بافڵ تاڵەبانی: چارەسەری نەكەن؛ لە حكومەت دەكشێینەوە
2022-08-10 12:17:19
(درەو):
"لەكاتی گەڕانەوەمدا لە هەولێر دوای دیدارەكەم لەگەڵ بارزانی، ویستیان فڕۆكەكەم بخەنەخوارەوەو بمكوژن" بافڵ تاڵەبانی بەمشێوەیە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم قسەی كردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو كۆبونەوەكە دەست (درەو) كەوتووە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم لە هەولێر، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی هەڕەشەی كشانەوەی كردووە لە حكومەت، ئەگەر كێشەی خۆڵو خاشاك و دەرماڵەو نەخۆشخانەكانی سنوری سلێمانی چارەسەر نەكرێت، باسی لەوەكردووە چەند مانگێكە یەكێتی لەبری حكومەت خەرجی ئەو بوارانە دابین دەكات.
(درەو) زانیویەتی، بافڵ تاڵەبانی لەبەردەم كەسی یەكەمی حزبەكانو نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان باسی دواین دیداری خۆی لەگەڵ بارزانی كردووە كە رۆژی 4ی ئەم مانگە لە پیرمام بەڕێوەچوو، لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكردووە" ئەوە دیداری نێوان سەرۆكی یەكێتییو سەرۆكی هەموو كورد بووە، چونكە ئەو بارزانی بە سەرۆكی هەموو كورد دادەنێت".
سەرباری ستایشكردنی بارزانی، بافڵ تاڵەبانی نیگەرانی خۆی بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمیو نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكانو سەرۆكی حزبەكان گەیاندووەو باسی لەوەكردووە" دوای دیدارەكەی لەگەڵ بارزانی، لەكاتی گەڕانەوەیدا لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی، كەسێكی جاش بە چەكی قەناس چاودێری هێلیكۆپتەرەكەی كردووەو ویستویەتی فڕۆكەكەی بخاتەخوارەوەو بیكوژێت".
ئەم قسە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمو جێگری سەرۆكی پارتی توڕەكردووەو داوای لە بافڵ تاڵەبانی كردووە ناوی ئەو كەسەی پێبدات كە هەوڵیداوە تەقە لە فڕۆكەكەی بكات، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بافڵ تاڵەبانی لەسەر پارچە كاغەزێك ناوی كەسەكەی بۆ نێچیرڤان بارزانی نوسیوە.
ناكۆكی پارتیو یەكێتی لە كۆبونەوەكەداو لەبەرچاوی جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان، سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی نیگەران كردووە، هەریەكە لە سەلاحەدین محەمەد بەهادینو عەلی باپیرو محەمەد حاجی مەحمود وتویانە دەبوو ناكۆكی پارتیو یەكێتی لەم كۆبونەوەیەدا قسەی لەسەر نەكرایەو پێشتر یەكلابكرایەتەوە.
نیگەرانییەكان لە ناكۆكی نێوان پارتیو یەكێتی گەیشتوەتە ئاستێك، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، خاتوو جینین پلاسخارت لە كۆبونەوەكەدا رایگەیاندووە" من چیتر بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی تری لایەنە سیاسییەكانی هەرێم ناكەم كە بەمشێوەیە بەبێ ئەنجام كۆتایی بێت"، بەڵام نێچیرڤان بارزانی داوای لە پلاسخارت كردووە كۆبونەوەكان بەجێنەهێڵێت، پلاسخارت بەمەرجی ئەوەی لە كۆبونەوەی مانگی ئەیلولی داهاتوودا رۆژی هەڵبژاردن دیاری بكرێتو هەموو كێشەكان یەكلابكرێتەوە، ئامادەیی نیشانداوە بەشداری كۆبونەوەی داهاتووی لایەنەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم بكات.