داهاتی هەولێرو دهۆك چۆن خەرج دەكرێت ؟
2022-08-31 15:38:13
(درەو):
مانگانە لە داهاتی ناوخۆی هەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆك بڕی (55 ملیار) دینار بۆ خەرجی سیادی دەڕوات، ئەمە بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان.
راپۆرتی پەرلەمانی چی دەڵێ ؟
ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەمساڵ كاتێك گرفتی نەمانی پارە لە بانكەكاندا بەتایبەتی بانكەكانی سنوری ئیدارەی سلێمانیدا دروستبووە، لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ (دەنگۆی دیارنەمانی پارە لە بانكەكان)دا، لیژنەیەكی بە سەرپەرەشتی پەرلەمانتار (بەڵێن ئیسماعیل) سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی دروستكردووە.
بانكە حكومییەكان لە هەرێم
راپۆرتی بەدواداچوونی ئەم لیژنەیە كە كۆپییەكی لەبەردەستی (درەو)دایە دەریدەخات:
• نزیكەی (92) بانكی حكومی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئەمانە كەمترین مەرجی بانكیان تێدایەو بەیەكەوە نەبەستراونەتەوە.
• لەسلێمانیو هەڵەبجە 33 بانكی حكومی هەیە.
• لەسنوری هەولێرو دهۆك 59 بانكی حكومی هەیە.
• 22 بانك لەسنوری پارێزگای هەولێرو دهۆك خراونەتە سەر سیستەمی (ICBS)، بەڵام لەسنوری سلێمانیو هەڵەبجە هیچ بانكێك نەخراوەتە سەر ئەم سیستەمە.
• سیستەمی (ICBS) كارئاسانی گەورە دەكات بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی دابەشكردنی موچەو ئەنجامدانی چاكسازی لە زۆر بواردا لەوانە: كەشفكردنی موچەخۆری بندیوار.
• لە هەرێمی كوردستاندا بەگشتی (هەزار) وەحدەی حسابیو (14) خەزێنەی گشتی هەیە.
خەرجی موچە لە هەولێرو دهۆك
بەگوێرەی راپۆستی لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان، كۆی پارەی تەرخانكراو بۆ موچە لەسنوری پارێزگای هەولێرو دهۆك بە ئیدارە سەربەخۆكانیشەوە مانگانە (560 ملیار) دینارە.
كۆی داهاتی ناوخۆ لە 2022دا لە هەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆك مانگانە بڕەكەی (250 ملیار) دینار بووە، لەم رێژەیە بڕی (55 ملیار) دیناری بۆ خەرجی سیادی رۆیشتووە.