(365) رۆژ بەسەر هەڵبژاردارنی پەرلەمانی عێراق تێپەڕی
2022-10-11 13:39:01
شیكاری: درەو
# خولی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەران دوای (130 رۆژ) لە هەڵبژاردن سەرۆک کۆماری هەڵبژاردوە.
# خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران دوای (251 رۆژ) لە هەڵبژاردن سەرۆک کۆماری هەڵبژاردوە.
# خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران دوای (87 رۆژ) لە هەڵبژاردن سەرۆک کۆماری هەڵبژاردوە.
# خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران دوای (145 رۆژ) لە هەڵبژاردن سەرۆک کۆماری هەڵبژاردوە. # خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران دوای (365 رۆژ) لە هەڵبژاردن سەرۆک کۆماری هەڵنەبژاردوە.
ڕێ و شوێنە دەستوری و یاسایەكانی پێكهێنانی حكومەت لە عێراق
بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراق 2005، لە مادەی (76)دا کە ڕێوشوێنە دەستوریەكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەستنیشان کردووەو تێیدا هاتووە:
یەکەم: سەرۆک کۆمار کاندیدی ئەو فراکسیۆنە پەرلەمانیەی زۆرترین ئەندامی هەیە ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی پازدە ڕۆژ لە بەرواری هەڵبژاردنی بە سەرۆک کۆمار.
دووەم: سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو ناوی وەزیرەکان دیاریدەکات لەماوەیەکی دیاریکراودا بەمەرجێک لە سی ڕۆژ تێپەڕ نەکات لەبەرواری ڕاسپاردنیەوە.
سێیەم: ئەگەر سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو نەیتوانی لەو ماوە دیاریکراوەی لە بەندی دووەمی ئەم مادەیەدا ئاماژەی پێکراوە حکومەت پێک بهێنێت، ئەوا سەرۆک کۆمار کەسێکی تر ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی پازدە ڕۆژدا.
چوارەم: سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپێردراو ناوی وەزیرەکان و بەرنامەی حکومەت دەخاتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران. پاش ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی ڕەها ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر یەکە بە یەکەی وەزیرەکان و بەرنامەی حکومەت، ئەوە مانای ئەوەیە متمانە دراوەتە ئەنجومەنی وەزیران.
پێنجەم: ئەگەر متمانە نەدرا بە حکومەت، ئەوا لەماوەی پازدە ڕۆژدا سەرۆک کۆمار کەسێکی تر ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت.
وەک لە ماددە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا هاتووە، یەکەم هەنگاوی دوای هەڵبژاردن، دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت، بەڵام تائێستاو دوای تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (10/10/2021) بە هۆی ناکۆکی لایەنەکان بە لە بارەی کەسێک بۆ سەرۆک کۆمارو دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران نەگەیشتوون بە ڕێککەون، ئەمەش درێژترین ماوەی دوای هەڵبژاردنە لە عێراقی نوێی دوای ساڵی (2005)ەوە تا ئێستا کە نەتوانرابێت حکومەتی تێدا پێکبهێنرێت، بەجۆرێک؛
خولی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
خولی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (15/12/2005) بەڕێوەچوو، دوای تێپەڕبوونی (92 ڕۆژ) بەسەر هەڵبژاردندا لە (16/3/2006) یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران گرێدراو دوای (38) ڕۆژ لە یەکەم دانیشتن و (130 ڕۆژ) لە هەڵبژاردن و لە (22/4/2006) جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێردرا.
خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (7/3/2010) بەڕێوەچوو، دوای تێپەڕبوونی (100 ڕۆژ) بەسەر هەڵبژاردندا لە (14/6/2010) یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران گرێدراو دوای (151) ڕۆژ لە یەکەم دانیشتن و (251 ڕۆژ) لە هەڵبژاردن و لە (11/11/2010) جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جارێکی تر وەک سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێردرایەوە.
خولی سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
خولی سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (30/4/2013) بەڕێوەچوو، دوای تێپەڕبوونی (63 ڕۆژ) بەسەر هەڵبژاردندا لە (1/7/2014) یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران گرێدراو دوای (24) ڕۆژ لە یەکەم دانیشتن و (87 ڕۆژ) لە هەڵبژاردن و لە (24/7/2014) دکتۆر فواد مەعسوم وەک سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێردرا، ئەمەش کەمترین ماوەیە کە لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە سەرۆک کۆماری تێدا هەڵبژێردرا.
خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (12/5/2018) بەڕێوەچوو، دوای تێپەڕبوونی (115 ڕۆژ) بەسەر هەڵبژاردندا لە (3/9/2018) یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران گرێدراو دوای (30) ڕۆژ لە یەکەم دانیشتن و (145 ڕۆژ) لە هەڵبژاردن و لە (2/10/2018) دکتۆر بەرهەم ئەحمەد صاڵح وەک سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێردرا.
خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو، دوای تێپەڕبوونی (91 ڕۆژ) بەسەر هەڵبژاردندا لە (9/1/2022) یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران گرێدرا، لەو کات بەداوە کە (274 ڕۆژ) بەسەر دانیشتنی ئەنجومەن و یەک ساڵی تەواو بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردندا تێپەڕیوە تا ئێستا نەتوانراوە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت.