Draw Media

عەدنان عوسمان: شكستمانهێنا لە ئیدارەدانی سلێمانیدا

عەدنان عوسمان: شكستمانهێنا لە ئیدارەدانی سلێمانیدا

2018-06-06 07:17:33


درەو میدیا/ دەنگی ئەمریكا 
 "جارێ دەبێت ئێمە خۆمان وەك گۆڕان لێكۆڵینەوە و لێپرسینەوەی ئەوە بكەین بۆچی ساختەكاریمان لێكرا لەهەڵبژاردنەكان؟! دواتر دەبێت بێین حساب و كتاب لەگەڵ یەكێتی بكەین من داوام لەجڤاتی نیشتمانی كردووە كە لێكۆڵینەوە لەگەڵ خانەی ڕاپەڕاندن و لیژنەی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان و هەموو ئەو بەرپرسانەی لە ئیدارەی خۆجێی سلێمانی و ژوورە پەیوەندیدارەكان بكرێت كەچۆن ئەم ساختەكارییەمان لێكرا و چۆن بەسەرماندا تێپەڕی؟! ئێمە پێشتر دەمانزانی ئەم حیزبانە ساختەكاری دەكەن بەڵام بۆچی گۆڕان ئەو ئامادەكاریەی نەكرد؟! بەڵام ئەوە جڤات دوو كۆبونەوەی كردووە من لەم دوو كۆبونەوەیە چاوەڕێ بوم ئەو دەستەیە پێكبهێنن بۆ هەڵسەنگاندنەكە وەڵامم بدەنەوە بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەكراوە ."ئەمە لێدوانی عەدنان عوسمان یەكێك لەهەڵسوڕاوە دیارەكانی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ دەنگی ئەمریكا، ئەو پێشی وایە دەبێت رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بگۆڕدرێن"ئەگەر گۆڕانكاری بكرێت دەبێت گۆڕانكاری بنەڕەتی بكرێت ئێمە قۆناغی دوای مردنی كاك نەوشیروانمان تێپەڕاند بۆیە دەبێت ئەوكەسەی هەڵدەبژێردرێت بۆ ڕێكخەری گشتی و (٣\٢) ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن لەدەرەوەی كەسایەتیە كۆن و مێژوویەكان بن دەبێت دەموچاوێكی تازە بێت و وەخانەی ڕاپەڕاندنیش دەبێت گۆڕانكاری بنەڕەتی تێدابكرێت لانی كەم (٣\٢)دەموچاوی نوێ و وزی تازە و دەموچاوی تازە بێت من پێم خۆش نیە باسی نەوەی كۆن و نوێ بكەم بەڵام ناكرێت هەموو دەسەڵاتەكان لە گۆڕاندا قۆرغی نەوەی كۆن و موحافزكار و تەقلیدی بن."
 
سەبارەت بە رۆڵ و پێگەی پارێزگاری سلێمانی لە رووداوەكاندا بەتایبەتیش لە ساختەكاریەكاندا عەدنان عوسمان پێی وایە "پارێزگاری ئێستای سلێمانی جیاوازی نیە لەگەڵ ئەوانەی پێشوترو  لەكاتی هێرشكردنە سەر مەكۆی گۆڕان و بردنی سندوقەكانی دەنگدان و ئەو ساختەكاریەی لەهەڵبژاردن كرا ئەگەر من لەبری پارێزگاری ئێستای سلێمانی بومایە یا قبوڵم نەدەكرد و هەموو ڕێكارێكی پێویستی یاسایم دەگرتە بەر وەك سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ، یادەسلەكاركێشانەوەم پێشكەش دەكرد  ئێمە هیچمان نەكردووە بۆ پارێزگای سلێمانی وە ئەزمونێكی سەركەوتومان نەبووە لە بەڕێوەبردنی سلێمانی، ئەزمونی ئێمە لە ئیدارەدانی سلێمانی ئەزمونێكی شكستخواردوو بوو، من یەكێكم لەوانەی داوای كشانەوەی گۆڕان لەحكومەتی خۆجێی سلێمانی دەكەم چونكە نوێنەرەكانی گۆڕان لە ئاستی ئەو چاوەڕوانیە نەبوون بەتایبەت پارێزگاری سلێمانی كەدەبوو كاری گەورەی بكردایە لەكاتی هێرشكردنە سەر گۆڕان و ساختەكردنی هەڵبژاردن و بردنی سندوقەكان،بۆیە من هیچ جیاوازییەك نابینم لەنێوان ئەو برپسانەی ئێمە(پارێزگاری سلێمانی) لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی پێشوتر سلێمانیان بەڕێوە بردووە بۆیە باشترین شت ئەوەیە گۆڕان بەشێك نەبێت لەم حكومەتە شكستخواردووە مادام نەیانتوانیوە ئەو بەرپرسارێتیە جێ بەجێ بكەن، وە باشترین شت ئەوەیە كە گۆڕان لەحكومەتی خۆجێی سلێمانی بكشێتەوە، چونكە من بەتەنها پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی یەكێتی ناكەم بەڵكو ئەدای لاوازی هەندێك لەبەرپسەكانی گۆڕان بەشێكە لەو دۆخەی ئێستا دروست بووە ."
سەبارەت بە چارەنووسی رێكەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتیش عەدنن عوسمان دەڵێت "ڕێكەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی كۆتایی هاتووە چونكە هەر لەسەرەتاوە تا ئێستا هیچ پابەندییك بەو ڕێكەوتنە نەبووە وە لەدیوی یەكێتیشدا هێشتا ئەو سەركردایەتیە نیە كە ئامادەی جێ بەجێكردنی ئەو ڕێكەوتنە بێت، بۆیە ئەو ڕێكەوتنە بە حوكمی كۆتایپێهێنراو دادەنرێت وە شتێك نیە لە ئێستادا لەنێوان گۆڕان و یەكێتی لەسەر بنەمای ئەو ڕێكەوتنە بێت، هەر ئەو كاتەی یەكێتی پشتی لەگۆڕان كرد و لەگەڵ پارتی ڕێكەوت بەتایبەت دوای بەشداریكردنی یەكێتی لە لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم لەكاتێكدا بەپێی ڕێكەوتنەكە دەڵێت دەبێت لەڕێگای پەرلەمانەوە بێت بۆیە هیچ بڕگە و بەندێكی ئەو ڕێكەوتنە جێ بەجێ نەكراوە، ڕێكەوتنەكە پێش هەڵبژاردن و هێرشكردنە سەر گۆڕان كۆتایی هاتبوو ڕۆحی بەبەرەوە نەمابوو پێش هێرشەكەیان بۆسەر مەكۆی یەكێتی هێرشی ساختەكاری لەلایەن چەند سەركردایەتیەكی یەكێتیەوە درا كەبڕیاریان دا دەنگەكانی گۆڕان بۆخۆیان ببەن و دەنگەكانی خۆشیان بدەن بە گۆڕان، ڕەنگە لەچەند ڕۆژی داهاتوودا ئەگەر ئەنجامەكان بەتەواوی ڕابگەیەنرێت وە گوێ لەسكاڵای لایەنەكان نەگیرێت ئەوا ڕەنگە پەیوەندییەكان بگاتە ئاستی زۆر خراپ و مەترسیدار."

دەقی چاوپێكەوتنەكە بۆ دەنگی ئەمریكا 

https://www.dengiamerika.com/a/kurdistan/4426537.html

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand