داوادەكرێت رێككەوتن لەگەڵ بەرهەم ساڵح بكرێت
2018-06-05 22:03:13
(درەو میدیا):
ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان پێشنیازدەكات بزوتنەوەكەی ئەو رێككەوتنە سیاسییەی كە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كردی و جێبەجێ نەكرا، بگوازێتەوە بۆ بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری.
لە وتارێكدا كە لەژێر ناوی " یەكبون نەك لەتبون " نوسیویەتی و بۆ (درەو میدیا)ی ناردووە، عەبدولڕەزاق شەریف ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێ: ئەو رێككەوتنەی كە حەڤدەی ئەپرێل لە نێوان گۆڕان و یەكێتی ئیمزا كرا "دوا وێستگەی ژیانی سیاسی نەوشیروان مستەفا بو.. بەنرخترین میراتی نەوشیروان مستەفایە و مەیدانێكی فراوان و گرنگی بزوتنەوەكەشە، كە دەتوانێ بێ ئافات، جوڵەی سیاسی تیا بكات".
لە بەشێكی تری وتارەكەیدا عەبدولڕەزاق شەریف نوسیویەتی: عیبرەت وەرنەگرتنی یەكێتی لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە، هیچ لە بەهای ئامانج و بیری سیاسی و ناوەڕۆكی پرۆژەكە كەمناكاتەوە.
وەك ئاماژەیەك بۆ بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، دەڵێ" لە پشكی یەكێتی و یەكێك لە كارەكتەرە سەرەكییەكانی سەركردایەتی هاوبەش "كە تەنیا خاڵی جێبەجێكراوی رێككەوتنەكە بو" ئێستا رێبەرایەتی رێكخراوێك لە دەرەوەی یەكێتی دەكا، كۆڵەكەیەكی پتەوی بەرنامەی سیاسی هاوبەشی ئەندێشەی ئەپرێل و پرۆژە نوستوەكەیە، پلان و بەرنامەی بێگرێوگۆڵیشی بۆ جێبەجێكردنی هەیە".
لە كۆتایی نوسینەكەیدا ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوە گۆڕان باسلەوەدەكات، ئەركی پەلەی ئەم سەروەختەی پێكەوەیی بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح، پێداچونەوە، بوژاندنەوە و جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی حەڤدەی ئەپرێلە، كە بە بۆچونی ئەو زیندوكردنەوەی ئەو رێككەوتنە "شەپۆل و تەوژمێكی گەورە لە گۆمی وەستاوی پرۆسەی سیاسی هەرێمدا، دروستدەكات و ئاسۆی تاریكی تونێلەكەش روناك دەكاتەوە".
بەر لە دوو ساڵ و بەدیاریكراوی لە رۆژی 17-5-2016 یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بە ئامادەبوونی هەردوو كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا رێككەوتنێكی سیاسییان ئیمزا كرد، نزیكەی ساڵێك و حەوت مانگ دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە، بەهۆی جێبەجێنەكردنی بەندەكانییەوە، بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی سڕكرد، بەڵام هێشتا رێككەوتنەكە هاوشێوەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان یەكێتی و پارتی بەشێوەیەكی فەرمی هەڵنەوەشاوەتەوە.
پارتی دیموكراتی كوردستان تاكە لایەن بوو دژی رێككەوتنە سیاسییەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕان بوو، لەوبارەیەوە لە وتارەكەیدا عەبدولڕەزاق شەریف بە ئاماژەكردن بە تێكچونی پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەو ئەگەری رێككەوتنی نێوان گۆڕان و هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح دەڵێ" ئەگەر پارتی ئاهێكی وەبەردا، هاتبێتەوە، زەحمەتە ئەمجارە هەمان سیناریۆ لەدژی ئەو رێككەوتنە دوبارە بكاتەوە".