Draw Media

تارق عەزیز: لە 31ی ئابدا ئێمە نەمانهێشت یەكێتی هەولێر بگرێتەوە

تارق عەزیز: لە 31ی ئابدا ئێمە نەمانهێشت یەكێتی هەولێر بگرێتەوە

2022-08-31 06:02:30


شۆڕشنامە: 
تارق عەزیز كە لە (1992 - 2003) جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بووە، بەم جۆرە باس لە رووداوی (31/ئاب/1996) دەكات:
پرۆسەی هەولێر چییە؟ مەسعود بارزانی داوای لێكردین‌و وتی: هەولێر ئێستا كەوتۆتە ژێر دەستی ئێرانییەكان، ئێرانییەكان‌و جەلال كار بۆ لەناوبردنم دەكەن، من داوای پشتیوانیتان لێدەكەم. چوینە ناو هەولێرەوەو تاڵەبانی لێی دەرچوو، لە ئابی (1996)دا رادەستی پارتی دیموكراتی كوردستانمان كردو هێزە عێراقیەكان گەڕانەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان. جەلال تاڵەبانی پێیوابوو ئێمە دەچینە سلێمانییەوەو پەیوەندیی لەگەڵ ئێمە نەبوو، بەڵكو لە دوژمنایەتیەكی رەهادا بوو لەگەڵ ئێمە. كاتێك هێزەكانی مەسعود پێشڕەوییان كرد بەرەو سلێمانی، ئەوان بەبێ‌ شەڕ بەجێیانهێشت، گروپەكەی هەمووی كشاندەوەو بەرەو سنوری ئێران رۆیشتن، گروپەكەی مەسعود بارزانی بەبێ‌ شەر چوونە سلێمانییەوە. كۆمەڵێكی زۆر لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیانكرد بە قسەكردن لەبارەی ئەوەی كە ئەو پرۆسەیە ئەوان ئەنجامیان داوەو سوپای عێراق هیچ پەیوەندییەكی پێوە نەبووە، بەڵكو كاری سوپای گەورەی كوردستانەو لەو قسانە.
كاتێك جەلال تاڵەبانی دڵنیابوویەوە كە سوپای عێراق لە سلێمانی نییە، ووتی بۆچی من نەیگرمەوەو گەڕایەوەو بەبێ‌ شەڕ سلێمانی گرتەوە. كاتێك لە سنور گەڕایەوە مەسعود بارزانی هەڵات، هەروەها هەوڵیدا هەولێر بگرێتەوە، بەڵام ئێمە دەستوەردانمان كردو رێگەمان لێگرت، دەستوەردانی ئێمە راستەوخۆ نەبوو، بەڵام ئاماژەمان نارد ئەگەر بێتە ناو هەولێرەوە ئەوا لێیدەدەین‌و بۆیە جەلال لەوە تێگەیشت.
سەرەڕای دوژمنكاری ئەمەریكا لەسەر ئێمەو دەرهاویشتەكانی، بەڵام جەلال ئاستی هێزەكان‌و پێداگری ئێمەی دەزانی. دۆخەكە وەكو خۆی مایەوە، جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی‌و مەسعود بارزانی لە هەولێرو دهۆك. دوای ماوەیەك شەڕ لەنێوانیاندا روویدا، بەشێوەیەكی لێبڕاوانە دەستوەردانمان كردو هەردولامان بانگهێشتی بەغدا كرد، بەڵێ‌ هاتن بۆ بەغداو من چاوم پێیانكەوت. دوو وەفد هاتبوون، وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان. پێموتن: ئێمە ئەگەر خەڵكانێكی مەبدەئی‌و نیشتیمانپەروەر نەبووینایە ئەوا هانمان دەدان بۆ شەڕكردن‌و چەكمان بە هەر لایەكتان دەدا‌و وازمان لێدەهێنان شەڕ بكەن تاوەكو یەكترتان تەواو دەكرد، بەلام ئێوەمان داوەتكردوە چونكە ئێوە عێراقین. هەر عێراقیەك بكوژرێت ئێمە بەرپرسیارێتی هەڵدەگرین، چونكە ناچاردەبین چاودێری منداڵ‌و بێوەژنەكەی بكەین. شەڕ رابگرن چونكە ئەوە چارەسەر نییە، ئایا دەتانەوێت پێكەوە دابنیشن‌و چارەسەر بۆ كێشەكانتان بدۆزینەوە تاوەكو دەگەنە چارەسەرێكی نیشتیمانی گشتگیر، یان دەتانەوێت پێكەوە كۆببنەوەو ئێمە شوێنی كۆبونەوەتان بۆ دابین بكەین، هەروەها ئێمە ئامادەین داوەری لەنێوان هەردولاتاندا بكەین لەبری ئەوەی هێزی بیانی بێت. بەكرداری هێزی توركی هات بۆ ناوبژی لەنێوانیاندا، بەڵام ناوبژی نەكرد. جگەلە ئێمە كەسی تر ناتوانێت ئەوە بكات چونكە وڵات وڵاتی خۆمانەو ئێمە دەیناسین. گەیشتن بە ڕێكەوتنیان لەگەڵ ئێمەدا قبوڵ نەكردو مەرجی مەحاڵیان دانا، گەڕانەوەو رۆیشتن، بەڵام كاتێك مادلین ئۆڵبرایت بانگی كردن چون بۆ واشنتۆن.

* سەرچاوە: حمیدە نعنع: طارق عزیز.. رجل و قضیە، چاپی یەكەم، 2000، لاپەڕەكانی (161 و 162).

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand