Draw Media

11 مەكتەب سیاسی بۆ كۆمیتەی ناوەندیی

11 مەكتەب سیاسی بۆ كۆمیتەی ناوەندیی

2022-11-04 10:26:23


(درەو): 
دوای دانانی سەرۆك‌و جێگرەكانی بەبێ دەنگدان، (11) ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، بە تەزكیەی مەسعود بارزانی ناچنە ناو كێبركێی هەڵبژاردن‌و راستەوخۆ دەبن بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی. 
بۆ رۆژی دووەم كۆنگرەی 14ی پارتی لە دهۆك بەردەوامە، دوای دانانەوە مەسعود بارزانی بە سەرۆكی حزب‌و نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی بە جێگرانی سەرۆك بەبێ هەڵبژاردن‌و دەنگدان، بە بڕیارێك ئەندامانی مەكتەبی سیاسیش بەبێ هەڵبژاردن خرانە سەركردایەتییەوە. 
ئەمڕۆ پەیڕەوی ناوخۆی پارتی پەسەندكرا، لە پەیڕەوە نوێیەكەدا ناوی (ئەنجومەنی سەركردایەتی) گۆڕدراوە بۆ (كۆمیتەی ناوەندیی). 
بەپێی قسەی میدیاكانی نزیك لە پارتی، نێچیرڤان بارزانی پێشنیازی كردووە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بەبێ هەڵبژاردن بكرێن بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی، مەسعود بارزانیش ئەم پێشنیازەی پەسەندكردووە. 
مەكتەبی سیاسی پارتی لە (17) كەس پیكهاتووە، سێ كەسیان لە ژیاندا نەماون (فەرەیدون جوانڕۆیی- رۆژ نوری شاوەیس- رەمزی شەعبان)، سێ كەسی تریان بڕیاریانداوە خۆیان كاندید نەكەنەوە (كەریم شەنگالی- عومەر عوسمان- یونس رۆژبەیانی)،  بەم پێیە لە كۆی 17 ئەندامی مەكتەبی سیاسی (11) كەس ماوەتەوە‌و ئەم (11) كەس بەبێ دەنگدان‌و بە بڕیاری مەسعود بارزانی سەردەكەون بۆ كۆمیتەی ناوەندیی. 
سەركردایەتی پارتی لە 51 ئەندام‌و (9) یەدەگ پێكدێت، لەم ژمارەیە دوانیان لە ژیاندا نەماون (فەلەكەدین كاكەیی- محەمەد هەركی)، یەكێكیشیان وازی لە پارتی هێناوە (ئەدهەم بارزانی)، چەند ئەندامێكی تر بڕیاریانداوە خۆیان كاندید نەكەنەوە (قادر قادر- عەبدوڵا ئاگرین- نەزهەت حالی).


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand