Draw Media

لیز تره‌س كێیە ؟

لیز تره‌س كێیە ؟

2022-09-05 15:45:21


(درەو): 
ئەندامانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا كە ژمارەیان نزیكەی (160 هەزار) كەسە، خاتوو (لیز تره‌س)ی وەزیری دەرەوەیان وەكو رێبەری نوێی پارتەكەیان هەڵبژارد، ئەمە دەرگای لەبەردەم خاتوو تره‌س كردەوە تاوەكو پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا وەربگرێت. 
هەڵبژاردنی خاتوو تره‌س دوای ئەوەهات (بۆریس جۆنسۆن)ی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بەهۆی یاخیبونێك كە لەناو تیمە حكومییەكەیدا وەكو ناڕەزایەتی دژی ئابڕوچونەكانی‌و دۆخی خراپی دارایی وڵات رویدا، دەستی لە سەرۆكایەتی پارتی پارێزگاران كێشایەوە.

خاتوو تره‌س كێیە ؟
•    ساڵی 1975 لە شاری (ئۆكسفۆرد) لە باشوری ناوەڕاستی بەریتانیا لەدایكبووە واتە تەمەنی (47) ساڵە. 
•    سەربە خێزانێكە لە چینی مامناوەند كە هەڵگری بیروباوەڕێكی بەهێزی چەپن. 
•    بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2010 وەكو پەرلەمانتار لەسەر ناوچەی (ساوس وێست نۆرفۆلك) هەڵبژێردراوە. 
•    بەهۆی بیروبۆچونە ئازادیخوازانەكانییەوە لەبواری ئابوری‌و بازرگانیدا بووە بە كارەكتەرێكی ناسراون لەناو ئەندامانی پارتی پارێزگاراندا. 
•    دووەم ژن بووە لە بەریتانیا كە پۆستی وەزیری دەرەوە وەربگرێت، نازناوی (ژنە پۆڵاینەكە)ی پێبەخشراوە. 
•    لەدوای جەنگی ئۆكرایناوە رۆڵی هەبووە لە سەپاندنی سزاكان بەسەر مۆسكۆ‌و ئۆلیگاریشە روسەكاندا. 
•    چەندین پۆستی وزاری لە بەریتانیا بەڕێوەبردووە، رۆڵی هەبووە لە دانوستانی تایبەت بە رێككەوتنە بازرگانییەكان دوای دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا، ئەوكات وەزیری بازرگانی نێودەوڵەتیی بووە. 

دیارترین بەڵێنەكانی
•    هیچ باجێكی نوێ دانانێت‌و باجی زیادەی سەر كۆمپانیاكان هەڵدەوەشێنێتەوە كە پلانی بۆ دانراوە. 
•    هەڵپەساردنی ئەو جۆرە باجەی كە بە "باجی سەوز" ناسراوە‌و بەشێكە لە كڵێشەی وزە كە دەدرێت بە پرۆژە كۆمەڵایەتی‌و سەوزەكان.
•    بەڵێنیداوە تاوەكو ساڵی 2026 بڕی (2,5%)ی تێكڕای داهاتی ناوخۆیی بۆ بواری بەرگریی خەرج بكات‌و تاوەكو ساڵی 2030 بۆ رێژەكە بۆ (3%) بەرزبكاتەوە.

ئاڵنگارییە گەورەكان
لەوكاتەوە جۆنسۆن دەستی لەكاركێشاوەتەوە، چاوەڕوانییەكانی گەشەی ئابوری پاشەكشێی كردووە، هەروەك تێكڕای هەڵاوسانی ساڵانە بۆ سەرو 10% بەرزبوەتەوە‌و نرخی سوتەمەنی‌و خۆراكیش زیادیان كردووە. 
نائومێدییەكی زۆر لەبارەی بەرزبونەوەی نرخی بژێوی دروستبووە‌و سەدان هەزار كرێكاری بەندەرەكان‌و هێڵەكانی شەمەندەفەرو بەرید مانگرتنیان راگەیاندووە. لەدوای ریفراندۆمی (برێكزێت)ەوە جونەیهی ئەستەرلینی خراپترین مانگی بەخۆیەوە بینیوە، بانكی ئینگلتەرا پێشبینی ئەوە دەكات لەگەڵ قەیرانی وزەدا رێژەی هەڵاوسان بۆ 13% بەرزببێتەوە، "سیتی گروپ" چاوەڕێ دەكات لە سەرەتاكانی ساڵی داهاتوودا رێژەی هەڵاوسان لە بەریتانیا بگاتە ترۆپكی خۆی كە 18%ە. 
ئەم دۆخە وایكردووە بەریتانیا كە شەشەم گەورە ئابوری جیهانە پلەیەك لە ریزبەندییەكە بێتەخوارەوە‌و شوێنە بۆ هیندستان بەجێبهێڵێت.

دەستبەكاربوونی سەرۆك وەزیرانی نوێ
چاوەڕوان دەكرێت سبەینێ بۆریس جۆنسۆن دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆك وەزیران بخاتە بەردەم شاژنە ئیلیزابێسی دووەم لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاوینەی شاژن لە (بالمۆراڵ)ی سكۆتلەندا، لەدوای ئەمەوە شاژن پێشوازی لە خاتوو (لیز تره‌س) دەكات بۆ ئەوەی ببێت بە (15) هەمین سەرۆك وەزیران لەسەردەمی شاژندا كە (70) ساڵە ئەم سەردەمە بەردەوامە. 
دوای بینینی شاژن، خاتوو لیز تره‌س دەگەڕێتەوە بۆ لەندەن‌و لەوێ لەبەردەم تەلاری حكومەت لە "داوننگ ستریت" یەكەمین وتاری خوی دەخوێنێتەوە، ئەمەش بەر لە پێكهێنانی حكومەتەكەی‌و روبەڕووبونەوەی (كیر ستارمر) رێبەری ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان لە رۆژی چوارشەممەدا. 
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand