Draw Media

مەتین تەمل، دوای عەفرین، سەركردایەتی هێرش بۆسەر قەندیل دەكات

مەتین تەمل، دوای عەفرین، سەركردایەتی هێرش بۆسەر قەندیل دەكات

2018-06-07 12:34:17


راپۆرت: نامیق رەسوڵ
سوپای توركیا 25 كیلۆمەتر هاتوەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە، بەوتەی چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە حكومەتی توركیا، بەمزوانە و پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانیی، ئەنكەرە ئۆپەراسیۆنێكی گەورە و بەرفراوان  بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە قەندیل دەستپێدەكات.
ئۆپەراسیۆن بۆسەر قەندیل بەشێكە لەو ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەی كە لە مانگی ئازاری رابردووەوە سوپای توركیا دەستیپێكردووە و بڕیاری كۆتایش لەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی توركیادا دراوە كە مانگی كانونی یەكەمی رابردوو بەڕێوەچوو.
میدیاكانی نزیك لە حكومەتی توركیا باسلەوەدەكەن، ئۆپەراسیۆنی سەر قەندیل" زۆر فراوانتر و گەورەتر دەبێت لە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون" كە سوپای توركیا كردیە سەر كانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان.
رۆژنامەی (حوڕییەت)ی توركی ئاشكرایكرد" ئیسماعیل مەتین تەمەل فەرماندەی دووەمی سوپای توركیا كە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات و چڵە زەیتونی كرد لە رۆژئاوای كوردستان، سەركردایەتی ئۆپەراسیۆنەكەی سەر قەندیلیش دەكات".
عەبدولقادر سیڵڤی ستون نوسی رۆژنامەی (حوڕییەت) و نزیك لە بازنەكانی بڕیار لە توركیا لە وتارێكیدا لە رۆژنامەكە دەڵێت:" ئۆپەراسیۆنی قەندیل بە كردەوە دەستیپێكردووە و درێژكراوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەیە كە مارسی رابردوو دەستیپێكردووە و سوپای توركیا گەیشتوەتە قوڵایی 25- 30 كیلۆمەتری خاكی عێراق".
ئاماژە بەوەدەكات" سوپای توركیا 11 بنكەی نوێی سەربازی لەناوی خاكی عێراقدا بونیادناوە كە لە گەریلاكانی پەكەكە پاككراونەتەوە و پەیوەندیی بەردەوامیش لەگەڵ لایەنی ئەمریكی و ئێرانی و عێراقدا هەیە و گفتوگۆدەكرێت لەبارەی رێككەوتن لەسەر ئۆپەراسیۆنێكی گەورە".
ئەو نوسەرەی رۆژنامەی حوڕییەت لە بەشێكی تری وتارەكەیدا ئاشكرایكردووە كە "بن عەلی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا لەدوا سەردانیدا بۆ بەغداد گفتوگۆی چڕ و قوڵی دەربارەی ئەو ئۆپەراسیۆنە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كردووە".
11 بنكەی سەربازی نوێ‌
هانا لۆسیندا سمیس لە وتارێكیدا لە رۆژنامەی تایمزی بەریتانیدا بە ناونیشانی " توركەكان ئامادەن بۆ دەستپێكردنی هێرش بۆسەر كورد لە 11 بنكەی سەربازی نوێوە" نوسیویەتی: توركیا ئامادەكاریی دەكات بۆ هێرشكردنە سەر چەكدارە كوردەكان لە باكوری عێراق، لە هەنگاوێكدا كە سەرۆكەی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بڕوای وایە پشتیوان دەبێت لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانی كە ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت".
باسلەوەشدەكات، سوپای توركیا 11 بنكەی سەربازی نوێی لە هەرێمی كوردستان دامەزراندووە كە زۆرینەیان لە نزیك سنوری ئێرانن و سەرچاوەیەكی نزیك لە یەكێتیش لە لێدوانێكیدا بۆ تایمز هۆشداریداوە لەوەی كە 700 گوند لەو ناوچانە لە ژێر دەسەڵاتی پارتی كرێكارانی كوردستاندان لەكاتی هێرشی توركیادا، قەیرانێكی نوێی ئاوارەبوون دەستپێدەكات.
ماكس هۆڤمان چاودێری سیاسی بە رۆژنامەی تایمزی راگەیاندووە" ئەردۆغان مێژوویەكی لە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی لە دەرەوە هەیە، كاتێك هەست بە هەڕەشەیەكی هەڵبژاردن دەكات".
هەڵوێستی هەرێم
حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هەژموونی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەریدا زاڵە و پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی و سیاسیی زۆری لەگەڵ توركیادا هەیە، داوا لە پارتی كرێكارانی كوردستان دەكات خاكی هەرێم بەجێبهێڵێت و پاساو نەداتە سوپای توركیا.
سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە وتەیەكیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە هەولێری پایتەخت وتی:" بوونی چەكدارەكانی پەكەكە لە ناوی خاكی هەرێمی كوردستاندا بووەتەهۆی ئەوەی هێزەكانی توركیا چەندینجار بێنە ناو خاكی هەرَم و چەندین شەڕ و پێكدادانی توندی لێكەوتوەتەوە".
دزەیی كە ئێستا سوپای توركیا چەندین بنكە و بارەگای سەربازی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حزبەكەیدا هەیە داوای لە پارتی كرێكارانی كوردستان كرد ئەو ناوچانەی هەرێم كوردستان چۆڵ بكات و پاساو نەداتە توركیا بۆئەوەی بێتە ناو خاكی هەرێم و داواشی لە توركیا كرد رێز لە سەروەریی خاكی عێراق بگرێت".

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand