"مەلا زاهیر" دەستگیركرا
2022-08-20 09:58:24
(درەو):
خاوەنی گرێبەستی بەكرێگرتنی گەراجەكانو عەریزەی ئەلیكترۆنیی هاتوچۆی سلێمانی یەكێك لەو كەسانەیە كە لە هەڵمەتە ئەمنییەكەی بافڵ تاڵەبانیدا دەستگیركراوە، مەلا زاهیر چەندین وێنەی لەگەڵ بەرپرسی ئیدارەی گشتی یەكێتی هەیە.
(زاهیر تاهیر مەجید) ناسراو بە "مەلا زاهیر" یاخو "مەلا زاهیر" یەكێك لەو كەسانەیە كە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو لە هەڵمەتێكی هێزەكانی (كۆماندۆ)دا لە سلێمانی دەستگیركراوە.
"شێخ زاهیر" خاوەنی زەویو گەراجەكانی هاتوچۆی سلێمانییە، جگە لەمە گرێبەستی (عەریزەی ئەلیكترۆنی) بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی سلێمانی دراوە بەم پیاوە.
دوێنێ بەڕێوەبەرایەی گشتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، بەبڕیاری دادوەر (5) بازرگانو دەڵاڵ كە بەڕێكاری نایاسایی مامەڵەیان بە زەویو زارو موڵكی گشتییەوە كردووە، دەستگیركراون.
سەرچاوەیەك لە هاتوچۆی سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە كاتژمێر (12:45) خولەك هێزەكانی كۆماندۆ لە گەراجەكانی هاتوچۆی سلێمانی "شێخ زاهیر" ناسراو بە "مەلا زاهیر"یان دەستگیركردووە، ئەمە لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدایە كە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی دەستیپێكردووە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، "شێخ زاهیر خاوەنی گەراجەكانی هاتوچۆی سلێمانیو عەریزەنوسرەكانو عەریزەی ئەلكترۆنییە، ئەم پیاوە شەریكی ئیدارەی گشتیی یەكێتییەو نزیكە لە ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای یەكێتییەوە، چەندین وێنەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لەگەڵ (شێخ ئەحمەدی نۆكان) بڵاوكردوەتەوە كە ئەندامی مەكتەبی سیاسیو بەرپرسی ئیدارەی گشتیی یەكێتییە، چەندین وێنەشی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیشدا هەیە.
زاهیر تاهیر چەمچەماڵی یاخود "شێخ زاهیر" ساڵی ساڵی 2017 لە زیادكردنێكی ئاشكرادا بەكرێگرتنی گەراجی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بۆ دەرچووە، ئەوانەی لەكاتی خۆیدا ئاگاداری ئەو زیادكردنە ئاشكرایە بوونو دەڵێن هەر لە بنەڕەتەوە بە پاڵپشتی ئیدارەی گشتیی یەكێتی زیادكردنەكە بۆ "شێخ زاهیر"و كەسێكی تر قۆرخكراوەو مەرجەكانی گرێبەستەكەشیان وەكو خۆی جێبەجێ نەكردووە.