پۆستی سەرۆك كۆمار بەرامبەر بە پۆستی پارێزگاری كەركوك
2018-06-06 14:08:19
راپۆرتی: محەمەد رەئوف و فازل حەمەڕەفعەت
پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەرامبەر بە پارێزگاری كەركوك، ئەمە نوێترین هاوكێشەی دابەشكردنی پۆستەكانە لە نێوان یەكێتی و پارتی، ئەمە لە پاڵ رێكخستنەوەو دابەشكردنەوەی پۆستە گرنگەكانی داهاتوو لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان.
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان هاوشێوەی قۆناغی رابردوو چاویان لە ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی ستراتیژی نوێیە بۆ دابەشكردنی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان و عێراق.
پێشینەیەكی كورت
11 ساڵ لەمەوبەر دوای شەڕێكی خوێناوی ناوخۆیی و دابەشبوونی كوردستان بۆ دوو ئیدارە، یەكێتی و پارتی لەژێر فشاری ناوخۆیی و دەرەكیدا رێككەوتنێكێكیان بۆ كۆتاییهێنان بەشەڕو دابەشكردنی دەسەڵات لە تەموزی 2007 ئیمزاكرد، ئەو رێككەوتنە بە "رێككەوتنی ستراتیژی " ناسرا.
لەبەر رۆشنایی ئەم رێككەوتنەدا هەردوولایەن بڕیاریان دا كۆتایی بەدوو ئیدارەیی بهێنن، ئەمەش لەڕێگەی دابەشكردنی پۆستەكان لە نێوان خۆیاندا بەشێوازی " 50 + 50 "، بەر لە ئیمزاكردنی رێككەوتنی ستراتیژی یەكێتی و پارتی رێككەوتنێكیان بۆ دابەشكردنی پۆستەكان كرد.
ئەگەرچی تائێستا هەردوو حزبەكە بەشێوەیەكی فەرمی هەڵوەشانەوەی رێككەوتنی ستراتیژییان رانەگەیاندووە، بەڵام چەند ساڵێكە بەندە سەرەكییەكانی رێككەوتنەكە چیتر كاریان پێناكرێت، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 2013 یەكێتی بڕیاریدا بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن بكات، ئەویش بەهۆی ئامادەگی گۆڕان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی وەكو ركابەرێكی سەرەكی یەكێتی، ئەمەش یەكەمین لادانی ئاشكرابوو لە بەندێكی سەرەكی رێككەوتنەكە، هەرلەو كاتەوە قسەو باس لەسەر هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكە گەرم بوو.
خاڵی سەرەكی ئەم رێككەوتنە دابەشكردنی دوو پۆستی گرنگ بوو لە نێوان یەكێتی و پارتیدا، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ یەكێتی و سەرۆكی هەرێمیش بۆ پارتی، پۆستی سەرۆكی حكومەتیش دوو ساڵ بەدوو ساڵ.
ئێستا جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی و ئەندازیاری سەرەكی رێككەوتنەكە لە ژیاندا نەماوە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی چیتر لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمدا نیە، لەدوای هەڵبژاردنی 12ی ئایارەوە بەرپرسانی باڵای پارتی چەندینجار بە راشكاوی باسیان لەوە كردووە چیتر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان یەكلانەبوەتەوە، ئەم قسانە ئەگەر بەشێوەیەكی فەرمی راگەیاندنی مەرگی رێككەوتنی ستراتیژی نەبێت، ئەوا بەروویەكی تردا، بەواتای بانگەوازی پارتی دێت بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ یەكێتی بەتایبەتیش لەسەر پۆستەكان.
رێككەوتنی نوێ چۆن دەبێت؟
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەچوو، پارتی و یەكێتی زۆرینەیان بردەوە، لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردنەكە هەردولا چاویان لەسەر بردنی زۆرینەی ئەو پۆستانەیە كە لە بەغداد وەكو پشكی كورد دانراون.
دابەشكردنی پۆستەكانی بەغداد پێویستی بە ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی نوێ هەیە لەنێوان یەكێتی و پارتی، رەنگە ئەو رێككەوتنە ببەسرێتەوە بە دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێمی كوردستان، دەشكرێت دوو رێككەوتنی جیاواز بكەن، رێككەوتنێك بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی بەغداد و رێككەوتنێك بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێم.
بەشێوەیەكی گشتی ئەم پۆستانە لە عێراق پشكی كوردن:
1- سەرۆك كۆماری عێراق
2- جێگری سەرۆك وەزیران
3- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق
4- لانی كەم چوار پۆستی وزاری لە حكومەتی عێراق بە (وەزارەتی دارایی یان نەوت) ەوە
5- چەندین پۆستی باڵا لە بەڕێوەبەری گشتی و بریكاری وەزیر و باڵیۆزو دەستە سەربەخۆكان
لە هەرێمی كوردستانیش ژمارەیەك پۆستی باڵا هەن كە ئەگەر یەكێتی و پارتی بیانەوێت پێكەوە هاوپەیمانێتییەك دروستبكەن بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات دەبێت رێككەوتنیان لەسەر بكرێت.
پۆستەكانی هەرێمی كوردستان:
1- سەرۆكی هەرێمی كوردستان
2- سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان
3- سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و دەستەی سەرۆكایەتی
4- پۆستی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان
5- پۆستی بەرێوەبەرە گشتییەكان و سەرۆكی دەستە و راوێژكارەكان و نوێنەرایەتیەكانی هەرێم لە دەرەوە
ئەمە سەرەرای چۆنیەتی ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش كەرتی نەوت و بودجەو هێزی پێشمەرگە، كە لە رێكەوتنەكەدا دەبێت چۆنیەتی بەرێوەبردنیان دیاری بكرێت.
پۆستەكانی پارێزگای كەركوكیش كە لە ئێستادا ناوچەیەكی جێناكۆكەو یەكلانەبوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام پۆستەكانی ئەم پارێزگایە بەتایبەتیش پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ رێككەوتنی ئەمجارەی یەكێتی پارتی دەبێتە بەشێكی گرنگ.
بۆ رێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكان لەنێوان یەكێتی و پارتی چەند سیناریۆیەك باسدەكرێت:
سیناریۆی یەكەم/
پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك، دەستبەرداری پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ببێتەوە بۆ یەكێتی، ئەمە سیناریۆیەكی بەهێزە كە باس لە ئەگەری رودانی دەكرێت.
بەهۆی ئەوەی پارتی لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە كەركوك كشاوەتەوەو تەنانەت بەشداری هەڵبژاردنی 12ی ئایاری لەو پارێزگایە نەكرد، ئێستا دەیەوێت بە بە هێزییەوە بگەڕێتەوە بۆ كەركوك، ئەو بەهێزییەش بە پلەی یەكەم لەڕێگەی وەرگرتنی پۆستی پارێزگارەوە بەدی دێت، ئەگەر بەپێی ئەم سیناریۆیە و بە رێككەوتن یەكێتی دەستبەرداری پۆستی پارێزگاری كەركوك ببێت بۆ پارتی، پارتی كاندیدی خۆی دەبێت، بەڵام ئەگەر بەڕێككەوتن نەبێت و بە تەوافوق پارێزگاری كەركوك دابنرێت رەنگە پارتی پێشنیاز بۆ دانانەوەی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك بكات كە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كەركوكی بەجهێشتووە و لە هەولێر دادەنیشێت.
سیناریۆی دووەم/
ئەگەر یەكێتی دەستبەرداری پۆستی پارێزگاری كەركوك نەبێت بۆ پارتی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەوكات پێدەچێت پۆستی سەرۆك كۆمار هەر بدرێتەوە بە یەكێتی بەڵام پارتی مەرجی بۆ كاندیدی سەرۆك كۆمار هەبێت و كەسێك بۆ ئەو پۆستە دابنرێت كە دڵخوازی پارتیش بێت.
سیناریۆی سێیەم/
زیندوكردنەوەی رێككەوتنی پێشووی دابەشكردنی پۆستەكان بە هەندێك دەستكارییەوە، واتە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پارتی.
دووبارەكردنەوەی رێككەوتنەكەی پێشوو بە كۆمەڵێك دەستكارییەوە، پێویستی بەدابەشكردنی پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش هەیە، بەو پێیەی نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت لە پۆستی سەرۆكی حكومەت بمێنێتەوە رەنگە پێویست بكات یەكێتی جارێكی تر دەستبەرداری ئەو پۆستە ببێتەوە بۆ پارتی و لەبەرامبەردا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، ئەم سیناریۆیە ئەگەر بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە لەسەر حیسابی بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت و چیتر ئەو پۆستە (سەرۆكی پەرلەمان) بەدەست گۆڕانەوە نامێنێت.
ئەمە سیناریۆیەكی لاوازە، چونكە چیتر پارتی وەكو جاران چاوی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم نییە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا مەسعود بارزانی لەو پۆستە كشاوەتەوە، لە ئەگەری لاوازدا رەنگە بارزانی كاتێك بگەڕێتەوە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، ئەو پۆستە لە هەڵبژاردنێكی راستەوخۆی گشتیدا دەنگی لەسەر بدرێت و ركابەری بەهێز لە گۆڕەپانەكەدا نەبێت و تاڕادەیەك هاودەنگی یەكێتی لە پشت بێت، ئەگەرنا پێناچێت هیچ یەكێك لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بیانەوێت لەم قۆناغەدا لەسەر كورسی سەرۆكی هەرێم دابنیشن.
سیناریۆی چوارەم/
ئیمزاكردنی دوو رێككەوتن لەنێوان یەكێتی و پارتیدا، رێككەوتنێك بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی بەغداد و رێككەوتنێك بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێمی كوردستان.
هەموو ئەم سیناریۆیانە بە زیانی لایەنەكانی تری هەرێمی كوردستان بەتایبەتی (بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی) كۆتایی دێت و كوردستان جارێكی تر بەرەو دابەشكردنی دەسەڵات بەشێوەی 50+50 لەنێوان هەردوولا دەڕوات كە لەماوەی رابردوودا گلەیی زۆری هاتەسەر.