باهۆز ئەرداڵ: لەبەر دەمی هاوینێكی گەرمداین لەگەڵ توركیا
2018-06-07 14:50:09
■ وەرگێرانی : نامیق رەسوڵ
بە ئەندازیاری دامەزرێنەری یەكینەكانی پاراستی گەل " پەیەگە" دادەنرێت لە رۆژئاوای كوردستان، بەڵام خۆی ئەوە رەتدەكاتەوە جەختدەكاتەوە كە پارتی كرێكارانی كوردستان " پەكەكە" بە شارەزا و چەك و تەقەمەنی هاوكاری یەپەگەی كردووە.
باهۆز ئەرداڵ لە دایكبووی شاری دێركی رۆژئاوای كوردستان، یەكێكە لە دیارترین سەركردەكانی ریزی یەكەمی پارتی كرێكارانی كوردستان، لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە خراوەتە لیستی ئەو كەسایەتییانەی بە تۆمەتی تیرۆر داواكران و خەڵاتی یەك ملیۆن دۆلاریشیان تەرخانكردووە بۆ هەر كەسێك بیكوژێت.
ئەرداڵ نزیكەی 30 لە ناو پارتی كرێكارانی كوردستاندایە و هەموو قۆناغەكانی گۆڕانی سەربازیی و ئایدیۆلۆژیی ئەو حزبەی بینیوە، هەروەها یەكێكە لە كەسایەتیە نزیكەكانی عەبدولا ئۆجەڵان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان كە ئێستا لە زیندانی ئیمراڵییە.
رۆژنامەی عوكازی سعودیە لە قەندیل چاوپێكەوتنێكی دوورودرێژی لەگەڵ ئەرداڵدا ئەنجامداوە كە لە ریزەكانی گەریلادا نازناوی "دكتۆر"ی لێنراوە.
لە چاوپێكەوتنەكەیدا كە " درەو میدیا" لەبەر گرنگی وەریگێڕاوەتەسەر زمانی كوردی ئەرداڵ بە دوورودرێژی باس لە پەیوەندی پەكەكە و رۆژئاوای كوردستان و یەپەگە و پەیەدەوە دەكات و رەتیشیدەكاتەوە كە بۆ سەركردایەتی شەڕ سەردانی رۆژئاوای كوردستانی كردبێت و رایدەگەیەنێت كە تەنها هاوینی 2014 بۆ بەسەركردنەوەی خێزان و كەسوكارەكەی چووەتە رۆژئاوای كوردستان.
دەقی چاوپێكەوتنەكە:
عوكاز: ناوچەكە لە دۆخێكی زۆر بەرزی ئاڵۆزیدایە و ئێوەش لەناوی دڵی ئەو ئاڵۆزییەدان... ستراتیژی حزبەكەتان چییە؟
باهۆز ئەرداڵ: خوێندنەوەی حزب بۆ دۆخی ناوچەكە پشت بەوە دەبەستێك كە هەموو هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە جەنگ و خوێنڕشتن و پرۆژەكانی تر كە لە ناوچەكەدا تاقیكرایەوە سەلمێنرا كە شكستیهێناوە، لەبەرئەوە ئێمە وایدەبینین كە چارەسەری ریشەیی هەموو كێشەكانی ناوچەكە خۆی لە سیستمێكدت دەبینێتەوە كە گەرەنتی بەیەكەوەژیانی هەموو گەل و كۆمەڵگەكان بكات و ئەم چارەسەرەش پشت لە بنچینەدا پشت بە ئیرادەی گەلان و پێكەوەژیان دەبەستێت.
عوكاز: دەڵێیت كە چارەسەر لە رێگەی خوێن و جەنگ و ململانێكانەوە نایاتەدی، بەڵام پارتی كرێكارانی كوردستان تائێستاش چەكی دژی توركیا هەڵگرتووە، بۆچی ناچنە نێو ژیانی سیاسییەوە؟
باهۆز ئەرداڵ: جا لەوێ لە توركیا بوار بۆ كاری سیاسی حزبەكەمان هەیە؟! لە چەند ساڵی رابردوودا پارتی كرێكاران هەوڵیدا بەرەو چارەسەری سیاسی و دانوستان بچێت و دوا هەوڵیش ساڵی 2013 بوو كاتێك ئۆجەلان ئاگربەستی راگەیاند و هێزەكانمان لە پێناوی قۆناغێكی نوێ بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لە سنورەكانی توركیا كشانەوە، بەڵام حكومەتی توركیا داننانێت بە مافەكانی كورددا، ئێستا دەیان پەرلەمانتاری كورد كە لەژێر سایەی یاسای توركیادا كاریان دەكرد لە زیندانەكاندا لە نێویاندا سەلاحەدین دەمیرتاش.. ئێمە وایدەبینین كە پرسی كورد پرسێكی سیاسییەوە ناكرێت جگە لە چارەسەری سیاسی هیچ چارەسەرێكی تری هەبێت.
عوكاز: هەندێك ئێوە بە هۆكاری تراژیدیای كورد دەبینن؟
باهۆز ئەرداڵ: بە تەواوەتی بە پێچەوانەوە، وێنای بكە ئەگەر پارتی كرێكارانی كوردستان لەوێ نەبوایە، ئەگەر لەوێ خەباتێكی چەكداری نەبوایە، دۆخی كورد چۆن دەبوو؟ ئەگەر پارتی كرێكاران نەبوایە لەوێ باس لە پرسی كورد نەدەكرا، پەكەكە پرسی كوردی كرد بە كاری لەپێشینەی دەوڵەتی توركیا.. پەكەكە گەلی كوردی یەكخست.
عوكاز: تەنها پارتی كرێكارانی كوردستان بەرپرسی گەلی كوردە.. كوردێكی زۆر هەن لەگەڵ پەكەكەدا نین؟
باهۆز ئەرداڵ: راستە هەموو كورد لەگەڵ پارتی كرێكاراندا نین، بەڵام پەكەكە دەربڕی هیوا و خواستی زۆرینەی گەلی كوردە، چەندین كەس لە نێو گەلاندا هەن كە بەكرێگیراوی وڵاتانی دەرەوەن، گەورەترین بەڵگەش لە جەزائیر ژمارەیەكی زۆر بەكرێگیراو هەبوون لەگەڵ فەرەنسای داگیركەردا بوون.
عوكاز: دەوترێت باهۆز ئەرداڵ ئەندازیاری یەكینەكانی پاراستنی گەل " یەپەگە" یە لە سوریا؟ تا چ ئاستێك رۆڵت هەبوو لە دۆخی سوریادا؟
باهۆز ئەرداڵ: خستنەڕوووی پرسیارەكە بەمشێوەیەیە تەعبیر لە واقیع ناكات، یەپەگە لە ئەنجامی دۆخی سوریا دەركەوت، و گەنجانی كورد هاوشێوەی هەموو ناوچەكانی تر خۆیان رێكخست و یەكینەكانی پاراستنی گەلیان دامەزراندن بەڵام ئێمە وەك پەكەكە یەپەگەمان دانەمەزراند، بەڵام پێش پێكهێنانی و دواتریش بە چەك و شتی تر هاوكاریمان كردن... بەڵام دوای پێكهێنانی و دەستپێكردنی هێرشەكانی داعش بۆسەر ناوچەكە و كۆبانێ پاڵپشتیمان كردن، ئەوەش كارێكە نكوڵی لێ ناكەین.
عوكاز: چۆن ئەو هاوكارییە كرا؟
باهۆز ئەرداڵ: یارمەتی یەكینەكانی پاراستی گەلمان داوە لە سوریا بە شێوەیەكی روون و ئاشكرا و چڕ لەكاتی هێرشەكانی داعشدا، و چەك و تەقەمەنی و هەروەها راوێژی سەربازیمان پێشكەشكردن بۆ پەرەپێدانی شێوازەكانی پارێزگاریكردن لە ناوچەكانیان.
عوكاز: بەڵام رۆڵی تۆ وەك كەسێك دەوترێت زۆر كایگەر و كارا بووە لە سوریا؟
باهۆز ئەرداڵ: من نكوڵی لە رۆڵی پەكەكە لە رۆژئاوا ناكەم، بەتایبەت كە ئۆجەلان 20 ساڵی لە سوریا بەسەربردووە و هێشتا كاریگەری لەسەر ئەوی هەیە، و چەندین گەنج و لاو لە ریزەكانی گەریلادا بوون و گەڕانەوە بۆ سوریا و ویستیان بەشداری بكەن لەو یەپەگەدا و بە فیعلی چوونە ئەوێ و بەشداریان كرد لە پێكهێنانی یەكینەكاندا.. هەروەها ئەو شارەزاییەی كە لەگەڵ پەكەكەدا بەدەستیانهێنابوو رۆڵی هەبوو لە پەرەپێدانی تواناكانی شەڕی گەنجان لە سوریا.. ئەمە چیرۆكی پەكەكەیە لەگەڵ یەكینەكانی پاراستنی گەل، بەڵام یەكینەكان لقێك نین لە پارتی كرێكاران.
عوكاز: پرسیارەكەت بۆ دووبارەدەكەمەوە.. رۆڵت چی بوو لە دامەزراندنی یەكینەكانی پاراستی گەلدا؟
باهۆز ئەرداڵ: من گەریلایەكم لە گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، بەڵام ناكرێت رۆڵم وەك كەسێك هەڵبسەنگێنرێت، بەوەش رۆڵی من لە چوارچێوەی حزبدایە كە پێشتر بۆ باسكردیتن لەو چوارچێوەیەدا راوێژ و ئامۆژگاریمان پێشكەشی شەڕڤانان لە سوریا كردووە.
عوكاز: لە سوریا ئەكادیمیایەكی سەربازی هەیە بەناوی باهۆز ئەرداڵەوە؟
باهۆز ئەرداڵ: هیچ ئاگاداری نیم.
عوكاز: ئێستا زیاتر بە چ كارێكەوە سەرقاڵیت؟
باهۆز ئەرداڵ: شەڕكردن لە چیاكانی كوردستان دژی سوپای توركیا، ئێستا شەڕی قورس هەیە لە نێوانماندا، ئەو شەڕانە لەلای ئێمەوە بنەڕەتییە و بەوەش ناكرێت ئەم گۆڕەپانی شەڕە بەجێبهێڵین و سەرقاڵ بین بە گۆڕەپانی سوریاوە، شەڕی بنەڕەتیمان دژی سوپای توركیایە ئەوەش كارێكی ئاشكرایە و راگەیەنراوە.
عوكاز: دوای رووداوەكانی 2011 چەندجار سەردانی سوریات كردووە؟
باهۆز ئەرداڵ: هاوینی 2014 سەردانم كردن تەنها سەردانێكی كۆمەڵایەتی بوو، سێ مانگ لەوێ مامەوە، هیچ سروشتێكی سیاسی یان سەربازی نەبوو، بەڵاك رێككەوت بوو لەگەڵ هێرشەكانی ئەو كاتەی داعش، چاومان بە شەڕڤانان كەوت و راوێژ و ئامۆژگاریمان پێشكەشكردن.
عوكاز: بەڵام لەوێ فەرماندەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان هەن لە سوریا شەڕ دەكەن و سوریی نین؟
باهۆز ئەرداڵ: ئەوە كارێكی سروشتییە، كەسانێكی زۆر لە ناو یەكینەكانی پاراستی گەلدا بووون، عەرەب هەبوو، هەبوون لە كەنەدا و ئورسترالیاوە هاتبوون، چونگە یەپەگە بوو كە بەرپەرچی داعشی دایەوە و بووە ناوەندێكی جێی بایەخ، بەوەش نامۆ نییە كە كەسانێك لە عێراق و توركیاو ئێرانەوە بۆ شەڕكردن بچنە ئەوێ، دەكرێت ئەوە بە كاردانەوە وەسفبكرێت نەك وەك چەتری پارتی كرێكاران.
عوكاز: عەفرین زۆر بەخێرایی و چاوەڕواننەكراو كەوت.. كەسانێكی زۆر وتیان دەبێتە كۆبانێی دووەم.. چی روویدا لەوێ ئەو داڕمانە خێرایە بۆ؟
باهۆز ئەرداڵ: بەپێی بەدواداچوونمان بۆ دۆخەكە، لەوێ بەرگرییەكی زۆر كرا دژی نوێترین چەك و دووەم گەورەهێز لە ناتۆن راستە سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكان چوونە ناو عەفرینەوە، بەڵام شەڕی عەفرین كۆتایی نەهاتووە، و جۆری دووەم لە بەرگریكردن لە عەفرین دەبێت.
عوكاز: تۆ پێشبینی كەوتنی عەفرینت دەكرد؟
باهۆز ئەرداڵ: توركیا سوپایەكی گەورە و چەكی نوێی هەیە، لەبەرئەوە چوونە ناوەوەی سوپای توركیا بۆ عەفرین لە ژێر سایەی گەمارۆدا لە هەموو ئاراستەكانەوە كارێكی سروشتییە.
عوكاز: لە شەڕی داعشدا راوێژت پێكرا؟
باهۆز ئەرداڵ: نەخێر، ئەوە نەكرا.
عوكاز: هەڵگەڕانەوەی روسیات دژی كورد لە عەفرین چۆن خوێندەوە؟
باهۆز ئەرداڵ: دۆستایەتی و دوژمنایەتی لە سوریا رۆژانە گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، بەرەچاوكردنی ئەوەی كورد لە سوریا هێزێكی بنەڕەتییە، سروشتییە كە پەیوەندییان لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەدا هەبێت كە بایەخ بە دۆخی سوریا دەدەن، بەڵام لە كۆتاییدا پەیوەندییەكە نابێت راستەوخۆ پشت بەو هێزانە ببەستێت.
عوكاز: سروشتی چارەسەری گونجاو بۆ سوریا چۆن دەبینیت؟
باهۆز ئەرداڵ: پێویستە چارەسەرێكی سیاسی هەبێت سیستمی شمولی و پەراوێزخستن تێپەڕێنێت، نامانەوێت كە سوربا ببێتە گۆڕەپانی پاكتاوكردنی حساباتی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی، سیاستە شمولییەكانی بەعس سوریای بەو ئاستە گەیاند، بەوەش پێویستە بیری سیستمی بەعس تێبپەڕێنرێت.
عوكاز: بوارم بدە راستەوخۆ پرسیارێكت ئاراستە بكەم.. دەوترێت خۆرهەڵاتی فورات راستەوخۆ لەلایەن پارتی كرێكارانەوە بەڕێوەدەبرێت و بە دیاریكراوی بە قەندیلەوە... چی دەڵێیت؟
باهۆز ئەرداڵ: بەو دەنگۆیە بەربڵاوەی هەیە ئەوەیە كە یەكینەكانی پاراستی گەل و قەسەدە لە خۆرهەڵاتی فورات رێنمایی لە پەكەكە وەردەگرتن و لقێكی ئەو حزبەن، ئەمە تۆمەتی توركیا بۆ ئەوەی پاساو بە دەستوەردان لە سوریا بهێنێتەوە، بەڵام پەیوەندییەكانی كورد لە لە توركیا و عێراق و سوریا و ئێران بەردەوامە و ئەم پەیوەندییەش نزیكبوونەوەیەكی سۆزدارانەی كورد دروستدەكات، ئەمە جفرەیە بەلای كوردەوە، پەیوەندییەكی سروشتی و عاتیفی لە نێوانیاندا هەیە، لەبەرئەوە ژمارەیەكی زۆر شەڕڤان لە كۆبانێ ئامادەبوون، بەڵام پارتی كرێكاران هیچ ئەجێندایەكی لە سوریا نییە، ئەگەر بمانویستایە ناوچە كوردییەكانی سوریا بەڕێوەببەین دەچوینە ئەوێ و لێرە نەدەماینەوە، بۆچونمان وایە كە گەلانی ناوچەكە كاروباری خۆیان بەڕێوەبەن نەك ئێمە یان كەسانی تر بەڕێوەیبەرن.
عوكاز: كۆچی گەریلاكانی پەكەكە بۆ سوریا كەی دەستیپێكرد؟
باهۆز ئەرداڵ: ئەوە سەرەتای رووداوەكانی 2011 روویدان ئەوان خۆیان شەڕڤانی سوریین و گەڕانەوە بۆ وڵاتەكەیان بۆ ئەوەی پاڵپشتی خەڵكی خۆیان بن كە رووبەڕووی هێرشی داعش و نوسرە دەبونەوە و ژمارەیان دەیان كەس بوون.
عوكاز: شاری مەنبەج لە ژێر چاودێریی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیدایە.. بایەخی مەنبەج بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات چییە؟
باهۆز ئەرداڵ: ناكرێت دۆخی مەنبەج لە ناوچەكانی تر جیابكرێتەوە، هۆكارەكەی ئەوەیە كە هەموو هێزە نێودەوڵەتییەكان لە سەر خاكی سوریا هەن و هەموو بەرژەوەندییەكان تێك ئاڵاون، لەبەرئەوە هاتنە ناوەی توركیا بۆ مەنبەج پەیوەندی بە دۆخی گشتی سوریاوە هەیە.. گرنگ لە مەنبەج ئەوەیە كە پێكهاتەكانی خۆی رێبكخرێن، ئەوە چارەسەرە بۆ مەنبەج و شوێنەكانی تریش.
عوكاز: هەسەدە لەگەڵ یەپەگە گەیشتونەتە دێرزوور.. ئایا ئەوە بە سود دەبینیت بۆ كورد؟
باهۆز ئەرداڵ: قەسەدە تەنها بریتی نییە لە شەڕڤانانی كورد، بەڵكو تێكەڵەیەكە لە پێكهاتەكانی ناوچەكە، و سەبارەت بە شەڕیش لە دێرزور، هیچ كێشەیەك لە شەڕی داعشدا نییە لە هەر شوێنێك بێت.. كورد هاوڵاتی سوریایەوە مافی هەیە لە هەموو شوێنێك شەڕ دژی داعش بكات.
عوكاز: بەڵام شەڕڤانانی كورد تەنها لە ناوچەكانی هاوپەیمانان شەڕدەكەن؟
باهۆز ئەرداڵ: ئەمە پەیوەندی لە هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەكانەوە هەیە لە سوریا و ناوچەكانی هەژموون، سروشتییە كە كورد بە هەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ئەمریكا شەڕبكەن.
عوكاز: باوەڕت وانیە كە زێدەڕۆیی لە پەیوەندی نێوان پەیەدە و ئەمریكا هەیە و گەیشتوەتە حاڵەتی پاشكۆیەتی؟
باهۆز ئەرداڵ: راستە هەن كە پارتی یەكێتی دیموكراتی " پەیەدە" بەوە تۆمەتباردەكان، بەڵام پەیەكە كە هێزێكی سەرەكییە لە ناوچەكەدان پێویستە كە ئەمریكا و وڵاتانی تری پەیوەندیدار پەیوەندییان لەگەڵ هێزی كارای سەر زەوی هەبێت، سەبارەت بە كورد بە دیاریكراوی و گەلانی ناوچەكە پێویستە كە بەرژەوەندی خۆیان لەسەر ئەرزی واقیع بزانن بەبێ پاشكۆیەتی بۆ هیچ لایەنێك، پەیوەندییەكان لەسەر بنەمای دۆستایەتی كارێكی سروشتییە، هەموو وڵاتان پەیوەندییان لەسەر وڵاتانی خۆرئاوا هەیە، كاتێك دێتە سەر كورد تۆمەتباردەكرێت بە بەكرێگیراوی و پاشكۆیەتی.
عوكاز: كەواتە دەكرێت پەیوەندیتان لەگەڵ ئەمریكا هەبێت؟
باهۆز ئەرداڵ: پەكەكە لەرووی هەموو پەیوەندییەكدا لەگەڵ هەموو وڵاتاندا كراوەیەن بە مەرجێك رێز لە مافەكانی گەلی كورد بگرن.
عوكاز: پەیوەندیتان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەیە؟
باهۆز ئەرداڵ: بە پێی زانیارییەكانمان ئەمریكا لە نزیكەوە چاودێری پارتی كرێكارانی كوردستان دەكات، كێشی ئەم حزبە لەسەر ئاستی ئیقلیمی دەزانێت، بەڵام بەرەچاوكردنی ئەوەی توركیا هاوبەشی ئەمریكا لە ناتۆ، لەبەر ئەم هۆكارە وادەردەكەوێت كە ئەمریكا ناخوازێت لە رێگەی پەیوەندییەوە لەگەڵ ئێمەدا بەرەیەكی رووبەڕووبونەوە لەگەڵ توركیا بكاتەوە.
عوكاز: ئەمریكا هەوڵیداوە نێوەندگیری ئێوە و توركیا بكات؟
باهۆز ئەرداڵ: نەخێر، بەو شێوەیە نەبووە، بەڵام ئێمە داوامان لە ئەمریكا كرد رۆڵ بگێرێت لە پرسی كوردا، بەرەچاوكردنی ئەوەی رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، بەڵام ئەوە لەسەر ئەرزی واقیع رووی نەدا.
عوكاز: چەكدارەكانتان بە خێرایی لە شەنگال كشانەوە.. بۆچی؟
باهۆز ئەرداڵ: ئێمە بۆ پاراستنی ئێزدییەكان لەدەستی داعش چوینە شەنگال، لە كاتێكدا هەموو هێزەكان بێ پارێزگارییكردن ناوچەكەیان بەجێهێشت، و كاتێك هەڕەشە لەسەر ئەو ناوچەیە نەما و خەڵكی ناوچەكە هێزی خۆیان بۆ پارێزگاریكردن لە ناوچەكانیان پێكهێنا پێویست بوو ئێمە بكشێینەوە، جگە لەوەش نامانەوێت توركیا بە بەهانەی پەكەكەوە دەستوەربداتە ناوچەكە.
عوكاز: باس لە پێكهێنانی هێزێكی هاوپەیمانی عەرەبی دەكرێت بۆ سوریا، چۆن دەڕواننە بوونی ئەم هێزە لەسەر خاكی سوریا؟
باهۆز ئەرداڵ: هەر هێزێك بەشداربێت لە سەقامگیربوونی ناوچەكە و لە چوارچێوەی لێكتێگەیشتنی نێوخۆیدا بێت، هێزێكی پێشوازی لێكراوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ زانیارییەكمان لەسەر بوونی هیچ هێزێك نییە.
عوكاز: تێڕوانینتان بۆ رۆڵی ئێران چییە و بۆچی زیاتر هەستیارن بەرامبەر توركیا؟
باهۆز ئەرداڵ: رۆڵی ئێرانیش لە سوریا هەروەها رۆڵێكی نەرێنییە و هێزی داگیركەرە، بەڵام مەترسییەكە بە شێوەیەكی گەورەتر لە رۆڵی توركیادایە، بەو پێیەی كە زۆرترین ژمارەی كورد دەكەوێتە چوارچێوەی خاكی توركیاوە، بەڵام ئێران لەسەر پڕكردنەوەی بۆشاییەكە یاری دەكات، بەڵام بەبێ رووبەڕووبونەوەی لەگەڵ هیچ لایەنێكدا ئەوەش سیاسەتی تایبەتی ئێرانە.
عوكاز: چاودێری لێكەوتەكانی ئەم هەڵبژاردنەی توركیا دەكەن؟
باهۆز ئەرداڵ: ئەم هەڵبژاردانانە پێشوەختن، ئێمە چاودێری پەرەسەندنەكانی توركیا دەكەین لەسەر ئاستی سیاسی بەو پێیەی پارتی كرێكارانی كوردستان لایەنێكی كاریگەرە لە دۆخی سیاسی توركیا .. بڕیاری پارتی دیموكراتی گەلان لە هەڵبژاردنەكاندا بڕیارێكە رێزی لێدەگرین و پشتیوانی لێ دەكەین.
عوكاز: شەڕ توندكردنەوە دژی توركیا لە ئارادایە؟
باهۆز ئەرداڵ: ئاساییەن ئێمە لە حاڵەتی شەڕداین دژی سوپای توركیا و لە چەند رۆژی داهاتووشدا توندتردەبێت، دەتوانم بڵێم بەرەو پیری هاوینێكی گەرم دەچین لەگەڵ توركیا.