داهاتی خاڵە گومرگییەکانی عێراق و هەرێم (2016 - 2021)
2022-11-02 07:08:19
شیكاری: درەو
پاڵپشت بە داتاکانی دەستەی گشتی گومرگی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی نێوان ساڵانی (2016 - 2021) خراونەتەڕوو، سەرباری ئەوەی حکومەتی عێراق بەتەنها خاوەنی (19) خاڵی سنوری و نێودەوڵەتی (وشکانی، ئاوی و ئاسمانی)یە. هەرێمی کوردستان خاوەنی (6) دەروازەی فەرمی (وشکانی و ئاسمانی)یە. بەڵام داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ ساڵی کۆتاییدا (2019 - 2021) زیاترە، بە جۆرێک؛
- لە ساڵی (2019)دا داهاتی گومرگی هەرێم بڕی (510 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (48%) زیاترە لە داهاتی گومرگی حکومەتی ناوەندی.
- لە ساڵی (2020)دا داهاتی گومرگی هەرێم بڕی (544 ملیار و 838 ملیۆن و 608 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (63%) زیاترە لە داهاتی گومرگی حکومەتی عێراق.
- لە ساڵی (2021)دا داهاتی گومرگی هەرێم بڕی (689 ملیار و 586 ملیۆن و 141 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (69%) زیاترە لە داهاتی گومرگی حکومەتی عێراق.
پێشەکی
باجی گومرگی یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی پارەو داهات بۆ بودجەی گشتی. چونکە سەرچاوەی یەکێک لە لقە گرنگەکانی داهاتە گشتیەکانی دەوڵەتە، کە حکومەتەکان بەکاریان دەهێنن بۆ داپۆشینی خەرجییە گشتیەکانیان، ئامرازێکە بۆ تێرکردنی پێداویستییە گشتیەکان؛ چونکە چەندین ئەرکی کۆمەڵایەتی، ئابووری، خزمەتگوزاری، کولتووری، سەربازی و ئەمنی بەڕێوەدەبات. گرنگی باجی گومرگی بەتایبەتی، و سیستمی باج بەگشتی، بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا یەکجار جێگەی بایەخە، بەو پێیەی نوێنەرایەتی یەکێک لە ئامرازە داراییە سەرەکییەکان دەکات بۆ زۆرێک لە وڵاتان.
جگە لە گرنگی ئەو پارەیەی کە لە ڕێگەی ئەم باجانەوە دەچێتە خەزێنەی گشتی دەوڵەتەوە، گرنگییەکەی تەنها بەوە ناوەستێت کە لەسەر ئاستی سیاسی و دارایی و کۆمەڵایەتیش ڕەنگدانەوەی هەیە، بەڵکو ڕۆڵی گەورەی لە گەیشتن بە ئامانجەکان لە ئاستە جیاوازەکانی بەرهەمهێنان، بەکاربردن، دابەشکردن، دارایی، هەروەها پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی هەیە، بەشێوەیەک ڕێگری دەکات لەوەی بازاڕ بە ئاستی بەرز پشت بە بڕو ڕێژەی شمەکی هاوردەکراو ببەستێت، کە بە ڕکابەری بەرهەمی ناوخۆیی دادەنرێت.
لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم گرنگی ئەم باجانە لە دوای داهاتی نەوتەوە دێت لەڕووی بەدەستهێنانی داهاتی پێویست بۆ تەواوکەری خەزێنەی دەوڵەت، بەتایبەتی کە عێراق و هەرێم بەهرەمەندن لە زۆرێک لە دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت لەگەڵ وڵاتی ئێران و هەروەها ڕێژەی بەرزی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا؛ چونکە بەگشتی بازاڕی عێراق هەرێم پشت بە شمەک و پێداویستی هاوردەکراو دەبەستێت بۆ داپۆشینی خواست.
دەروازە سنورییەکانی عێراق و هەرێم
عێراق (25) دەروازەی سنوری وشکانی و دەریایی و ئاسمانی فەرمی هەیە. دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق سەرپەرشتی (19) دەروازەی سنورییان دەکات کە (13)یان دەروازەی وشکانی و (3)یان دەروازەی ئاسمانی نێودەوڵەتی و (3) یان بەندەری ئاوییە.
(6) دەروازەی فەرمی کە (4) لە دەروازەی سنوری وشکانی و (2) دەروازەی ئاسمانی نێودەوڵەتین لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێن. جگە لەوەی لە سنوری هەرێمی کوردستان (4) دەروازەی نافەرمی بەڕووی ئێراندا کردووەتەوە، بەجۆرێک؛
یەکەم؛ دەروازە سنورییەکانی وشکانی
1. دەروازە وشکانییەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی
- دەروازەی سنوری سەفوان عێراق - کوەیت
- دەروازەی سنوری شەلامجە عێراق - ئێران
- دەروازەی سنوری شەیب عێراق - ئێران
- دەروازەی سنوری وەلید عێراق - سوریا
- دەروازەی سنوری مەندەلی عێراق - ئێران
- دەروازەی سنوری تەربیل عێراق - ئوردن
- دەروازەی سنوری زرباتیە عێراق - ئێران
- دەروازەی سنوری مونزیریە عێراق - ئێران
- دەروازەی سنوری عەرعەر عێراق - سعودییە
- دەروازەی سنوری جەمیمیە عێراق - سعودییە
- دەروازەی سنوری قائم عێراق - سوریا
- دەروازەی سنوری رەبیعە عێراق - سوریا
- دەروازەی سنوری جریشان عێراق - کوەیت
2. دەروازە سنورییەکانی وشکانی (ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم)
• دەروازە فەرمییەکان
- دەروازەی سنوری ئیراهیم خەلیل هەرێمی کوردستان – تورکیا
- دەروازەی سنوری باشماخ هەرێمی کوردستان – ئێران
- دەروازەی سنوری پەروێزخان هەرێمی کوردستان – ئێران
- دەروازەی سنوری حاجی ئۆمەران هەرێمی کوردستان – ئێران
• دەروازە نیمچە فەرمییەکان (سەرجەمیان هاوسنوری ئێرانن)
- مەرزی کێلێ - قەڵادزێ
- مەرزی سەیرانبەن - گەرمک
- مەرزی تەوێڵە - شوشمێ
- مەرزی پشتە - لە شارەدێی بەمۆی سەربە پارێزگای هەڵەبجە
دووەم؛ دەروازە ئاوییەکانی عێراق
1. بەندەری ئوم قەسر
2. بەندەری ئەبو فلوس
3. بەندەری خور زوبێر
سێیەم؛ دەروازە ئاسمانییەکان
1. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد – حکومەتی ناوەندی
2. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەسرە – حکومەتی ناوەندی
3. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف – حکومەتی ناوەندی
4. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر – حکومەتی هەرێم
5. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی – حکومەتی هەرێم
نەخشەی عێراق کە دەروازەو خاڵە سنورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەردەخات
داهاتی خاڵە گومرگییەکانی عێراق (2005 - 2021)
بەپێی داتاکانی دەستەی گشتی گومرگی و ڕاپۆرتی ساڵانەی بانکی ناوەندی عێراقی، کۆی گشتی داهاتی خاڵە گومرگییەکانی عێراق لە ماوەی ساڵانی (2005 - 2021) بریتی بووە لە (10 ترلیۆن و 605 ملیار و 748 ملیۆن و 251 هەزار) دینار. واتە بە تێکڕای (16) ساڵی ڕابردوو بەشێوەی ساڵانە داهاتی گومرگی بریتی بووە لە (623 ملیار و 867 ملیۆن و 544 هەزار و 176) دینار.
بەرزترین ڕێژەی داهاتی گومرگی عێراق لە ساڵی (2018) تۆمار کراوە، بڕکەی بریتی بووە لە (1 ترلیۆن و 691 ملیار و 738 ملیۆن) دینار. لە کاتێکدا کەمترین ڕێژەی داهاتی گومرگی لە ساڵی (2005) تۆمار کراوە کە بڕەکەی بریتی بووە لە (102 ملیار و 172 ملیۆن) دینار.
سەبارەت بە وردەکاری داهاتی گومرگی عێراق و بڕو ڕێژەی گەشەی لە ماوەی ناوبراودا (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))
خشتەی ژمارە (1)
داهاتی خاڵە گومرگییەکانی عێراق (2005 - 2021) – بە دینار
داهاتی خاڵە گومرگییەکانی هەرێمی کوردستان (2016 - 2021)
لە ئابی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی زیادبوونی داهاتی باج و گومرکەوە لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "چاکسازییەکان کاریگەری زۆریان لەسەر کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان هەبووە، بە تایبەت لە بواری باج و گومرگ و ئێستاش داهاتی باج و گومرگ بەراورد بە ساڵانی رابردوو چەند بەرامبەر زیادبووە، بێ ئەوەی هیچ بڕێک لە وەرگرتنی باج زیاد کرابێت."
بەپێی راگەیێندراوەکە، داهاتی گومرک لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی (2016 - 2021) بریتی بووە لە (6 ترلیۆن و 930 ملیار) دینار. واتە بە تێکڕای (6) ساڵی ڕابردوو بەشێوەی ساڵانە داهاتی گومرگی بریتی بووە لە (1 ترلیۆن و 155 ملیار) دینار.
بەرزترین ڕێژەی داهاتی گومرگی هەرێم لە ساڵی (2021) تۆمار کراوە، بڕکەی بریتی بووە لە (1 ترلیۆن و 930 ملیار) دینار. لە کاتێکدا کەمترین ڕێژەی داهاتی گومرگی لەماوەی ناوبراودا لە ساڵی (2016) تۆمار کراوە کە بڕەکەی بریتی بووە لە (563 ملیار) دینار.
سەبارەت بە وردەکاری داهاتی گومرگی هەرێم و بڕو ڕێژەی گەشەی لە (2016 - 2021)، (بڕوانە خشتەی ژمارە (2))
خشتەی ژمارە (2)
داهاتی خاڵە گومرگییەکانی هەرێمی کوردستان (2016 - 2021) – بە دینار
جیاوازی داهاتی خاڵە گومرگییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان (2016 - 2021)
پاڵپشت بەو داتایانەی سەبارەت بە داهاتی گومرگی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان ساڵانی (2016 - 2021) خرانە ڕوو، سەرباری ئەوەی حکومەتی عێراق بەتەنها خاوەنی (19) خاڵی سنوری (وشکانی، ئاوی و ئاسمانی)یە. هەرێمی کوردستان خاوەنی (6) دەروازەی فەرمی (وشکانی و ئاسمانی)یە. بەڵام داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ ساڵی کۆتاییدا (2019 - 2021) بە ڕێژەیەکی یەکجار بەرچاو زیاترە، بە جۆرێک؛
- لە ساڵی (2019)دا داهاتی گومرگی هەرێم بڕی (510 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (48%) زیاترە لە داهاتی گومرگی حکومەتی ناوەندی.
- لە ساڵی (2020)دا داهاتی گومرگی هەرێم بڕی (544 ملیار و 838 ملیۆن و 608 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (63%) زیاترە لە داهاتی گومرگی حکومەتی عێراق.
- لە ساڵی (2021)دا داهاتی گومرگی هەرێم بڕی (689 ملیار و 586 ملیۆن و 141 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (69%) زیاترە لە داهاتی گومرگی حکومەتی عێراق.
ئەم جیاوازییە گەورانەش دەگەڕێتەوە بۆ سێ هۆکاری سەرەکی، ئەوانیش؛
1. ئەنجامدانی گەندەڵی زۆر گەورە لە داهاتی خاڵە سنورییەکانی عێراق.
2. جموجۆڵی بازرگانی گەورە لە سنوری دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان
3. زیادکردنی باجی گومرگی لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.
بۆ بەرچاوڕونی زیاتر لە بارەی جیاوازی داهاتی خاڵە گومرگییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان (2016 - 2021)، بڕوانە (خشتەی ژمارە (3) و چارتی ژمارە (1))
خشتەی ژمارە (3)
جیاوازی داهاتی خاڵە گومرگییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان
(2016 - 2021) – بە دینار
چارتی ژمارە (1)
سەرچاوەکان؛
- أ.د عدنان حسين يونس الخياط، واقع الضريبة الكمركية في العراق وامكانية تطويره في ضوء قانون التعريفة الكمركية رقم 22 لسنة 2010، دراسات الاقتصادیة عدد 43؛
https://www.iasj.net/iasj/download/ba191b4288e55492
- رويدة حسين حسن، حوكمة المنافذ الحدودية وانعكاسها على حجم الإيرادات الجمركية )منفذ الشلامجة نموذجاً(، مركز البيان للدراسات والتخطيط؛
https://www.bayancenter.org/2022/10/8971/
- الهيئة العامة للكمارك، الكمارك الايرادات المتحققة عام ٢٠٢١ زادت بنسبة 15% عن عام ٢٠٢٠، کانون الثاني 2022؛
http://customs.mof.gov.iq/ar/node/1833
- پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم هەنگاوی گەورەی لە بواری کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ هەڵگرتووە، 5ی ئابی 2022؛
https://gov.krd/dmi/activities/news-and-press-releases/2022/august/...