شەڕی توند لە نێوان فوئاد حسێن و بافڵ تاڵەبانی روویدا
2022-10-10 20:24:40
درەو:
بافڵ تاڵەبانی و فوئاد حسێن لەبەردەم نوێنەری لایەنە عێراقیەكان رووبەرووی یەك دەبنەوەو بافڵ تاڵەبانی دووجار بۆ فوئاد حسێن هەڵدەستێت و دەڵێت "چوارشەمە دەیبنن كێ دەبێتە سەرۆك كۆمار، فوئاد حسێنیش دەڵێت: عەیبەیە لێرە باسی بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەكەیت.
رۆژی شەممەی رابردوو هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت كە پێكهاتووە لە (چوارچێوەی هەماهەنگی، یەكێتی، پارتی، هاوپەیمانیی سەروەری، عەزم و بابلیون) بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق كۆبوونەوە لە كۆبونەوەكە. بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و د. فوئاد حوسێن، وەك نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداربوون.
سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو)ی راگەیاند بافڵ تاڵەبانی لە كۆبونەوەكەدا زۆر بە توندی قسەی كردووەو هێرشی كردووەتە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان و رایگەیاندووە: پارتی دەیەوێت هەموو پۆست و دەسەڵاتەكانی لای خۆی بێت و ئێمەش ئەوەمان قبوڵ نیە، حكومەت لە هەولێر گەمارۆی خستووەتە سەر سلێمانی و جیاوازی دەكات لە نێوان پارێزگاكاندا.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، فوئاد حسێن وەڵامی بافڵ تاڵەبانی داوەتەوەو رایگەیاندووە ئێرە شوێنی ئەو قسانە نیەو عەیبە لێرە لەبەرچاوی ئەماندا باسی ئەزمون و دۆخی هەرێمی كوردستان دەكەیت و ناكرێت دۆخی هەرێمی كوردستان بهێنێتە ناو كۆبونەوەیەكی ئاواوە، پۆستی سەرۆك كۆمار تەنیا بۆ موڵكی یەكێتی نیە بۆ ئێوە نابێت، بافڵ تاڵەبانیش تووڕە بووەو دوو جار هەستاوە بۆ فوئاد حسێن و تەنانەت سەركردە عێراقیەكان ناوبژیوانیان كردووە، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە: چوارشەممە ئەیبینن كێ دەبێتە سەرۆك كۆماری عێراق.