"مه‌سعود بارزانی له‌نێو لیستی پێنج سه‌ركرده‌ی دوورخراوی هه‌رێم دایه"
2018-06-07 19:08:22
راپۆرتی رۆژنامەوانی/ نیاز عه‌بدوڵڵا
سه‌رۆكی ده‌زگایه‌كی توێژینه‌وه ئاشكرایده‌كات مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كانی سۆسیالیست و یه‌كگرتووی ئیسلامی و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی ناو پارتی دیموكرات و یه‌كێتی نیشتمانی، له‌نێو لیستی ئه‌و سه‌ركرده سیاسیانه‌دان كه له‌دوای ریفراندۆم ناویان چووه‌ته ناو "دۆسیه‌ی داخراو مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ نه‌كراو له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی".
رۆژی 29ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 له نێو پشێوی خۆپیشانده‌رانی پارتی دیموكرات، په‌رله‌مانی كوردستان له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا ده‌سه‌ڵاته‌كانی مه‌سعود بارزانی له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و دادوه‌ری و جێبه‌جێكردن دابه‌شكرد. ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی له‌و كاته‌دا پێشوازی نێوده‌وڵه‌تی لێكرا له لایه‌ن ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و وڵاته‌كانی فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا، له‌و كاته به‌دواوه مه‌سعود بارزانی كه دوو جار خولی سه‌رۆكایه‌تی هه‌ڕیمی له گه‌ڕی سێیه‌م بۆ درێژكرایه‌وه، پاش ئه‌و واده‌یه وه‌ك سه‌رۆكی پارتی دیموكراتیش كه‌مترین ده‌ركه‌وتنی هه‌بوو تا دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی حیزبه‌كه‌ی له 12ی ئایار.
مه‌سعود عه‌بدولخالق تویژه‌ر و سه‌رۆكی ده‌زگای ستانده‌ر بۆ توێژینه‌وه، هۆكاری بێ ده‌نگی مه‌سعود بارزانی له هه‌شت مانگی رابردوودا گه‌ڕانده‌وه بۆئه‌وه‌ی "له دوای ریفراندۆم پێنج سه‌ركرده‌ی كورد ناویان چووه ناو دۆسیه‌ی داخراو و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ نه‌كراو" و به (دره‌و میدیا)ی وت "دیاره له‌نێو دۆسییه‌ی پێنج سه‌ركرده دوورخراوه‌كه‌ی هه‌رێم له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێمی پێشوو كاك مه‌سعود بارزانی هه‌یه، كاتی ئyستیقاله‌كه‌شی باشترین به‌ڵگه‌یه كه هه‌ر یه‌ك له فه‌ره‌نسا و ئه‌مریكا و به‌ریتانیا به به‌یاننامه‌ی فه‌رمی خۆشحاڵی خۆیان ده‌ربڕی به دووركه‌وتنه‌وه‌ی".
مه‌سعود عه‌بدولخالق پشتبه‌ستوو به سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كانی وتی "ئه‌وانه‌ی له ریفراندۆم به‌شداربوون جارێكی تر مامه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تییان له‌گه‌ڵ ناكرێت". ئه‌و قسانه‌شی خسته‌روو كه له رێگای ئه‌و شایه‌تحاڵانه‌وه زانیویه‌تی له كاتی چوونی برێت مەكگۆرك نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مریكا له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ لای مه‌سعود بارزانی له كاتی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و، وتی "به‌پێی قسه‌ی شایه‌تحاڵه‌كانیش، ئه‌و كات كه مەكگۆرك چووبووه لای كاك مه‌سعود بارزانی دوو شایه‌دی كوردی بردبوو و له‌وێ به راشكاوی به بارزانی وتبوو ئه‌گه‌ر ئه‌و ریفراندۆمه بكرێت و به‌گوێی ئه‌مریكا و ئه‌و وڵاتانه نه‌كه‌ی، ئێمه جارێكی تر مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵ ناكه‌ین".
له‌باره‌ی چوار كه‌سه‌كه‌ی تر كه له نێو لیستی سه‌ركرده دوور خراوه‌كان دان، سه‌رۆكی ده‌زگای ستانده‌ر وتی "له‌ناو یه‌كێتی و له‌ناو پارتی كه‌سی تریش هه‌ن، حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و یه‌كگرتووی ئیسلامیش وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێمه زانیاریمان هه‌بێت له‌و لیسته‌دان، به‌ڵام زیاتر ته‌ركیز خراوه‌ته سه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێمی پێشوو".
سه‌باره‌ت به ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و هه‌وڵه‌كانی حیزبه‌كه‌ی بۆ به‌شداریكردن له حكومه‌تی نوێی عێراق، ئه‌و توێژه‌ره وتی "وڵاتانی داگیركا‌ری ده‌وروبه‌رمان زۆر پێیان خۆشه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته شكستخواردوو و خاوه‌ن دۆسییه داخراوانه له رووی نێوده‌وڵه‌تی بمیننه‌وه تاوه‌كو مه‌رجه‌كانیان به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بسه‌پێنن، وه ده‌یسه‌پێنن و له داهاتوو زۆر زیاتریشی ده‌كه‌ن".