دانپێدانانی کەیسی ھاوکار جاف وەرگیراوە
2022-10-08 12:13:50
(درەو):
تا ئێستا دوو كەس بە تۆمەتی تێوەگلان لە كوشتنی عەقید (هاوكار جاف) دەستگیركراون، بەپێی زانیارییەکان دانیان بە تێوەگلانیاندا ناوە، كەسە نزیکەکانی کوژراوەکە دەستی تۆمەت بۆ بەرپرسانی یەكێتی رادەكێشن، مەسرور بارزانی سورە لەسەر بڵاوكردنەوەی دانپێدانانەكانی، بەرپرسانی یەكێتی لە گفتوگۆدان بۆ کۆتایھێنان بە كەیسەكە.
دوێنێ لە ھەولێر دوو بۆمبی چێندراو بە ئۆتۆمبێلەكەی ( عەقید هاوكار جاف) فەرماندەی دژە تیرۆری یەكێتیدا تەقیەوەو گیانی لەدەستدا. عەقید هاوكار بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆری یەكێتی لە موسڵ و دهۆك و هەولێر لەدوای رووداوەكانی 8ی تەمووز لایەنگری لاهور شێخ جەنگی بووە، هەربۆیە لە پۆستەكەی درووخراوەتەوەو هەر لە هەولێر ماوەتەوە، لەوکاتەوە یەکێتی کەسێکی تری لە شوێنەکەی داناوە بە ناوی (یاسر شەبەكی) كە خەڵكی بەعشیقەی موسڵە.
بەپێی بەدواداچونەکانی (درەو)، لە چەند هەفتەی رابردوودا (هاوكار جاف) چوتە لای ئەژی ئەمین جێگری سەرۆكی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و ئیتر گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی.
(درەو) زانیویەتی، بڕیاربووە ئەژی ئەمین فەرمانی دەستبەكاربوونەوەی وەك بەرپرسی دژە تیرۆر بۆ دەربکات، ئەمەش بەرپرسانی دژە تیرۆری یەكێتی نیگەران كردووە.
لە دوای كوشتنی هاوكار جاف هێزە ئەمنییەكانی هەولێر (دژە تیرۆری پارتی) دەچنە گەڕەكی شەهیدانی یەكێتی لە پشت مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر و دوای روبەرووبونەوەیەك (یاسر شەبەكی)و یەكێك لە پاسەوانەكانی دەستگیرکرا.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، دەستگیركراوەکان دانیان بەوەدا ناوە لە پلانى کوشتنەکەدا تێوەگلاون، بەڵام لەبەر ئەوەی هێشتا چەند كەسێكی تری ماوە دەستگیر بكرێن، بۆیە بڵاوکردنەوەی دانپێدانانەکە دواخراوە.
ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە بەرپرسانی یەكێتی لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی پرسەكە كۆتایی پێبهێندرێت و زیاتر لەوە كێشەكە ئاڵۆزتر نەكرێت، بەڵام زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان سورە لەسەر بڵاوكردنەوەی دانپێدانانەكان و پێیوایە ئەوە خەرقێكی ئەمنی گەورە بووە لە هەولێر كراوەو ئەمنیەتی هەولێری خستووتە ژێر پرسیارەوە، لە هەمانكاتدا ئەو كەسە كوژراوە فەرماندەیەكی دیاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بووە.