Draw Media

رێبەرایەتی پارتی لە دەستی دوو ئامۆزادا

رێبەرایەتی پارتی لە دەستی دوو ئامۆزادا

2022-11-03 10:06:37



(درەو): 
مەسعود بارزانی رێبەرانی پارتی بۆ دوای خۆی بە هاوبەشی دایە دەست مەسرور بارزانی كوڕی‌و نێچیرڤان بارزانی برازای، بەمەش شەڕی میراتی بە هاوتایی لەنێوان هەردوولادا بەجێهێشت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا خۆیان یەكلای بكەنەوە. 
یەكەمین كاری كۆنگرەی 14ی پارتی دیاریكردنی رێبەرایەتی حزبەكە بوو، مەسعود بارزانی جارێكی تر وەكو سەرۆكی پارتی هەڵبژێردرایەوە، بارزانی پێشنیازی كرد نێچیرڤان بارزانی بۆ جێگری پارتی هەڵبژێدرێت، نێچیرڤان بارزانیش پێشنیازی كرد، مەسرور بارزانی بۆ جێگری دووەمی سەرۆكی پارتی هەڵبژێردرێت، ئەم پرۆسەیە پێشتر لەناو بنەماڵەی بارزانی رێككەوتنی لەسەر كراوە.
كۆنگرەی 14ی پارتی گۆڕانكارییەكی نوێی كرد، پۆستی جێگری سەرۆكی حزبی لە یەك جێگرەوە بۆ بۆ دوو جێگر زیاد كرد. 
بۆ جێگری یەكەمی سەرۆكی پارتی نێچیرڤان بارزانی هەڵبژێردرا، بۆ جێگری دووەمیش (مەسرور بارزانی)، ئەم گۆڕانكارییە نیشانی دەدات لە حاڵەتی دوركەوتنەوەی مەسعود بارزانی بە هەر هۆكارێك، رێبەرایەتی حزب دەكەوێتە دەست دوو ئامۆزاكە، ئەمە شێوازێكی هاوشێوەی ئەوەیە كە دوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی لەناو یەكێتیدا رویدا‌و لە كۆنگرەی چوارەمدا بافڵا تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگیی لەژێر ناوی "هاوسەرۆكایەتی"دا رێبەرایەتی حزبەكەیان گرتە دەست. 
پۆستی جێگری سەرۆك لە كۆنگرەی 10ی پارتییەوە دانراوە، لەو كۆنگرەیەدا كە ساڵی 1988 بەڕێوەچوو، بۆ جاری یەكەم پۆستی سكرتێر لابراو پۆستی جێگر لە شوێنی دانرا، لەوكاتەوە تاوەكو كۆنگرەی 13 لە ساڵی 2010دا (عەلی عەبدوڵا) جێگری سەرۆكی پارتی بوو، لە كۆنگرەی 13دا بۆ یەكەمجار (نێچیرڤان بارزانی) كرا بە جێگری سەرۆك، بۆ ئەمە نێچیرڤان بارزانی لەبەردەم ئەندامانی كۆنگرەدا دەستی مەسعود بارزانی مامی ماچ كرد. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand