بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق كورسی لایەنەكان دەگۆڕێت
2018-06-07 11:02:45
درەو میدیا:
لەمادەی سێیەمی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە دانیشتنی رۆژی 6/6/2018 پەسەندكرا، ئەنجامی هەڵبژاردنی دەرەوەو ئاوارەكان و جوڵەی دانیشتوان و دەنگدانی مەرجدراری هەڵوەشاندەوە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان.
سەرەرای ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست و ئاشكراكردنی ساختەكاریەكان ئەوەی زۆرتر پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە لە هەڵوەشاندنەوە دەنگدةری تایبەت و دەرەوەیە، ئەگەرچی ژمارەی دەنگدەرانی دەرەوە زۆرنیە، بەڵام ژمارەی دەنگدانی تایبەت و هێزە ئەمنیەكان زۆرەو ساختەكاری زۆریشی تیاكراوە، هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان نزیكەی ( 200 هەزار دەنگ ) دەسوتێنێت، كە بەشی زیاد لە 4 كورسی پەرلەمانی عێراقە.
بۆ هەڵبژاردنی تایبەت لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەپێی خشتەیەكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 دا ئەوانەی مافی دەنگدانی هەبووە لە دەنگدانی تایبەتدا، لە پارێزگای ( 70083 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووەو لە پارێزگای سلێمانی ( 71748 ) دەنگدەری تایبەت و لە پارێزگای دهۆكیش ( 48017 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، كە زۆرینەیان دەنگیان داوە بەشێكی بەزۆر و لە ژێر فشاردا بۆیە زۆرینەی دەنگەكان بۆ پارتی و یەكێتی بووە، لەبەر ئەوەی بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت گۆڕانكاری لە دەنگی لایەنەكان درووست دەكات و دەنگی پارتی و یەكێتی بەرێژەیەكی بەرچاو كەم دەبێتەوە، ئەوەش كاریگەری لەسەر كورسی لایەنەكان درووست دەكات.