Draw Media

دەمیرتاش لە زیندانەوە بە تەلەفۆن پەیامێكی ئاراستەی دەنگدەران كرد

دەمیرتاش لە زیندانەوە بە تەلەفۆن پەیامێكی ئاراستەی دەنگدەران كرد

2018-06-06 23:18:00


(درەو میدیا):
سەڵاحەدین دەمیرتاش كاندیدی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە"  بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا، لە زیندانی ئەدیرنەوە بە تەلەفۆن پەیامێكی ئاراستەی دەنگدەران كرد و وتی:" كۆمەڵگە بەهۆی ئاكەپەوە نیگەران و ڕەشبینە، ئێستا كاتی بێ هیوایی و ترس نییە. ئێمە بەیەكەوە دەبینە وڵاتێكی گەورەی خوشك و برایەتی".
دەمیرتاش لە ڕێی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی، بە ئامادەبوونی بنەماڵەكەی كۆبوونەوەیەكی هەڵبژاردنی سازكرد و پەیامە دەنگییەكەی ئاراستەی دەنگدەرانی باكوری كوردستان و توركیا كرد و داوای لێ كردن دەنگێك بدەنە هەدەپە و دەنگێكیش بدەنە دەمیرتاش.


دەقی پەیامەكە بە كوردی‌:
بەر لە هەر شتێك بە دڵ و گیان سڵاوی خۆم ئاراستەی هەموو ئەو كەسانە دەكەم كە دەنگی من دەبیستن.
20 مانگە بەشێوەیەكی نایاسایی و لە دەرەوەی مافەكان، وەك دیلێكی سیاسی ڕادەگیرێم. هەتا ئێستا نە من و نە هەڤاڵەكانم بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دادگەیی نەكراوین. فشاری سیاسی لە هەموو دادگاكان كرا و پێوەری سەروەری  مافەكان بە ئاشكرا پێشێلكرا.
هەرچەندە زیندانیم، بەڵام بەرپرسانی حكومەت هەموو ڕۆژێك لە تەلەفزیۆنەكان و‌ ڕۆژنامەكان بوختانم بۆ دەكەن. لەم بارودۆخەدا كە ناتوانم مافی وەڵامدانەوەش بەكاربێنم، بە فرتوفێڵی سیاسیی هەوڵدەدەن من بەخراپی پیشان بدەن. بەڵام ئێوە هەمووتان ئاگاتان لە ڕاستییەكان هەیە.
من بەمە دەزانم و دەبینم. دۆخی ئێستا تەنیا نمونەیەكە. ئەمڕۆ تەواوی وڵات، تەواوی هاوڵاتیانی ئێمە بوونەتە ستەملێكراویی نادادپەروەری. نادادپەروەری نەك تەنیا لە كۆشكەكانی دادپەروەری ڕوو دەدەن. بەڵكو لە نەخۆشخانەكان، زانكۆكان، لەنێو زەوییەكان، كارگەكان، فەرمانگەكانی دەوڵەت و كۆڵانەكان هەموو ڕۆژێك لە هەموو شوێنێك هەموو كەس ستەملێكراو دەبن و مامەڵەی نادادپەروەرانەیان لەگەڵدا دەكرێت.
" كۆمەڵگەی توركیا بەهۆی ئاكەپە ڕەشبین و بێ هیوا بوو"
بەداخەوە توركیا بەتەواوی بووەتە زیندانێكی نیوەكراوە. بەم شێوەیە دەیانەوێت ترس بخەنە دڵی هەموو كەسێك، ترس بخەنە دڵی تەواوی كۆمەڵگە. بەڵام كاری دەوڵەت ترساندنی هاوڵاتییان نییە، كاری دەوڵەت خزمەتكردنە. بەڵام ئەو كردەوە دژە دیموكراتییانەی كە لە ساڵانی ڕابردوو ڕوویاندا، كۆمەڵگەی توركیایان كردووەتە نیگەرانترین و ڕەشبینترین گەل. وڵاتی ئێمە لەنێو خۆیدا لە یەكتر جیاكرایەوە و لە دەرەوەش بەتەنیا و بەبێ بەها هێڵدرایەوە.
" ئێمە ناچار نین، بەڵكو دەتوانین توركیایەكی دیموكراتی بونیادبنێین"
حەق نییە كە ئێمە بە حكومەتێكی وەها خراپ بژین. وەك ئەو هاوڵاتیانەی كە لەسەر جوانترین و دەوڵەمەندترین خاكی جیهان دەژین، حەق نییە كە ئێمە بێ هیوا و هەژار بین. ئەمە چارەنووسی ئێمە نییە، ئێمە ناچار و مەحكومی ئەمە نین، ئێمە دەتوانین دەستی یەكتر بگرین و پێكەوە توركیایەكی دیموكراتیی ئایندە، ژیانی نوێ، ژیانێكی شادمان و خۆش، ژیانێكی ئازاد بونیادبنێین.
خوشك و برایانی هێژای من، كات كاتی ئەوە نییە كە بێ هیوا بین و بترسین. بە ڕێككەوتن، پشتیوانی و یەكێتی، ئێمە دەتوانین هەموو كێشەكانی وڵاتی خۆمان چارەسەربكەین. بەبێ ئەوەی هاوڵاتییەكی خۆمان وەك دوژمن ببینین و خۆی لێ دووربخەینەوە‌، دەتوانین پێكەوە بە دڵ ببینە وڵاتێكی گەورە و خوشك و برایەتی.
ئێمە خەڵكی خۆمان بەگوێرەی پارتی، ناسنامە، مەزهەب و زایەند لە یەكتر جیاناكەینەوە. ئێمە سەروەری مافەكان و دیموكراتی بەسەر دەوڵەتدا دەسەپێنین. ئەگەر دەوڵەت دەوڵەتی هەموومانە، وڵات وڵاتی هەموومانە، كەواتە ئەو كاتە ئەرك و بەرپرسیارێتیی ئێمەیە كە بۆ هەموو كەس حكومەتێكی دادپەروەر و یەكسان بونیادبنێین.
بۆئەوەی كەس خۆی وەك منداڵی باوەژن نەبینێت، بۆ ئەوەی كەس ناحەقی نەبینێت، ئێمە سیاسەتێكی نوێ كە ٨١ ملیۆن كەس لەخۆ بگرێت، دەخەینەگەڕ.
" گەل لە وەڵاتێكی دەوڵەمەند بەهەژاری دەژی"
ئێمە بەباشی سوود لە خاك، دەریا، مێژوو و میراتی كولتوریی خۆمان وەردەگرین. قورسایی ناخەینە سەر چیمەنتۆ و بیناسازی ناپەسەند، ئێمە گرینگی بە خاك، ڕەنج، بەرهەمهێنان و زانست دەدەین و بەدڵنیاییەوە كۆتایی بە هەژاری دێنین. لە وڵاتێكی دەوڵەمەندی وەك توركیا، مرۆڤ ناچاركراوە كە بەشێوەیەكی هەژار بژی. ئەمە شەرمەزارییە بۆ كاربەدەستانی ئەم وڵاتە. ئێمە وڵاتی خۆمان لەم شەرمەزارییە ڕزگار دەكەین.
" ئێمە هیوادارین، بەجۆشین"

ئێمە ئێستا زیاتر بەهیوا، بە تامەزرۆیی و بەجۆشەوە خۆمان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەكەین. من لێرە لەنێو چوار دیواردام. بەڵام پێدەزانم كە ئێستا هەزاران دەمیرتاش لەنێو زەوییەكان، لە كاری جووتكردن، لە زەوییەكانی فندكن‌. دەمیرتاش ئێستا لە مەیدانەكانە، لە كارگەكانە، لە وانەدایە، لە پۆلەكانی زانكۆیە، لە كرێكارییە، لە بەرخۆدانی مانگرتوانە. لە كار دەركراوە، بێكارە، هەژارە. گەنجە، ژنە، منداڵە. توركە، كوردە، چەركەسە، پۆماسە، بۆشناكە. عەلەوییە، سوونییە، بەڵام بەر لە هەر شتێك هیوادارە و بەجۆشە. گۆڤەند دەگرێت و لە هەڵپەڕكێكی هۆرۆن دایە.
" سەربەرز بن، دەنگ بدەنە هەدەپە و دەمیرتاش"
دەمیرتاش لە قاوشی زیندانی ئەدیرنە نییە، دەمیرتاش ئێوەن. باوەڕتان بەخۆتان هەبێت. سەربەرز بن. دەنگ بە خۆتان بدەن. بڵێن؛ دەنگێك بۆ هەدەپە، دەنگێك بۆ دەمیرتاش.
لەبیرنەكەن، تەنیا یەك دەنگ دەتوانێت زۆر شت بگۆڕێت. تۆ دەتوانی ئەمە بكەی، خوشك و برایانی ئازیزی من. لەپێناو ڕۆژی خۆش و گەش، كات كاتی گۆڕینە. ئێمە پێكەوە ئەمە دەكەین، پێكەوە سەردەكەوین.
بە دڵ و گیان سڵاو لە هەمووتان دەكەم.
بەدڵنیاییەوە ئێمە سەردەكەوین و ڕۆژی ئازاد دەبینین. بمێنن لە خێر و خۆشیدا.

سەرچاوە: ANF NEWS

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand