Draw Media

هەناردە، داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە (10) مانگی ڕابردوودا 

هەناردە، داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە (10) مانگی ڕابردوودا 

2022-11-05 07:13:40


 شیكاری: درەو
 
بەپێی زانیارییەکان؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (10) مانگی ڕابردوودا؛
🔹 زیاتر لە (122 ملیۆن و 911 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە فرۆشتووە.
🔹 بە تێکڕای ڕۆژانە (404 هەزار 429) بەرمیل نەوت فرۆشراوە.
🔹 تێکڕای بەهای بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان (103.71) دۆلار بووە، بەڵام هەرێم نەوتی بە (90.77) دۆلار فرۆشتووە.
🔹 کۆی داهاتی نەوتی هەرێم زیاتر بووە لە (11 ملیار و 138 ملیۆن 403 هەزار) دۆلار بووە.
🔹 بڕی (6 ملیار و 237 ملیۆن و 505 هەزار) دۆلار بەڕێژەی (56%) چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە.
🔹 بڕی (4 ملیار و 900 ملیۆن و 897 هەزار) دۆلار بەڕێژەی (44%) کە بەرامبەرە بە (7 ترلیۆن و 106 ملیار و 301 ملیۆن) دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم.

چارتی ژمارە (1)


یەکەم؛ بڕی نەوتی هەناردەکراو لە ڕێگەی بۆرییەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (1/1/2022 – 31/10/2022)، بڕی (122 ملیۆن و 911 هەزار 745 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە لە بەندەری جەیهانی تورکی فرۆشتووە.
بەرزترین ئاستی فرۆشتنیش لە مانگی تەموزدا تۆمار کراوە کە بڕەکەی بریتی بووە لە (13 ملیۆن و 340 هەزار) بەرمیل.
کەمترین بری نەوتی فرۆشراویش لە مانگی حوزەیراندا بووە کە بڕەکەی بریتی بووە لە (11 ملیۆن و 168 هەزار و 971) بەرمیل (بڕوانە چارتی ژمارە (2))
هاوکات بەتێکڕای ڕۆژانە لە دە مانگی ڕابردووەدا بڕی نەوتی فرۆشراوی هەرێم بریتی بووە لە (404 هەزار و 429) بەرمیل نەوت، سەبارەت بە وردەکاری مانگەکان بڕوانە (چارتی ژمارە (3))

چارتی ژمارە (2)


چارتی ژمارە (3)

دووەم؛ نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە بازاڕەکانی جیهان
بە تێکڕای دە مانگی ڕابردوو هەر بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان نرخەکەی بریتی بووە لە (103.71) دۆلار. بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت بۆ هەردوو چارەکی یەکەم و دووەمی ئەمساڵ بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی کوردستان بە کەمتر لە (12.94) دۆلار لە نرخی جیهانی فرۆشراوە. واتە بە تێکڕا لە ماوەی ڕابردوودا هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (90.77) دۆلار فرۆشراوە.
بەرزترین ئاستی نرخی نەوتی هەرێمیش لە مانگی حوزەیران تۆمار کراوە، کە بریتی بووە لە (108.25) دۆلار، نزمترین ئاستیش لە مانگی کانونی دووەمدا بووە کە بەهاکەی بریتی بووە لە (73.89) دۆلار. بڕوانە (چارتی ژمارە (4)

 

چارتی ژمارە (4)


سێیەم: داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە 1/1/2022 – 31/10-2022
1.    کۆی گشتی داهاتی نەوتی هەرێم
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دە مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا بڕی (122 ملیۆن و 911 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە، بە تێکڕا هەر بەرمیلێک نەوتی بە (90.77) دۆلار فرۆشتووە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بە بۆری بەدەستهاتووە، بریتی بووە لە؛ (11 ملیار و 138 ملیۆن و 403 هەزار و 56) دۆلار، زۆرترین داهاتیش لە مانگی ئایاردا بەدەستهاتووە کە بڕەکەی بریتی بووە لە؛ (1 ملیار و 346 ملیۆن و 889 هەزار و 426) دۆلار، کەمترین داهاتیش لە مانگی کانونی یەکەم دا تۆمار کراوە کە بریتی بووە لە؛ (918 ملیۆن و 600 هەزار و 37) دۆلار. بڕوانە (چارتی ژمارە (5)

چارتی ژمارە (5)


2.    خەرجی نەوتی هەرێم
بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت بۆ وردبینی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەماوەی ڕابردوو (56%)ی داهاتی نەوت بۆ خەرجی پرۆسەکە دەڕوات، بۆیە  کۆی ئەو داهاتەی لە دە مانگی ڕابردوودا لە پرۆسەی نەوتدا بە خەرج دراوە، بریتی بووە لە؛ (6 ملیار و 237 ملیۆن و 505 هەزار و 711) دۆلاری ئەمریکی، بە جۆرێک؛ بەرزترین ئاستی خەرجی لە مانگی ئایاردا تۆمار کراوە کە بڕەکەی بریتی بووە لە؛ (754 ملیۆن و 258 هەزار و 79) دۆلار.
کەمترین خەرجیش لە مانگی کانونی یەکەمدا بووە، کە بریتی بووە لە؛ (514 ملیۆن و 416 هەزار و 21) دۆلار. (چارتی ژمارە (6)).


چارتی ژمارە (6)

 

3.    داهاتی ماوەی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت (44%)ی داهاتی نەوت لە دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانی پرۆسەکە بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە دە مانگی ڕابردوودا لە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە کەمترە لە کۆی خەرجییەکانی پرۆسەکە و بریتییە لە (4 ملیار و 900 ملیۆن و 897 هەزار و 345) دۆلاری ئەمریکی، بەرامبەر بە (7 ترلیۆن و 106 ملیار  و 301 ملیۆن و 149 هەزار) دیناری عێراقی. بڕوانە (چارتی ژمارە (7 + 8)) و تەواوی وردەکارییەکان خشتەی ژمارە (1)).


چارتی ژمارە (7)

چارتی ژمارە (8)

خشتەی ژمارە (1)


سەرچاوەکان
-    ڕاپۆرتی دیلۆیت، بەرهەمی نەوت و هەناردەو بەکاربردن و دهات لە 1ی کانونی دووەمی 2022 تاکو 31ی ئاداری 2022 (وەرزی یەکەم)، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
-    ڕاپۆرتی دیلۆیت، بەرهەمی نەوت و هەناردەو بەکاربردن و دهات لە 1ی نیسانی 2022 تاکو30ی حوزەیرانی 2022 (وەرزی دووەم)، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
-    درەو میدیا؛ هەناردەو نەوتی بارکراوی هەرێم لە چارەکی سێیەمی 2022؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11255
-    ئەنوەر کەریم؛ كۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگی رابردوودا (996 ملیۆن) دۆلار بووە، درەو میدیا؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10593 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand