ستۆدیۆیەك لە زیندان بۆ دەمیرتاش دروستدەكرێت
2018-06-09 11:50:28
- دەرەو میدیا:
دەستەی هەڵبژاردنەكانی توركیا بڕیاریدا ستۆدیۆیەك بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش كاندیدی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە زیندانی ئەدیرنە دروستبكرێت بەمەبەستی تۆماركردنی دوو پەیامی ڤیدیۆیی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە كەناڵی TRTی توركی.
بە گوێرەی هەواڵێكی " ANF News " پاش ئەوەی پارێزەرانی دەمیرتاش داوایان كرد كە مۆڵەت بدرێت سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ڕێی كەناڵی فەرمیی TRT بە ڤیدیۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بكات، ئەمڕۆ دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا بڕیاریدا.
لە بڕیارەكەدا كە ئیمزای سادی گیوڤەن سەرۆكی دەستەكەی لەسەرە، ئاماژەبۆ ئەوە كراوە كە دوو پەیامی دەمیرتاش لە زیندانی ئەدیرنەوە بە ڤیدیۆ تۆماردەكرێن.
دەستەی باڵای هەڵبژاردن جەنگیز تۆپئاكتاشی ئەندامی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی ڕاسپاردووە بۆ ڕێكخستنی ستۆدیۆیەك لە زیندان بەمەبەستی تۆماركردنی ٢ پەیامی بانگەشەی هەڵبژاردن كە ماوەكەی ١٠ خولەك بێت.
بڕیارە ڕۆژی ١٢ی حوزەیران پەیامەكان تۆماربكرێن و ڕۆژانی ١٧ی حوزەیران، كاتژمێر ٢٠:٥٣ و ٢٣ی حوزەیران كاتژمێر ١٧:٥٠ لەسەر كەناڵی TRT بڵاوبكرێنەوە.