ئاستەنگەكانی بەردەم رێككەوتنی گۆڕان و هاوپەیمانی
2018-06-09 11:32:45
راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری.. دوو هێز كە لەناو هەناوی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هاتونەتە دەرەوە و ئێستا هەوڵی كۆبونەوە دەدەن لەناو هەناوێكی نوێدا.
ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق سەرباری گومانەكانی ساختەكاری، سەنگ و قورسایی جەماوەری لایەنەكانی تاڕادەیەك دیاریكرد، بزوتنەوەی گۆڕان كە یەكەم بەشداریكردنی بوو لەدوای كۆچی دوایی رێكخەرەكەی (نەوشیروان مستەفا)، ئاستی دەنگەكانی كەمیكرد، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریش كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات لە یەكەم ئەزمونی بەشداری هەڵبژاردندا توشی نائومێدی بوو.
گۆڕان و هاوپەیمانی كە بەهاتنەدەرەوەیان لە یەكێتی نەیانتوانی هاوسەنگی هێز لە كوردستان بگۆڕن، ئێستا هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی پێكەوە كار بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە بكەن.
لەدوای هەڵبژاردنی 12ی ئایارەوە لە هەردوولاوە بانگەواز دەستیپێكردووە بەمەبەستی كۆبونەوە لە پرۆژەیەكی سیاسیدا یان لانی كەم دروستكردنی لیستێكی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان.
عەبدولڕەزاق شەریف ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان هەفتەی رابردوو لە وتارێكدا كە لە (درەو میدیا) بڵاویكردەوە، بە ئاشكرا داوایكرد بزوتنەوەی گۆڕان ئەو رێككەوتنەكەی كە لەگەڵ یەكێتی هەیەتی و تائێستا هەڵینەوەشاندوەتەوە، لەگەڵ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری جێبەجێ بكات وەكو بەشێكی جیابوەوە لە یەكێتی.
لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) عەبدولڕەزاق شەریف ئاشكرایكرد"پێشتر ئەم بابەتە لەنێوان سەركردەكانی هەردوولا باسكراوە، ئەنجامەكەشی دروستبونی لیستی نیشتمان بوو لە ناوچە دابڕاوەكان، دواجاریش لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا باسكراوە و بیروڕا لەوبارەیەوە ئاڵوگۆڕ كراوە".
ئەوانەی بانگەواز بۆ نزیكبونەوەی نێوان گۆڕان و هاوپەیمانی دەكەن باوەڕیان وایە ئەو هەنگاوە "هاوسەنگی هێز" بۆ هەرێمی كوردستان دەگەڕێنێتەوە كە خۆی لە بنەڕەتەوە تێكچووە و پارتی دیموكراتی كوردستان توانیویەتی دەست بەسەر هەموو جومگە سەرەكییەكانی حوكمڕانیدا لە هەرێم بگرێت.
رەنگە ئەوەی نزیكبونەوەی ئەم دوو هێزەی كردبێتە پێویستی ئەم قۆناغە نزیكی گوتاری سیاسی هەردوو لایەن بێت سەبارەت بە دۆخی سیاسی ئێستای هەرێمی كوردستان.
عەبدولڕەزاق: پێشتر ئەم بابەتە لەنێوان سەركردەكانی هەردولا باسكراوە، ئەنجامەكەشی دروستبونی لیستی نیشتیمان بوو
ئارامی حەمەی مینا مینا لێپرسراوی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی دەڤەرەكانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی: لەدوای 12ی ئایارەوە ئیتر هیچ پاساوێك بۆ دواخستنی ئەو بەرەیە نەماوەتەوە، هەر لایەنیك بەهەر پاساوێك بیەوێت خۆی لە راپەراندنی ئەو ئەركە بدزێتەوە، زەرەری گەورەی جەماوەری دەكات، چونكە دریژەدان بەو پەرتەوازەییە وازیكردنە بەكامی دڵی دەسەڵاتداران و لەڕووی ستراتیژییەوە ئاوكردنە بە ئاشی هێزە دەسەڵاتدارەكاندا.
فشاری ماڵی مام جەلال لەسەر گۆڕان یاخود بەشێك لە بەرپرسانی گۆڕان، بێ كاریگەری نامێنێتەوە و دواجار ئاستەنگ لەبەردەم نزیكبونەوەی گۆڕان و بەرهەم ساڵح دروستدەكات.
چۆن رێككەوتنێك بكرێت ؟
ئەوەی تائێستا هەیە لەبارەی نزیكبونەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی تەنیا قسە و تاوتوێكردنە و لە ئاستی باڵادا لەنێوان هەردوولا تاوتوێ نەكراوە.
عەبدولڕەزاق شەریف ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان پێیوایە دەبێت بنەمای رێككەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ئەو رێككەوتنە سیاسییە بێت كە گۆڕان بەر لە دوو ساڵ و لە رۆژی 17-5-2016 لەگەڵ یەكێتی ئیمزای كردو جێبەجێنەكرا.
ئەوكات كە رێككەوتنی سیاسی لەنێوان یەكێتی و گۆڕان ئیمزا كرا، هێشتا بەرهەم ساڵح لە یەكێتی جیانەبووەوە و ئەندامی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان بوو.
نزیكەی ساڵێك و حەوت مانگ دوای ئیمزاكردنی، ئەو رێككەوتنە لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە سڕكرا، بەڵام هێشتا بە فەرمی هیچ یەكێك لە گۆڕان و یەكێتی هەڵوەشانەوەی ئەو رێككەوتنەیان رانەگەیاندووە، رەنگە ئەمە دەرفەتێك بێت بۆ ئەوەی رێككەوتنەكە لەگەڵ بەرهەم ساڵح زیندوبكرێتەوە.
عەبدولڕەزاق شەریف دەڵێ: ئێستا دەرفەتێك هەیە لەگەڵ ئەو بەشەی یەكێتی كە بەناوی هاوپەیمانی جیابوونەتەوە ئەو رێككەوتنەكە جێبەجێ بكەین، ئەكرێ بەپێی ئەم سەردەمە پێكەوە ئیزافەی بۆ بكەین یان هەمواریشی بكەینەوە.
لەبەرامبەردا ئارامی حەمەی مینا لێپرسراوی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی دەڤەرەكانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری پێیوایە دەبێت رێككەوتنی سیاسی لەنێوان گۆڕان و هاوپەیمانی لەسەر ئەم بنەمایانە بكرێت:
یەكەم: هەماهەنگی وكاری هاوبەشی میدیایی
دووەم: دروستكردنی سەركردایەتییەكی هاوبەش
سێیەم: هاوكاری جەماوەری و تەنزیمی
چوارەم: خەباتی هابەشی دیپلۆماسی و مەدەنی
پێنجەم: یەكخستنی گوتار و ستراتیژ و بەرنامەی سیاسی
شەشەم: دروستكردنی یەك لیست بۆ هەڵبژاردنەكانی كوردستان
حەوتەم: دروستكردنی چەند لیژنەیەكی فەرعی هاوبەش بۆ پرسەكانی هەڵبژاردن و پەیوەندییەكان و كاروباری یاسایی و هتد
بۆچونێكی تر
هەندێك زیاتر دەڕۆن و لەبری پێكهێنانی هاوپەیمانی لەنێوان گۆڕان و هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح داوا دەكەن بەرەیەكی فراوانتر پێكبهێنرێت لەنێوان (گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری).
هەفتەی رابردوو گروپی "سەكۆی جەماوەر" ئیمزای (139) كەسایەتی كۆكردەوە كە داوای دروستكردنی ئەو بەرە چوارقۆڵییە دەكەن.
هەموو ئەم هەوڵانەش بەرەنجامی نائومێدییەكانی دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایارە.
رەنگە ئەوەی نزیكبونەوەی ئەم دوو هێزەی كردبێتە پێویستی ئەم قۆناغە نزیكی گوتاری سیاسی هەردوو لایەن بێت سەبارەت بە دۆخی سیاسی ئێستای هەرێمی كوردستان
ئاستەنگەكان بەردەم رێككەوتنی گۆڕان و هاوپەیمانی
ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی سیاسی لەگەڵ هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح رەنگە بۆچونی هەموو سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان نەبێت، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا بەڕوونی هەست بە بۆچونی جیاوازی بزوتنەوەی گۆڕان كرا لەبارەی بەرهەم ساڵحەوە.
لەو رۆژانەی بانگەشەدا كە گۆڕان و هاوپەیمانی لە ناوچە جێناكۆكەكان لیستی هاوبەشیان هەبوو (لیستی نیشتیمان)، بەپێچەوانەوە لە سلێمانی هەندێك لە بەرپرسانی گۆڕان لەسەر شاشەی كەناڵەكەیانەوە هێرشیان دەكردە سەر كەسایەتی بەرهەم ساڵح.
رەنگە ئەم جیاوازی بۆچون و دابەشبوونەی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان كاریگەری قورس لەسەر ئەو هەوڵانەی جێبهێلێت كە بۆ لێكنزیكبونەوەی ئەو دوو حزبە خراونەتەگەڕ.
لەلایەكی تریشەوە فشاری ماڵی مام جەلال لەسەر گۆڕان یاخود بەشێك لە بەرپرسانی گۆڕان، بێ كاریگەری نامێنێتەوە و دواجار ئاستەنگ لەبەردەم نزیكبونەوەی گۆڕان و بەرهەم ساڵح دروستدەكات.
یەكێكی تر لەو شتانەی كە رەنگە ئاستەنگ بۆ نزیكبونەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی دروستبكات، بەهێزی كەسایەتی سیاسی بەرهەم ساڵحە، كە هەندێك لە سەركردەكانی گۆڕان مەترسییان هەیە لە حاڵی هاوپەیمانێتیكردندا هەژمونی ئەو سەركەوێت، سەرباری ئەوەی هەندێكی تریان پێیان وایە بە جیابونەوەی لە یەكێتی بەرهەم ساڵح زیانی لە پێگەی جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان داوە.
لەبارەی ئەم دوو هێزەوە دەتوانرێت بوترێت هاوپەیمانی سەرێكی بەهێز و بنكەیەكی جەماوەری لاوازی هەیە، بزوتنەوەی گۆڕانیش بنكەیەكی جەماوەری بەهێز و سەرێكی لاوازی هەیە.
هەرچۆنێك بێت تاكە چانسی سەركەوتنی دروستبونی هاوپەیمانێتییەكی لەم شێوەیە تەنیا نزیكی گوتاری سیاسی هەردوو حزبەكە و ئەو نائومێدیە سیاسییەیە كە لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دروستبووە.