ترسی لەدەستدانی 4 كورسی لە دەنگدانی تایبەتدا
2018-06-08 10:12:41
■ درەو میدیا:
یاسا هەمواركراوەكەی پەرلەمانی عێراق لە شەقامی سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستان كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، لە هەرێمی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بڕیارەكەیان بە نادەستوری لەگەڵداو تانەیان لە یاساكەدا.
ئەوەی زیاتر یەكێتی و پارتی نیگەرانكردووە، هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەتە كە بەشی 3 بۆ 4 كورسی پەرلەمانی عێراقەو زۆرینەی هەرەزۆریشی دەنگی پارتی و یەكێتیە، تەنها دوێنێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە سێ شێواز دژایەتی یاساكەی پەرلەمانی كرد:
یەكەم/ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە 7/6/2018سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی زۆر بەتوندی و توڕەییەوە یاساكەی رەتكردەوەو بەتایبەتیش دەنگدانی تایبەت " بۆ دەبێت تەنها دەنگی هێزی پێشئەرگە هەڵبوەشێنرێتەوە" هەربۆیە " هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و دامەزراوە دەستورییەكان لەلایەن یەكێتییەوە رەتدەكرێتەوە"
دووەم/ لە بەیاننامەیەكدا مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە 7/6/2018 رایگەیاندووە" ئەوەی مایەی نیگەرانی قولی گەلەكەمانە، دەنگە تایبەتیەكانە، كە دەنگی هێزەكانی پێشمەرگەو ئاسایش و دژەتیرۆرو پۆلیس و هێزەكانی تری ناوخۆیەو قوربانییەكی زۆریان لەشەڕی تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش داوە، جیادەكرێنەوە لەهێزە چەكدارەكانی عێراق و دەنگەكانیان، كە دەنگی سەنگەری ڕاستەقینەی بەرگرییە لە عێراق و كوردستان، هەوڵدەدرێ بەڕقی سیاسی و مەرامی نەخوازراو بەفیرۆبدرێت"
سێیەم/ لە بەیاننامەیەكدا مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لە 7/6/2018 رایان گەیاندووە" لە كۆبونەوەی هاوبەشی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی هەڵوەشاندنەی دەنگدانی تایبەتیان لە هەرێمی كوردستان رەتكردەوە و جەختیان لەوەكردەوە كە بەپێی دەستوور هەر هاووڵاتییەك مافی دەنگدانی هەیە و ناتوانرێ ئەو مافەی لێ زەوت بكرێت و دەبێ رێز لەو مافە دەستوورییە بگیرێت"
ئەم هەنگاوو نیگەرانیەی یەكێتی و پارتی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت كە هەڵوەشاندنەوەی دەنگی تایبەت واتا كەمكردنی لانی كەم سێ بۆ چوار كورسی و دواتر بە شێوازی سانت لیگۆ لە دەنگدانی گشتیدا دابەشدەكرێتەوە بەسەر هێزەكاندا و چاوەڕوان دەكرێت بەشێك لەو كورسیانە بۆ لایەنەكانی دیكە بڕوات.