕێی نزیكی مەسعود بارزانی (297) دەنگ (دەرنەچوو)
وەزیرە دەرنەچووەكان:
• ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە (264) دەنگ
• ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە (240) دەنگ
• سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی (254) دەنگ
• ساسان عەونی وەزیری شارەوانی (332) دەنگ (یەدەگ)
• سەفین دزەیی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە (204) دەنگ
تازەكانی ناو بارتی:
• رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت (187) دەنگ
• محەمەد حاجی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت كشایەوە
• مەسعود حەیدەر راوێژكاری مەسعود بارزانی (142) دەنگ
• عارف روشدی راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی كشایەوە
• نەزاكەت حسێن (146) دەنگ
فراكسیۆنەكان دەرنەچوون:
• ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق (192) دەنگ
• زانا مەلا خالید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان (267) دەنگ
• ڤیان دەخیل وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق (143) دەنگ
• پێشەوا هەورامانی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان (227) دەنگ
• مەحما خەلیل پەرلەمانتاری عێراق (171) دەنگ
• بەهمەن كاكە عەبدوڵا (178) دەنگ
• جوان رۆژبەیانی (202) دەنگ
• ئاری هەرسین پەرلەمانتاری پێشوو (168) دەنگ
• فازڵ بەشارەتی پەرلەمانتاری پێشوو (215) دەنگ
سەركردایەتیەكان دەرنەچوون:
* شیرین ئامێدی ئەندامی پێشوی سەركردایەتی (150) دەنگ
* خەسرەو گۆران ئەندامی سەركردایەتی ( 162) دەنگ
* نوری حەمە عەلی ئەندامی سەركردایەتی (333) دەنگ
* قادر قاچاغ ئەندامی سەركردایەتی (310) دەنگ
بەرپرسی لقەكان زۆرینەیان دەرنەچوون
* سەعید ئاغا برپرسی لقی چواری سلێمانی (205) دەنگ
* فازل رەئوف بەرپرسی لقی 21ی دەورەبەری سلێمانی (114) دەنگ
* بەسام عەلی بەرپرسی لقی هەڵەبجە (157) دەنگ
* محەمەد خورسید بەرپرسی لقی كەركوك (329) دەنگ
* جەعفەر شێخ مستەفا بەرپرسی لقی خانەقین (75) دەنگ
* سەید رێبوار بەرپرسی لقی چەمچەماڵ (195) دەنگ
* شوان محەمەد بەرپرسی لقی بەغداد (178) دەنگ
* كرمانج عەبدوڵا بەرپرسی لقی قەرەچوغ ( 214) دەنگ
* حەسەن عەدۆ بەرپرسی لقی چۆمان (179) دەنگ
* سەباح بەیتوڵا بەرپرسی لقی ئاكرێ ( 317) دەنگ
* ئاشتی كۆچەر بەرپرسی لقی شنگال (253) دەنگ
* ئەنوەر مەسیفی بەرپرسی لقی ئەوروپا (82) دەنگ
* عەبدولواحید رەواندزی بەرپرسی لقی سۆران (300) دەنگ
دەرنەچووەكان نیگەرانن
بە پێی بە دواداچوونەكانی (درەو) بەشێك لەوانەی دەرنەچوون نیگەرانن و لە ئێستادا بە پەیام و بە قسەش نیگەرانییەكانی خۆیان دەردەبڕن، هەندێكیشیان نیگەرانیەكانیان گەیاندووەتە مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی.
بەشیك لە دەرنەچووەكان پێیان وایە فێڵیان لێكراوە، بەوەی پێشتر پێیان وتراوە لە لیستەكەی مەسعود بارزانیدان و دواتریش لیستێكی تر هەبووەو ئەو لیستە رێككەوتنی لەسەر كراوەو سەركەوتووە، سەركردایەتی و وەزیرە دەرنەچووەكان و بەرپرسی لقەكان نیگەرانن، بەشێكیان پێیان وایە فێڵیان لێكراوە، هێشتا یاریەكەی پشتی پەردەیان بۆ روون نەبووەتەوە، ئەوەندە دەزانن ئەو لیستەی بارزانی داینابوو دواتر لەلایەن نزیكەكانی مەسرور بارزانیەوە گۆڕدراوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی پەیوەندی بە دەرنەچووەكانەوە دەكەن و دەڵنەواییان دەكەن.
نێچیرڤانیەكان
نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرەدا هیچی دەستنەكەوت، تەنانەت رێگە نەدرا رەوان بارزانی برای خۆی كاندید بكات و یوسف بارزانی براشی كە ئەندامی سەركردایەتی پارتی بوو هەر بەشداری كۆنگرەی نەكرد.
بە پێی زانیاریەكانی (درەو) نێچیرڤان بارزانی سەرەتا نیگەران بووە، نیازی بووە بەشداری كۆنگرە نەكات، سیناریۆكانی لەبەرچاو بوو، دەیزانی كۆنگرە تەنیا لە پێناو بە جێگر بوونی مەسرور بارزانی و دوورخستنەوەی بەشێك لەوانە بوو كە مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی لێیان نیگەران بوون، بەڵام بەهەوڵی زۆری بارزانی باوك بەشداری كردوو تەنانەت ئامانجی یەكەمی كۆنگرە كە بەجێگربوونی مەسرور بارزانیە بە نێچیرڤان بارزانی جێبەجێكرا.
لە كۆنگرەدا نێچیرڤان بارزانی تەنیا (6) كەسی نزیكی خۆی سەرخست بەخۆیەوە (7) ئەندام دەبن لە كۆبونەوەكانی كۆمیتەی ناوەندی پارتی واتا (14%).
نێچیرڤان بارزانی بەرپرسی فایلی (دەرەوە، حكومەت، پەرلەمان)ە كە هیچیان كاریگەریان لەسەر رێكخستن و كۆنترۆڵی حزبی نیە.
مەسروریەكان
كۆنگرە بۆ مەسرور بارزانی سەركەوتنێكی گەورەبوو، چووە پاڵ نێچیرڤان بارزانی، لە كۆی (51) ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی (45) ئەندامی سەربە ئاراستەی مەسرور بارزانین واتا (86%)ی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی لەگەڵ بەڵێی مەسرور بارزانیدان، لەگەڵ ئەوەی بەرپرسی فایلی (حزب، رێكخستن، دارایی) ناو پارتیە.
ماڵئاوایی مەسعود بارزانی
لە هەموو وتارەكانیدا مەسعود بارزانی بە روونی ماڵئاوایی پێوە دیاربوو، مانەوەی وەك سەرۆكی پارتی تەنیا بۆ چاودێری كارەكانی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانیە.
بارزانی باوك رێكخستن و سەركردایەتی وەك هێلكەیەكی پاككراو خستە دەستی مەسرور بارزانی، چەند جارێك ئەوەی دوپاتكردەوە "ئەبێت مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، وەك من و ئیدریس بارزانی بن، كە ئیدریس بارزانی براگەورەی من بوو" بەو واتایەی مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی هەمان ئەزمونی ئەوان پیادەبكەن، ئیدریس بارزانی براگەورە بوو بەڵام مەسعود بارزانی سەرۆكی حزب بوو، واتا نێچیرڤان بارزانی وەك براگەورەی مەسرور بارزانیە بەڵام مەسرور بارزانی سەرۆك و بڕیار بەدەست دەبێت.