رێبەرو سەرۆكو سكرتێری حزب لە یەككاتدا
2022-10-23 09:57:58
(درەو):
شی جینبینگ بۆ جاری سێیەم وەكو رابەری چین هەڵبژێردرایەوە، ئەمە بڕیاری كۆنگرەی حزبی شیوعی دەسەڵاتداری وڵات بوو كە ماوەی هەفتەیەكی خایاند. هەڵبژاردنەوەی جینبینگ وەكو سكرتێری گشتی حزبی شیوعی بەواتای ئەوەدێت جارێكی ترو لە مانكی ئازاردا جینبینگ وەكو سەرۆكی چین هەڵدەبژێردرێتەوە.
جینبینگ لە هۆڵی گەورەی (گەل) لە پەكین لە تەنیشت ئەندامانی تری هەمیشەیی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعییەوە دەركەوت، مەكتەبی سیاسی بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو حزبی دەسەڵاتداری چیندا. جینبینگ لە وتەیەكی كورتدا وتی:" حزبی شیوعی سەركەوتوو بووە لە بنیادنانی كۆمەڵگەیەكی گەشەكردوو، ئێستاش لە كاروانێكی نوێدا هەنگاو بۆ دروستكردنی چینێكی سۆسیالیستی مۆدێڕن هەڵدەگرێت".
چەند رۆژێك بەر لە كۆنگرەكە، گەورە سەركردەكانی حزبی شیوعی شین بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە، تێیدا شی جینبینگ-یان وەكو "كرۆكی" حزبو سەركردایەتییەكەی ناوبردو داوایان لە حزبەكەیان كرد زیاتر یەكگرتوو بنو پاڵپشتی لێ بكەن.
شی جینبینگ ئێستا سێ بەهێزترین پۆستی لە چیندا بە دەستەوەیە كە ئەمانەن:
• ئەمینداری گشتی حزبی شیوعی چین
• سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی چین
• سەرۆكی چین
چین لهسهردهمی شی جینبینگ-دا
درێژترین وادەی ولایەتی سەركردایەتی حزب لە چین دیاری نەكراوە، بەڵام جگە لە (ماو تسی تۆنگ)ی دامەزرێنەری چینی كۆمۆنیستی، هیچ رێبەرێكی تر بۆ ماوەی سێ ولایەت پۆستی رێبەری حزبی شیوعی وەرنەگرتووە.
لە دەستوری چیندا ماوەیەكی دیاریكراو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی بۆ ماوەی دوو خول بوونی هەبوو، ئەمە (دینگ شیاو بینگ)ی ریفۆرمخواز داینا بۆ رێگیركردن لە دەركەوتنی كارەكتەری هاوشێوەی رێبەر (ماو تسی تۆنگ).
بەڵام شی جینبینگ سەركەوتوو بوو لە هەڵوەشاندنەوەی ئەم كۆتوبەندە، ساڵی 2018 پەرلەمانی چین یاساكەی هەڵوەشاندەوە، ئەمەش دەرفەتی بۆ شی جینبینگ خۆشكرد تا ئەوكاتەی حەز دەكات لە پۆستی سەرۆكی وڵاتدا بمێنێتەوە.
لەوكاتەوە كە لە ساڵی 2012وە دەسەڵاتی وەرگرتووە، شی جینبینگ سەركردایەتی چینی كردووە بە دوو ئاڕاستەی هاوتا، خۆپەرەستو دەسەڵاتخواز لە یەككاتدا، پاڵی ناوە بە پرۆسەی بەدیهێنانی "بوژانەوەی گەورەی نەتەوەی چین"، ئەمە وایكردووە بایەخ بە چاكسازی ئابوریو سنوردانان بۆ پیسبوونی ژینگەو كەمكردنەوەی ئاستی هەژاریی بدات، هەروەك چەندین هەڵمەتی بۆسەر (ئیگۆر) لە شینجیانگو خۆپیشاندەرانی پاڵپشتیكار لە دیموكراتیەت لە هۆنگ كۆنگ ئەنجامداوە.
بەڵام هێشتا شی جینبینگ روبەڕووی چەندین ئاڵنگاری دەبێتەوە لەوانە بێكاری لاوان، خاوبونەوەی ئابوری، قەیرانی بەردەوامی خانوبەرە، سیاسەتی (سفری كۆڤید).
پەیكەری دەسەڵات لە چین
رێبەری باڵای چین كە (شی جینبینگ)ە، لە یەككاتدا هەر خۆی سەرۆكی وڵاتو سەرۆكی لیژنەی ناوەندی سەربازیو سكرتێری حزبی شیوعی دەسەڵاتداریشە.
شی جینبینگ وەكو سەرۆكی وڵات نوێنەرایەتی چین دەكات لەسەر ئاستی شانۆی نێودەوڵەتی، هاوكات وەكو سەرۆكی لیژنەی ناوەندی سەربازی (پۆلیسی میللی چەكدار)و (سوپای رزگاری میللی) لەژێر دەستدایە، لەناو حزبیشدا وەكو سكرتێر لەسەرووی مەكتەبی سیاسییەوەیە.