Draw Media

هێشتا نەیزانیوە هەڵبژاردن دواخراوە!

هێشتا نەیزانیوە هەڵبژاردن دواخراوە!

2022-10-11 11:31:01


(درەو): 
بەپێی كاتژمێری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم 11 رۆژی تر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت، ئەمە لەكاتێكدایە پەرلەمانی كوردستان تەمەنی خۆی تاوەكو كۆتایی ساڵی داهاتوو درێژكردوەتەوە. 
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان لەسەر سایتی خۆی هێشتا كاتژمێری ساتی دەستپێكردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی لانەبردووە.
كاتژمێرەكە دەبوو بەگوێرەی بڕیارەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم دیاری بكرێت كە رۆژی 1ی ئۆكتۆبەر (واتە سەرەتای ئەم مانگە)ی بۆ سازدانی هەڵبژاردن دیاریكردبوو، بەڵام بەگوێرەی رۆژژمێرەكەی سایتی كۆمسیۆن، هەڵبژاردن هێشتا (11) رۆژی لەبەردەمدوا ماوە. 
كارایی كاتژمێرەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەسەر سایتی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەكاتێكدایە رۆژی 9ی ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی (80) پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان+ پێكهاتەكان) تەمەنی خۆی تاوەكو 31ی كانونی یەكەمی ساڵی 2023 درێژكردەوە‌و بەمەش چارەنوسی هەڵبژاردنی تا كۆتایی ساڵی داهاتوو دواخست. 
كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی ماوەی یاسایی تەواو بووە، یەكێك لە بابەتە كێشە لەسەرەكانی نێوان پارتە سیاسییەكان لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان چۆنیەتی كاراكردنەوەی ئەم كۆمسیۆنە بوو.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand