تا ئێستا (14) كەس بە تۆمەتی كوشتنی هاوكار جاف دەستگیركراون
2022-10-09 16:10:24
درەو:
تا ئێستا بە تۆمەتی كوشتنی هاوكار جاف عەیدی دژە تیرۆری یەكێتی دەستگیركراون و دانیان بە تاوانەكەدا ناوە، تۆمەتباران پێشتر لەگەڵ هاوكار جاف كاریان كردووە.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) دوێنێ تۆمەتبارانی سەرەكی كوشتنی هاوكار جاف لە شاری هەولێر دەستگیركران، بەتایبەتیش (یاسر فەیسەڵ، ئەحمەد فەیسەڵ، سەرمەد رەشید) یاسر پێشتر جێگری هاوكار جاف بووەو دواتر كراوەتەوە شوێنی هاوكار جاف.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد هێزە ئەمنیەكان لە دوێنێوە تا ئێستا (14) كەسیان دەستگیركردووە بە تۆمەتی تێوەگلان لە كوشتنی هاوكار جاف.
رۆژی هەینی رابردوو لە شاری ھەولێر دوو بۆمبی چێندراو بە ئۆتۆمبێلەكەی ( عەقید هاوكار جاف) فەرماندەی دژە تیرۆری یەكێتیدا تەقیەوەو گیانی لەدەستدا. عەقید هاوكار بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆری یەكێتی بوو لە موسڵ و دهۆك و هەولێر لەدوای رووداوەكانی 8ی تەمووز لایەنگری لاهور شێخ جەنگی بووە، هەربۆیە لە پۆستەكەی درووخراوەتەوەو هەر لە هەولێر ماوەتەوە، لەوکاتەوە یەکێتی کەسێکی تری لە شوێنەکەی داناوە بە ناوی (یاسر شەبەكی) كە خەڵكی موسڵە.
بەپێی بەدواداچونەکانی (درەو)، لە چەند هەفتەی رابردوودا (هاوكار جاف) چوتە لای ئەژی ئەمین جێگری سەرۆكی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، بڕیاربووە ئەژی ئەمین فەرمانی دەستبەكاربوونەوەی وەك بەرپرسی دژە تیرۆر بۆ دەربکات.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، دەستگیركراوەکان دانیان بەوەدا ناوە لە پلانی کوشتنەکەدا تێوەگلاون و بڕیارە دەقی دانپێدانانەكانیان بڵاوبكرێتەوە.
ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە بەرپرسانی یەكێتی لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی پرسەكە كۆتایی پێبهێندرێت و زیاتر لەوە كێشەكە ئاڵۆزتر نەكرێت، بەڵام زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان سورە لەسەر بڵاوكردنەوەی دانپێدانانەكان و پێیوایە ئەوە خەرقێكی ئەمنی گەورە بووە لە هەولێر كراوەو ئەمنیەتی هەولێری خستووتە ژێر پرسیارەوە، لە هەمانكاتدا ئەو كەسە كوژراوە فەرماندەیەكی دیاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بووە.
ئەمڕۆش لە كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاد ئەو تۆمەتانە رەتدەكەینەوە كە ئاراستەی یەكێتی دەكرێت لەبارەی كوشتنی هاوكار جافەوە، بۆ ئەوەی كەیسەكە بەلارێدا نەبرێت پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكبهێنێت.