داهاتی سلێمانی چۆن خەرج دەكرێت ؟
2022-08-31 13:07:13
(درەو):
مانگانە لە داهاتی سلێمانی خەرجی موچەی پەروەردەی كەركوك دابین دەكرێت كە بڕەكەی (6 ملیار) دینارە، هەمان بڕە پارە دەچێت بۆ ئاژانسی ئاسایش، ئەنجومەنی دادوەریش بڕی (ملیارو نیوێك) داهاتی مانگانەی سلێمانی دەبات.
راپۆرتی پەرلەمانی چی دەڵێ ؟
ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەمساڵ كاتێك گرفتی نەمانی پارە لە بانكەكاندا بەتایبەتی بانكەكانی سنوری ئیدارەی سلێمانیدا دروستبووە، لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ (دەنگۆی دیارنەمانی پارە لە بانكەكان)دا، لیژنەیەكی بە سەرپەرەشتی پەرلەمانتار (بەڵێن ئیسماعیل) سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی دروستكردووە.
بانكە حكومییەكان لە هەرێم
راپۆرتی بەدواداچوونی ئەم لیژنەیە كە كۆپییەكی لەبەردەستی (درەو)دایە دەریدەخات:
• نزیكەی (92) بانكی حكومی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئەمانە كەمترین مەرجی بانكیان تێدایەو بەیەكەوە نەبەستراونەتەوە.
• لەسلێمانیو هەڵەبجە 33 بانكی حكومی هەیە.
• لەسنوری هەولێرو دهۆك 59 باكی حكومی هەیە.
• 22 بانك لەسنوری پارێزگای هەولێرو دهۆك خراونەتە سەر سیستەمی (ICBS)، بەڵام لەسنوری سلێمانیو هەڵەبجە هیچ بانكێك نەخراوەتە سەر ئەم سیستەمە.
• سیستەمی (ICBS) كارئاسانی گەورە دەكات بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی دابەشكردنی موچەو ئەنجامدانی چاكسازی لە زۆر بواردا لەوانە: كەشفكردنی موچەخۆری بندیوار.
• لە هەرێمی كوردستاندا بەگشتی (هەزار) وەحدەی حسابیو (14) خەزێنەی گشتی هەیە.
داهاتی سلێمانی چۆن دابەشدەكرێت ؟
• كۆی پارەی تەرخانكراو بۆ موچە لە سنوری ئیدارەی سلێمانی (پارێزگای سلێمانیو هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكانی راپەڕینو گەرمیان) نزیكەی (360 ملیار) دیناری مانگانەیە.
• لە پارەی داهاتی سلێمانی كە بۆ موچە تەرخاندەكرێت پارەی هەریەكە لە (ئاژانسی ئاسایش- پەروەردەی كەركوك- ئەنجومەنی دادوەریی) دابین دەكرێت.
خەرجی موچەی موچەخۆرانی سلێمانی كە مانگانە (360 ملیار) دینارە، بەمشێوەیە دابەشبووە:
• (345 ملیار) دینار بۆ موچەی موچەخۆرانی سنورەكە
• نزیكەی (6 ملیار) دینار بۆ موچەی پەروەردەی كەركوك
• نزیكەی (6 ملیار) دینار بۆ ئاژانسی ئاسایش
• نزیكەی (ملیارێكو 500 ملیۆن) دینار بۆ ئەنجومەنی دادوەریی
• (15 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆی سلێمانی مانگانە بۆ خەرجی سیادی (سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتی پەرلەمانو سەرۆكایەتی حكومەت) دەڕوات