دوای (6/11) نەخشەی پەرلەمان چی لێدێت ؟
2022-11-02 15:52:48
راپۆرت: درەو
فراكسیۆنی (یەكگرتوو) دەستیلەكاركێشایەوە، (نەوەی نوێ) كشایەوە، (كۆمەڵو سەربەخۆكانو چوار پەرلەمانتاری گۆڕان) بایكۆتی دەكەن، نەخشەی پەرلەمانی كوردستان لەدوای 6/11 دەگۆڕدرێت، پارتی دەبێتە (48) كورسی، یەكێتی دەبێتە (24) كورسی، گۆڕان دەبێتە (13) كورسی.
دەستلەكاركێشانەوە یان كشانەوە یاخود بایكۆت
پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2022 بە دەنگی (80) پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، هەشت پەرلەمانتاری گۆڕان، پێكهاتەكان) تا كۆتایی وەرزی پایزەی 2023 تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكردەوە.
رۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو واتە (6ی تشرینی دووەمی 2022) تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی دێت، مانەوەو كشانەوەی ئەو فراكسیۆنو پەرلەمانتارانەی كە دەنگیان بە درێژكردنەوە تەمەنی پەرلەمان نەداوە زۆرترین كاردانەوەی دروستكردووە.
تائێستا (5) پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی یەكگرتوو و (1) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، (3) ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێش بڕیاری كشانەوەیان داوە بەبێ دەستلەكاركێشانەوە، فراكسیۆنی كۆمەڵو (4) پەرلەمانتارەكەی بزوتنەوەی گۆڕانو (3) پەرلەمانتارە سەربەخۆكە پەرلەمانتارەكەی حزبی شیوعی تائێستا بڕیاری كۆتاییان نەداوە.
ئێستا فراكسیۆنە ناڕازییەكان لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دابەشبوون بەسەر چوار جۆر بۆچوندا سەبارەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ پەرلەمان دوای تەواوبوونی تەمەنی یاساییو دەستپێكردنی ماوەی درێژكردنەوە.
لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستاندا شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ (بایكۆت)و (كشانەوە)و (دەستلەكاركێشانەوە)ی پەرلەمانتارانی دیاریكردووە.
كێن ئەوانەی دەستلەكاردەكێشنەوە ؟
دەستلەكاركێشانەوە لە بڕگەی دووەمی مادەی (25)ی پەیڕەوی ناوخۆدا هاتووە:
ئەندام دەتوانێت بێ مەرج بەداوایەكی نوسراو دەستلەكاركێشانەوەی لە پەرلەمان پێشكەشی سەرۆك پەرلەمان بكات، دەبێت سەرۆك لە نزیكترین دانیشتنی پەرلەماندا داواكارییەكە بخاتە بەرنامەی كارەوە، بۆ ئەوەی لە هەموو بارێكدا لەماوەی (30) رۆژ لە رێكەوتی پێشكەشكردنی دەستلەكاركێشانەوەكە بە دەنگی زۆرینەی ئامادەبوان یەكلابكرێتەوە.
تائێستا تەنیا فراكسیۆنی یەكگرتوو لەگەڵ خاتوو (شایان عەسكەری) ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكردووە، واتە بەتێكڕا (6) پەرلەمانتار نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكردووە، هێشتا روون نیە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەستلەكاركێشانەوەكان دەخاتە دەنگدانەوە یاخود نا، چونكە دكتۆر كازم فاروق سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە 27/2/2022ەوە نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشكردووە، بەڵام تائێستا نەخراوەتە دەنگدانەوە بە بیانووی نەخۆشیەكەیەوە.
بەدەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتوو، كاندیدەكانی بزوتنەوەی ئیسلامی جێگەیان دەگرێنەوە، لەبەر ئەوەی یەكگرتوو و بزوتنەوە لە هەڵبژاردنی 2018 بەیەك لیست (بەرەو ئیسڵاح) بەشداربوون، لەم بەرەیەدا تەنیا كاندیدەكانی یەكگرتوو سەركەوتن بۆ پەرلەمان.
(درەو) زانیویەتی، تائێستا بزوتنەوەی ئیسلامی لە گفتوگۆدایە لەبارەی ئەوەی ئایا بچنە پەرلەمان یان نا، هێشتا بڕیاری كۆتاییان نەداوە. ئەو كاندیدانەی بزوتنەوەی ئیسلامی كە دەبنە شوێنگرەوەی پەرلەمانتارانی یەكگرتوو بریتین لە هەریەكە لە (محەمەد بازیانی، كامیل مەحمود، عەبدوڵا وەرتی، لەیلا عەلی عەبدولعەزیز، عومەر یوسفی).
لە حاڵەتی نەچوونی كاندیدە شوێنگرەوەكانی بزوتنەوەی ئیسلامی ئەوا كورسیەكانی یەكگرتوو دابەش دەبێت بەسەر سێ كوتلە گەورەكەی ناو پەرلەماندا بە گوێرەی هاوكێشەیەك كەلەم راپۆرتەداو لە بارەی چونیەتی دابەشبوونی كورسیەكانی كۆمەڵی دادگەریی لە بەشی خوارەوەی ئەم راپۆرتە رونكراوەتەوە.
كێن ئەوانەی دەكشێنەوە ؟
تائێستا تەنیا (3) ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ بڕیاریانداوە لەدوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان، بكشێنەوەو ژمارەی بانكی دابخەن.
پرسی كشانەوە لە پەرلەمان بەگوێرەی بڕگەی (یەكەم)ی مادەی (22)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت. لە بڕگەی یەكەمی مادەی (22)ی پەیڕەوی ناوخۆدا هاتووە:
• ئەندامی پەرلەمان بە ئامادەبوون لە دانیشتنەكانی پەرلەمان پابەند دەبێت، ئەگەر بە بێ هۆیەكی رەوا ئامادەی دانیشتنەكان نەبوو، سەرۆك بەنوسین سەرنجی رادەكێشێت، ئەگەر ئامادەنەبوون دوبارەبووەوە (5%) موچەكەی لە هەر دانیشتنێك دەبڕێت، ئەگەر ئامادەنەبوون لە (3) دانیشتنی یەك لەدوای یەكدا یان (5) دانیشتنی پچڕ پچڕ بێت، لەماوەی یەك وەرزی یاساداناندا، ئەوا ئامادەنەبوونەكەی لە ماڵپەری تایبەتی پەرلەمان بڵاودەكرێتەوە، وێڕای بڕینی موچەكەی لە ئەنجامی ئامادەنەبوونیدا، ئەگەر ئامادەنەبوونی دوای ئەم دوبارەبووەوە ئەوا سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت بابەتەكە بخاتە بەردەمی پەرلەمانو پەرلەمانیش دەتوانێت بەزۆرینەی دەنگی رەهای ئەندامانی بەلەدەستدانی ئەندامێتی لەقەڵەمی بدات.
واتا بەگوێرەی ئەم بڕگەی پەیڕەوی ناوخۆیە، دوای كشانەوەیان لە پەرلەمان، ئەگەر ئەندامانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ یان هەر ئەندامێك لە فراكسیۆنەكانی تر لە (3) دانیشتنی یەك لەدوای یەكی پەرلەمان ئامادە نەبنو ئەم ئامادە نەبوونە لە چەند دانیشتنێكی تردا بەردەوام بێت، ئەوكات سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بابەتی ئامادەنەبوونیان دەخاتە بەردەم ئەندامانی پەرلەمانو بەزۆرینەی رەهای دەنگدان (50+1) دەستلەكاركێشانەوەیان بۆ دەكرێت.
(درەو) زانیویەتی، هۆكاری ئەوەی ئەندامانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ بڕیاری كشانەوەیانداوەو دەستلەكاركێشانەوەیان نەكردووە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە شوێنگرەوەی ئەو ئەندامانەی نەوەی نوێ، لە ئێستا سەربە نەوەی نوێ نین.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەگەر بەهۆی كشانەوەیان، پەرلەمان دەستلەكاركێشانەوە بۆ (3) پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ بكات، (3) كاندیدی تری نەوەی نوێ شوێنیان دەگرنەوە، بەڵام ئەم كاندیدانە ئێستا لە ریزی نەوەی نوێدا نەماون.
كێن ئەوانەی بایكۆت دەكەن ؟
چاوەڕوان دەكرێت ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە (فراكسیۆنی كۆمەڵ، چوار پەرلەمانتاری گۆڕان، سەربەخۆكان) بژاردەی (بایكۆت) بگرنەبەر.
لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستاندا باس لە بایكۆت كراوە، لە بڕگەی حەوتی مادەی (23)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا هاتووە:
• كاتێك فراكسیۆنێك یان ئەندامێكی پەرلەمان لەبەر هەڵوێستێك، بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمان دەكات، لەناو هۆڵی پەرلەمان بە ئامادەنەبوو هەژمار ناكرێت.
پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان شێوازی بایكۆتی پەرلەمانتار یان فراكسیۆنی پەرلەمانیی روون نەكردووەتەوە ئایا تا چەند دەتوانن بایكۆتی بكەن، ئایا ئەگەر تا كۆتایی خولی پەرلەمان بایكۆت بەردەوام بێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت؟.
ئەگەر پەرلەمان بەپێی مادەی (22) مامەڵەیان لەگەڵ بكات، ئەوا دوای ئامادەنەبوونی سێ دانیشتنی یەك لەدوای یەك یان (5) دانیشتنی پچڕپچڕ، سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت بیخاتە دەنگدانەوەو كۆتایی بە ئەندامێتییان بهێنێت، لەو حاڵەتەدا شوێنگرەوەكانیان بەمشێوەیە دەبێت:
• چوار پەرلەمانتارەكەی بزوتنەوەی گۆڕان (عەلی حەمەساڵح، ئاشنا عەبدوڵا، دابان محەمەد، شیرین ئەمین) شوێنگرەوەكانیان بریتی دەبێت لە (دلێر عەبدولخالق، شێركۆ حەمەئەمین، سۆز عەبدولقادر، د. رێزان هەردی) لە لیستی گۆڕان.
• ئەندامانی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەریی لە حاڵەتی كۆتاییهاتن بە ئەندامێتیان، لەبەر ئەوەی لە لیستەكەیاندا كەس ناچێتە شوێنیان، كورسییەكانیان دابەشدەكرێت بەسەر ئەو لیستانەدا كە زۆرترین كورسییان هێناوە، (7) كورسییەكەی كۆمەڵ بەمشێوەیە دابەشدەكرێت:
• (111 ئەندام دابەش 45 كورسی فراكسیۆنی پارتی، لێكدانی 7 ئەندامی كۆمەڵ = 2.8 كورسی واتا بە نزیكەی (3) كورسی فراكسیۆنی كۆمەڵ دەچێت بۆ پارتی.
• (111 ئەندام دابەش 22 كورسی فراكسیۆنی یەكێتی، لێكدانی 7 ئەندامی كۆمەڵ = 1.4 كورسی واتا بە نزیكەی (2) كورسی فراكسیۆنی كۆمەڵ دەچێت بۆ یەكێتی.
• (111 ئەندام دابەش 12 كورسی فراكسیۆنی گۆڕان، لێكدانی 7 ئەندامی كۆمەڵ = 0.8 كورسی واتا (1) كورسی فراكسیۆنی كۆمەڵ دەچێت بۆ فراكسیۆنی گۆڕان (ئەمە لە حاڵەتێكدا چوار پەرلەمانتارە ناڕازییەكەی گۆڕان لە پەرلەمان بكشێنەوەو كاندیدی تری گۆڕان شوێنیان بگرێتەوە).
مانەوە وەكو بژاردەی چوارەم
لەبەردەم پەرلەمانتارە ئۆپۆزسیۆنەكان و سەربەخۆكاندا بژاردەیەكی تریش هەیە كە مانەوەیە لە پەرلەمان لەدوای 6/11 ەوە، رەنگە هەندێك لە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن كلیك لەسەر ئەم بژاردەیە بكەن بەتایبەتی پێیان وایە ئەگەری هەڵبژاردنێكی نوێ لە كوردستان دوورەو مانەوەیان باشترەو كارگەریگەرترە لەسەر دەنگی ئۆپۆزسیۆن.
بەگوێرەی ئەم دابەشكارییە، ژمارەی كورسییەكانی فراكسیۆنی پارتی لە (45) كورسییەوە دەبێت بە (48) كورسی، یەكێتی لە (22) كورسییەوە دەبێت بە (27) كورسی، بەشوێنگرەوەی كورسییەكانی (كۆمەڵ، نەوەی نوێ)، فراكسیۆنی گۆڕان دەبێتە (13) كورسی.
حزبی شیوعی بڕیاری نەداوە !
حزبی شیوعی كوردستان كە خاوەنی یەك كورسی پەرلەمانە، دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بوو، دەنگی پێنەدا، بەڵام هێشتا یەكلانەبوەتەوە لەبارەی ئەوەی دوای 6/11 كە تەمەنی یاسایی پەرلەمان كۆتایی دێتو ماوەی درێژكردنەوەی دەستپێدەكات، تاكە پەرلەمانتارەكەی چی دەكات (بایكۆت یان دەستلەكاركێشانەوە یاخود كشانەوە).
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو حزبی شیوعی بە (درەو)ی راگەیاند، رۆژی پێنجی ئەم مانگە واتە رۆژێك بەر لە تەواوبوونی تەمەنی یاسایی پەرلەمان، حزبی شیوعی بڕیاری خۆی لەبارەی چارەنوسی پەرلەمانتارەكەیەوە یەكلادەكاتەوە.
نەخشەی پەرلەمان لەماوەی درێژكردنەوەدا
ئەگەر كشانەوەو بایكۆتو دەستلەكاركێشانەوەكانی پەرلەمان بخرێنە بواری جێبەجێكردنو بە كاندیدە شوێنگرەوەكان شوێنەكان پڕبكرێنەوە، نەخشەی دابەشبوونی كوردسییەكانی پەرلەمان لەماوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا بەمشێوەیە دەبێت:
• پارتی: (48) كورسی
• یەكێتی: (24) كورسی
• بزوتنەوەی گۆڕان: (13) كورسی
• پێكهاتەكان: (11) كورسی
• باپیر كامەلا
كۆی گشتی ئەو ئەندامانەی لەپەرلەمان دەمێننەوە ژمارەیان (97) پەرلەمانتار دەبێت، لەم حاڵەتەدا هیچ كێشەیەك بۆ نیسابی دانیشتنەكانی پەرلەمانو تێپەڕاندنی پرۆژە یاساكان دروست نابێتو دەنگی (50+1) مسۆگەر دەبێت.