Draw Media

پاشەکشەی کارگە پیشەسازییەکانی کەرتی گشتی لە عێراق

پاشەکشەی کارگە پیشەسازییەکانی کەرتی گشتی لە عێراق

2022-08-11 10:21:17


درەو:

 
لەدوای ساڵی (2003)ەوە، کەرتی گشتی پیشەسازی لە عێراق ڕووی لە پاشەکشەیەو لە کۆی (466) کارگەی حکومی (312) کارگەیان بە ڕێژەی (67%) لە کارکردن بەردەوامن و (154) کارگەیان بە ڕێژەی (33%) کارناکەن و هیچ بەرهەمێکی پیشەسازییان نیە.
لە کاتێکدا خەرجی گشتی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق لە ماوەی ساڵانی (2015 - 2021)  زیاتر لە (7 ترلیۆن و 18 ملیار) دینار بووە، لەو بڕەش تەنها نزیکەی (780 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (11%) لە بواری وەبەرهێنان لە کەرتی گشتی پیشەسازی بە خەرج دراوە.


یەکەم؛ ژمارەو ڕێژەی کارگە پیشەسازییەکانی کەرتی گشتی لە عێراق
بەشێوەیەکی گشتی کەرتی پیشەسازی ڕەگەزێکی گرنگ و پایەیەکی بنەڕەتی ئابوری هەر دەوڵەتێکە، زۆرینەی وڵاتن بۆ بەهێزکردنی ئابورییەکەیان پشت بە کەرتی پیشەسازی دەبەستن تەنانەت ئەگەر کەرەستەی خاویش لە ناوخۆی وڵاتدا بەردەست نەبێت و لە دەرەوەی خۆیان هاوردەی بکەن. 
بە پێی داتاکان (لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی) نزیکەی (18 هەزار) پرۆژەی پیشەسازی لە عێراق بە هۆکاری جۆراو جۆر لە کارکردن وەستاون و هیچ بەرهەمێکیان نیە، لە کاتێکدا پێش ساڵی (2003) کەرتی پیشەسازی لە عێراق (23%) کۆی گشتی قەبارەی بەرهەمی ناوخۆیی پێکهێناوە .
لەدوای ساڵی (2003)ەوە، کەرتی گشتی پیشەسازی لە عێراق ڕووی لە پاشەکشەیەو لە کۆی (466) کارگەو کارخانەی حکومی لە سەرجەم کەرتەکانی (میکانیک، کارەبا، کەرەستە کیمیاییەکان، پەین، بیناسازی، خۆراک و دەرمان و جل و بەرگ)، (312) کارگەیان بە ڕێژەی (67%) لە کارکردن بەردەوامن و (154) کارگەیان بە ڕێژەی (33%) کارناکەن و هیچ بەرهەمێکی پیشەسازییان نیە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (1))

خشتەو چارتی ژمارە (1)
ژمارەو ڕێژەی کارگە پیشەسازییەکانی کەرتی گشتی لە عێراق


دووەم؛ پاڵپشتی دارایی حکومەتی عێراق بۆ کەرتی گشتی پیشەسازی (2015 – 2021)
بەپێی یاساکانی بودجەی گشتی عێراق لە ساڵەکانی (2015، 2016، 2017، 2018، 2019، 2021)، بودجەیەکی پێشومار بۆ وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق تەرخان کراوە، بە جۆرێک بۆ هەردوو بودجەی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان) بەپێی یاساکان بەبێ ساڵی (2020) بریتی بووە لە بڕی (6 ترلیۆن و 364 ملیار و 972 ملیۆن و 909 هەزار) دینار.
لە کاتێکدا خەرجی و مەسروفاتی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق لە ماوەی ساڵانی (2015 - 2021)  بەهەردوو جۆری خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان) بریتی بووە لە (7 ترلیۆن و 18 ملیار و 504 ملیۆن و 211 هەزار) دینار، لەو بڕەش (6 ترلیۆن و 238 ملیار و 743 ملیۆن و 180 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (89%) چووە بۆ خەرجی بەگەڕخستن و تەنها بڕی (779 ملیار و 761 ملیۆن و 31 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (11%) لە بواری وەبەرهێنان لە کەرتی گشتی پیشەسازی بە خەرج دراوە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەی ژمارە (2))
خشتەی ژمارە (2)
پاڵپشتی دارایی حکومەتی عێراق بۆ کەرتی گشتی پیشەسازی (2015 – 2021)


سەرچاوە؛ د.دعاء فلاح رزاق، عدد المصانع المتوقفة والعاملة في العراق و التخصيصات المالية، للوزارة الصناعة و المعادن في الموازنة العامة للسنوات (2015 - 2021)، مجلس النواب، دائرة البحوث، قسم البحوث والدراسات النيابية، مارس 2022.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand