شەش لایەنەكە پشتیوانی دەكەن و پارتی و یەكێتی سكاڵا تۆماردەكەن
2018-06-07 13:59:39
(درەو میدیا):
یاساكەی پەرلەمانی عێراق كاردانەوەی لایەنە كوردیغەكانی بەدوای خۆیدا هێنا، لایەنە ناڕازغیەكان پشتگیری دەكەن و لایەنەكانی دیكەش بە نایاسایی لەقەڵەم دەدەن.
لەیەكەم كاردانەوەدا شەش لایەنی ناڕازی هەرێمی كوردستان(هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، حزبی شیوعی كوردستان، بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان) پشتیوانی خۆیان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەبڕی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە لە بەیاننامەكەیاندا هاتووە"پشتگیری خۆمان رادەگەیەنین بۆ ئەو هەنگاوە گرنگ و مێژوییەی ئەنجومەنی نووینەرانی عێراق گرتیەبەر بۆ بەدەنگەوە هاتنی دەنگدەران و لایەنە سیاسیەكان لەسەر تەزویر و ساختە و چەتەیی ئەلكترۆنی بۆسەر دەنگی هاوڵاتیان و دەستكاری ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ی 5ی 2018لە عێراق و هەرێمی كوردستان.
بەڵام پارتی دیمەكراتی كوردستان بڕیارەكەی پەرلەمان بە سیاسی لەقلەَەم دەدەن و سكاڵا تۆمار دەكەن، لە لێدوانێكدا بۆ سایتی فەرمی حزبەكەی خەسرەو گۆڕان، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: چونكە بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە سیاسیین، ئەوا له دادگای فیدراڵ سكاڵا تۆمار دەكەن.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەشڵێت "پەرلەمانی عێراق بۆی نییە داوای هەڵوەشاندنەوەی دەنگدان بكات، ئینجا دەنگدانی تایبەتی كوردستانیش بە تەنها ئەمه ڕوونە كە بڕیارێكی سیاسییە، ئەگەرنا بۆ تەنها له كوردستان دەنگدانی تایبەت هەڵدەوەشێندرێتەوه؟."
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەنگاوەكەی پەرلەمانی عێراق رەت دەكاتەوەو سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەمواری یاسای هەڵبژاردنی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بە بێهودە لەقەڵەمداو رایگەیاند ئەم بڕیارە هەر لە سەرەتاوە نایاسایی بووە لە پەرلەمانی عێراق، دەشڵێت یەكێتی تانە لەو بڕیارە دەدات و سكاڵا تۆمار دەكات.